
لایەنە چەپەکانی کوردستان قەیرانە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پرسی پەکخستنی پەرلەمان و دامەزراوەکان و هەروەها لێکەوتە خراپەکانی ئەم دۆخە لەسەر بژێوی و ژیانی هاووڵاتیان بە وردی تاوتوێ دەکەن.
ڕۆژی دووشەممە، هەر سێ لایەنی چەپی کوردستانی لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەشدا بارودۆخی سیاسی هەرێم و عێراقیان تاوتوێ کرد و جەختیان لەسەر چۆنییەتی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر ناوچەکە کردەوە.
لەو کۆبوونەوەکەدا، کە لە بارەگای مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستان و لە هەولێر، بەڕێوەچوو، تیشک خرایە سەر قەیرانە ناوخۆییەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەت پرسی پەکخستنی پەرلەمان و دامەزراوەکانی تر، هەروەها لێکەوتە خراپەکانی ئەم دۆخە لەسەر بژێوی و ژیانی هاووڵاتیان بە وردی باس کرا
لە پێوەندیی بە هێرشەکانی ئێران و بۆ پشتیوانی لە پەنابەرانی ڕۆژهەڵات بڕیارە هەر سێ لایەن، چالاکیی جەماوەری ئەنجام بدەن.هەروەها ئامادەکاری بۆ پێشوازی لە ۱ی ئایار ڕۆژی جیهانیی کرێکاران دەکەن.
تەوەرێکی تری گفتوگۆکان تەرخانکرا بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەر سێ لایەنەکە و کاراکردنی لێژنەی کاری هاوبەش. لەم چوارچێوەیەشدا، ئامادەبووان چەندین ڕاسپاردە و بڕیاری نوێیان بۆ قۆناغی داهاتوو دەرکرد بە مەبەستی پەرەپێدانی هەماهەنگییەکانیان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، کە بە بەشداری سکرتێر، جێگر و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سکرتاریای لێژنەی کاری هاوبەش بەڕێوەچوو، ئەندامانی بەشداربوو ڕا و سەرنجەکانی خۆیان لەسەر کۆی پرسەکان خستە ڕوو.
