
🔻١٩٠ هەزار تۆن گەنم لە سایلۆکان وەرگیراوە
🔻سیستەمی ئەلیکترۆنی ڕێگری لە گەندەڵی دەکات
کەرکوک – ڕێگای کوردستان
لە ڕۆژی ١ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ـەوە پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی پارێزگای کەرکوک بە شێوەیەکی چڕ دەستی پێکردووە و بەردەوامە.
ئامار و داتاکانی وەرگرتنی گەنم
بەپێی زانیارییەکانی ڕێگای کوردستان، پرۆسەکە بە شێوەیەکی خێرا بەڕێوەدەچێت، بەجۆرێک لە ماوەی تەنها ١١ ڕۆژی سەرەتای دەستپێکردنی وەرزەکەدا، هەر چوار سایلۆی (کەرکوک، تازە، حەویجە، ڕیاز) بە کۆی گشتی بڕی ١٩٠ هەزار تۆن گەنمیان وەرگرتووە.
بەپێی زانیاریەکان، ڕۆژانە لەنێوان ١٥ هەزار بۆ ١٨ هەزار تۆن گەنم لە هەر چوار سایلۆکەدا وەردەگیرێت، سایلۆی کەرکوک بەتەنها پشکی شێری بەردەکەوێت، بەجۆرێک ڕۆژانە توانای وەرگرتنی ٤ هەزار بۆ ٦ هەزار تۆن گەنمی هەیە.
هەر بەپێی زانیاریەکانی ڕێگای کوردستان ڕۆژانە پێشوازی لە ٤٥٠ ئۆتۆمبیلی بارهەڵگر دەکرێت کە ١٥٠ ئۆتۆمبیلیان تایبەتە بە سایلۆی کەرکوک و زۆربەی ئەم بارهەڵگرانە توانای گواستنەوەی ٤٠ بۆ ٥٠ تۆن گەنمیان هەیە.
بەپێی زانیارییەکان، ڕۆژانە لە کاتژمێر ٥ی بەیانییەوە تا درەنگانی ئێوارە بەبێ پشوودان بەڕێوبەرو فەرمانبەرانی سایلۆکان لە پێشوازی جووتیارانی سنوورەکەدان و کارئاسانی تەواویان بۆ دەکەن.
هەرچەندە لە ئێستادا کار بە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەکرێت بە شێوەیەکی باش سیستەمێکی سەرکەوتووە، بەڵام هەوڵێکی بەردەوام هەیە بۆ تێکدانی سیستەمی ئەلیکترۆنی وەرگرتنی گەنم. بەپێی زانیارییەکانی ڕێگای کوردستان، هەندێک لایەن و بەشێک لە بەرپرسانی کشتوکاڵی کەرکوک هەوڵدەدەن ئەم سیستەمە شکستپێبهێنن.
سەبارەت بەم بابەتە، سەرچاوە ئاگادارەکان جەختدەکەنەوە کە،
١. سیستەمەکە تا ئێستا بە تەواوی سەرکەوتوو بووە لە ڕێکخستنی پرۆسەکە.
٢. ئەو لایەنانەی دژایەتی سیستەمەکە دەکەن، بەرژەوەندی تایبەتییان لە شکستهێنانی هەیە، چونکە سیستەمەکە دەرفەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی دەستوەردانی نایاسایی نەهێشتووە.
٣. بەهیچ جۆرێک بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سیستەمەکە لە ئارادا نییە، چونکە ئەم سیستەمە بە ئامانجی پاراستنی مافی جووتیاران و کارئاسانی بۆ کارەکانیان دانراوە و بووەتە مایەی ڕەزامەندی جووتیاران.
پرۆسەی وەرگرتنی گەنم بەردەوامە و پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی داهاتوودا ئامارەکانی وەرگرتن بەرزتر ببنەوە، لە کاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ڕێگە بە هیچ جۆرە دەستوەردانێک نادەن بۆ تێکدانی ئەم پرۆسە گرنگە نیشتمانییە.
