
ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی ئامارێکی لەبارەی ژمارەی ئەو کرێکارانە بڵاوکردەوە کە لەکاتی کارکردن گیانیان لە دەستداوە.
بەپێی ئامارەکە، تەنها لە نێوان 1ی کانونی دووەم تا ناوەڕاستی نیسانی 2026، 25 کرێکار لە کاتی کارکردندا گیانیانلەدەستداوە.
ڕێکخراوەکە ڕونیکردووەتەوە، زۆربەی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی کەوتنی بەرزایی، تەزووی کارەبا، تەقینەوەی گاز و داڕمانی زەوی تەلارو باڵەخانەکانەوە بووە.
هەروەها ئاماژەی پێکردووە، کەرتی بیناسازی و ساختسازی مەترسیدارترین کەرت بووە و زۆرترین ڕێژەی قوربانیانی تێدا تۆمارکراوە.
ڕێکخراوەکە هۆکاری سەرەکی بۆ نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی پیشەیی و نەبوونی چاودێری ورد لەسەر پڕۆژەکان و نەبوونی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ کرێکاران دەگەڕێنێتەوە.
ڕێکخراوی ئاشتی و ئازادی جەخت لەسەر پێویستی جێبەجێکردنی یاساکانی کار و چاودێری توندتر لەسەر شوێنەکانی کار دەکاتەوە بۆ کەمکردنەوەی ئەم ڕێژە بەرزەی گیانلەدەستدان.
