
لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریادا، کورد توانی ٨ کورسی لە ٢١٠ کورسی پەرلەمان بەدەستبهێنێت. چاوەڕوان دەکرێت لەو کورسییانەی لەلایەن سەرۆکایەتی سوریاوە دیاری دەکرێن، کەسایەتی کوردی دیکەشیان تێدا بێت.
ئەم هەڵبژاردنە بەپێی یاسایەکی نوێ بەڕێوەچوو کە تێیدا لە پارێزگەی حەسەکە تەنیا ٢١٠ کەس مافی دەنگدانیان هەبوو. یاسا نوێیەکەی هەڵبژاردن کە لەلایەن ئەحمەد شەرعەوە سەرۆکی قۆناخی راگوزەری سوریا پێشتر بە بڕیار دەرچووبوو، بووەتە هۆی ئەوەی هەموو کەس نەتوانێ راستەوخۆ دەنگ بدات، لە نێو ئەو دەنگدەرانەی لە حەسەکە بەشدارییان کردووە.
لە کۆبانێ، دێرک و حەسەکە؛ سێ بەربژێری کورد سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکاندا بەدەستهێنا. لە شاری کۆبانێ فەرهاد شاهین وەک بەربژێری کورد لەسەر لیستی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردی لە سووریا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
هاوکات لە دەڤەری دێرک کێبڕکێیەکی بەهێز لە نێوان پێکهاتەکاندا هەبووە و ئەحمەد موراد وەک بەربژێری کورد توانیویەتی دەنگی پێویست بەدەستبهێنێت.
لەلایەکی دیکەوە لە شاری حەسەکە، فەسلا یوسف، ئەو ژنە سیاسەتڤانەی کوردەی کە لە ساڵی ١٩٨٧ەوە خەریکی کاری سیاسییە، توانیویەتی ٨٦ دەنگ بەدەستبهێنێت و کورسییەک مسۆگەر بکات.
بەپێی ئەنجامەکان، نوێنەرانی کورد بەسەر شارەکاندا بەم شێوەیە دابەش بوون: لە حەسەکە ١ کورسی، قامشلۆ ٢ کورسی، دێرک ١ کورسی، کۆبانی ١ کورسی و لە عەفرینیش کە پێشتر هەڵبژاردن تێیدا بەڕێوەچووبوو، ٣ کورسی.
پەرلەمانی سوریا لە ٢١٠ کورسی پێکدێت؛ ١٤٠ کورسییان لەڕێگەی دەنگدانەوە یەکلا دەکرێنەوە و ٧٠ کورسییەکەی دیکەش بە شێوەیەکی راستەوخۆ لەلایەن سەرۆکایەتیی سوریاوە دیاری دەکرێن، کە چاوەڕوان دەکرێت لە کاتی راگەیاندنی ناوەکاندا، کەسایەتیی کوردی دیکەشیان تێدا بێت.
