
ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە وەرچەرخانێکی ستراتیژی زۆر هەستیاردایە، کە تێیدا هەوڵە دیپلۆماسییە چڕەکان لەگەڵ پەرەسەندنی خێرای مەیدانی لە ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەکاندا تێکەڵ بوونە.
ئێران ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە ڕێگەی داواکاری لەڕادەبەدەرەوە ڕێگری لەو دانوستانانە دەکات کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بە شەڕەکە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گۆڕانکاری لە خشتەی کارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشبینییەکانی دەستپێکردنەوەی شەڕی لێکەوتووەتەوە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، باسی لە هەڵوێستی دژبەیەک و داواکاری لەڕادەبەدەر لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە کرد.
لە تاران، عاسم مونیر، فەرماندەی سوپای پاکستان، لەگەڵ عێراقچی وەزیری دەرەوەو مەسعوود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار، و محەمەد باقر قاڵیباف، سەرۆکی پەرلەمان و باڵاترین دانوستانکار، کۆبووەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو نێوەندگیرییەی کە ئیسلام ئاباد بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕەکە ئەنجامی دەدات.
قاڵیباف بە فەرماندەی سوپای پاکستانی ڕاگەیاندووە کە ئێران سازش لەسەر مافەکانی گەل و وڵاتەکەی ناکات. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە کە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە ماوەی ئاگربەستەکەدا تواناکانی خۆیان سەرلەنوێ بنیات ناوەتەوە و ئەگەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا شەڕەکە دەستپێبکاتەوە، ئەوا لێکەوتەکان وێرانکەرتر دەبن.
هاوکات، ماڵپەڕی ئەکسیۆس و تۆڕی سی بی ئێس بڵاویانکردەوە، کە حکومەتی ئەمریکا تاوتوێی وەشاندنی هێرشی نوێ بۆ سەر ئێران دەکات، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێک نەدراوە.
