
ڕێگای کوردستان
دوای ٤٠ ڕۆژ لە جەنگێکی وێرانکەر کە ناوچەکە و جیهانی ماندوو کرد، ئاگربەستێکی ١٥ ڕۆژە ڕاگەیەندرا.
ئەگەر ئەم هەنگاوە ببێتە بنەمای ڕێکەوتنێکی کۆتایی، ئەوا نەخشەی سیاسی ناوچەکە گۆڕانکاریی جۆریی بەسەردا دێت.
ئێران لەم جەنگەدا ژێرخانە سەربازییەکەی وێران بوو و زۆربەی سەرکردە باڵاکانی لەدەستدا، بەڵام مانەوەی دەسەڵاتەکەی وەک خۆی، بە خاڵێکی وەرچەرخان دادەنرێت.
لە بەرامبەردا، ئەمریکا کە نەیتوانی ئامانجی ڕوخاندنی ڕژێمی تاران بپێکێت و لە ئێستادا ڕووبەڕووی جۆرێک لە شکانی شکۆی سەربازی بووەتەوە.
ئیسرائیلیش کە هیوای دەخواست بۆ هەمیشە لە مەترسییەکانی ئێران ڕزگاری بێت، نەک هەر ئامانجەکەی لەلایەن واشنتۆنەوە لەگۆڕ نرا، بەڵکو بەهۆی وێرانکارییە گەورەکان و هەزاران کوژراو و بریندارەوە، باجێکی قورسی دا.
هاوکات، وڵاتانی کەنداو کە چاوەڕێی کۆتاییهاتنی هەژموونی ئێرانیان دەکرد، ئێستا لەبەردەم مۆتەکەیەکی گەورەتردان، چونکە تاران سەرەڕای برینەکانی، وەک هێزێکی بەردەوام لە گۆڕەپانەکەدا مایەوە.
ئێستا جیهان بە نیگەرانییەوە چاوەڕێی کۆتایی ئەم ١٥ ڕۆژە دەکات تا بزانرێت ئاراستەی ڕووداوەکان بەرەو کام کەنار دەچن.