نووسەران و ڕۆشنبیران : بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕینن و نوسین بەمەترسی دەزانن بۆ سەر کۆمەڵگا 

*ئەوەی ئێستا دەیبینین لەسەر  سکاڵا کردن لەدوو نووسەر ،  شتێکی زۆر مەترسیدارە

* فشارەکان بۆسەر نوسەران، هەوڵێکە بۆ دەمکووتکردنی دەنگی ئازادیخواز و ڕەوتی ڕەخنەگری لە پێناو دەرخستنی ڕاستیەکاندا، 

ڕێگای کوردستان 

• تەنیا مەترسی نیە بۆسەر نووسەران کەسانی خاوەن ڕاوسەرنجی جیاواز بەڵکو کاتێک ڕێگری لە بیرکردنەوەی ئازاد دەکرێت، کۆمەڵگە بەرەو چەقبەستوویی و پاشەکشە دەچێت و کوشتنی داهێنان. شاردنەوەی ڕاستییەکان. دەبێتە هۆکاری ئیفلیج بوونی بزوتنەوەی ڕۆشنگەری و هەنگاوەکانی بەرەو پێشچوون 

هەوڵی بەرتەسککردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین لەهەرێمی کوردستان و تۆمارکردنی سکاڵاو فشار دوای ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان، نوسەرانیشی گرتۆتەوە ، لەدرێژەی ئەم جۆرە هەوڵەدا ئێستا  فشارەکان بۆ سەر هەردوو نوسەر و خاوەن فیکری جیاواز د . یونس ڕاوی و حمە سەعید حەسەن و تۆمارکردنی سکاڵا و فشاری جیاجیا  بۆ دەمکووتکردنی دەنگی ئازادیخواز و ڕەوتی ڕەخنەگر و بەرتەسککردنەوەی ئازادیی فیکر و نووسین لە پێناو دەرخستنی ڕاستیەکاندا ، بوەتە دیاردە و ئەمەش نوسەران و ڕۆشنبیرانی نیگەرانن کردوەو پێیان وایە ئەمە مەترسییەکی کوشندەیە بۆ سەر کۆی جەستەی کۆمەڵگە و داهاتووی ئازادی ڕادەربڕین 

لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا، هەردوو نوسەری دیاری کورد، یونس ڕاوی و حمەسەعید حەسەن، لەلایەن دادگاوە سکاڵایان لەسەر تۆمارکراوە،بەهۆی وتارەکانیانەوە و چەند جارێک نامەی دادگایان بۆ ڕۆیشتووە بۆ ئەوەی ئامادە بن لەبەردەم دادگا،  حەمە سەعید حەسەن، دەڵێت:  نووسینەكانم ئاشكران و دیالۆگی فكریش لەگەڵ ئەوانەی لەگەڵ من جیاوازن ناچنە خانەی هەراسان و ناوزڕاندن، بەڵام دیارە لایەنێكی ئیسلامی دەیەوێ بەم داوا یاساییانە شكستەکانی لەهەڵبژاردندا داپۆشێت" 

عوسمان محەمەد نووسەر و ڕۆشنبیر، سەبارەت بەتۆمارکردنی سکاڵا لەسەر ئەو دوو نووسەرە ، بۆ ڕێگای کوردستان وتی : ئازادی فیکر و ڕادەربڕین لە مەترسیدایە ،بە دڵنیایەوە ئەو فشارانەی کە بۆ سەر یونس ڕاوی و حەمە سەعید حەسەن پرۆسەیەکی ڕێکخراوە،  هەوڵێکە بۆ دەمکووتکردنی دەنگی ئازادیخواز و ڕەوتی ڕەخنەگری لە پێناو دەرخستنی ڕاستیەکاندا،  ئەمە سەرکوتی تەواوی ئازادی سیاسی مافی ڕەخنە گرتنە،  بەڵام لەم هێرشە کۆنەپەرستانەیەدا ئەوە هەر یونس ڕاوی و حەمه سەعید حەسەن، نیە بە پاساوی پیرۆزیەکان سەرکوت دەکرێن، و هەوڵ دەدرێ تا ئازادیخوازی بێدەنگ بکەن ، بەڵکو ئەمە هەوڵ و تەقەلای هاوبەشی دەسەڵاتداران و بەرەی کۆنەپەرستیە و هەوڵێکە بۆ  سەرکوتکردنی ئازادی بیروبۆچونی جیاواز . 

هەروەها وتیشی : یونس ڕاوی و حەمە سەعید حەسەن تەنها بە هۆی بیروباوەڕ و ڕەخنە لە ئیسلامی سیاسی یەوە ڕوو بە ڕووی ئەم دۆخە کراونەتەوە،ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێ کە ئازادی لای دەسەڵاتداران پرسێکی ڕوکەش و مەترسیدارە و نابێ هیچ شتێک لە بەردەم ڕەخنەدا پیرۆز بێ تەنها ئینسان خۆی نەبێ. 

لەکۆتایدا، دووپاتی کردەوە،  پشتیوانی لە یونس ڕاوی و حەمە سەعید حەسەن پشتیوانیە لە ئازادی ، بۆیە ئەرکی هەر تاکێکی کۆمەڵگایە کە بە هەڵبڕینی دەنگی ناڕەزایەتی لە پشت یونس ڕاوی و ئازادی  ڕەخنە و دەڕبڕینی بیر و باوەڕ ڕاوەستێ . تا ڕێگە نەدرێ کۆمەڵگا لە ژێر فشاری سەرکوتگەری کۆنەپەرستیدا دەمکوتکرێ . 

لەسەر هەمان،پرس ، موژدە عەلی نوسەر، بە ڕێگای کوردستانی وت: بێگومان ئازادی نوسین و ڕادەربڕین  ،بناغەیەکە ، پشتیوانی دەربڕینی ئازادانەی کەسەکان دەکات لە ناو کۆمەڵگەدا، ئەوەی  گرنگە هەموو نوسەریکی بوێرو ئازادی خوازو هەق بێژ  بێ زۆر لێکردن  ،بێ ترس و تۆقاندن  و  چاودێری و هەرەشەو گرتن، ئازادانە   بۆ چونی خۆی وەک نوسەرێک  دەرببڕيت لە چوارچێوەی پاراستنی بەها ئەخلاقییەکاندا ، هەڵبەتە ئەو قەڵەمەی کە نوسەرێکی ئازادی خواز پێی دەنوسيت لە پێناو هەق ، لە پێناو بەختەوەری و ئازادی و دیموکراتییەکی  لۆژیکی و بێ خەوش و دور لە یۆتۆپیا ،و باشتر کردنی هەلومەرجی مرۆڤایەتی لە تەواوی جیهاندا،  قەڵەمی نوسەرو دونیا بینی  رێگەچارەیەک بێت  بۆ ئەو پرس و گرفتانەی کە لە ڕۆژی ئەمڕۆماندا ڕووبەرووی سیستمی سیاسی و ئاریشە کۆمەڵایەتیەکان بۆتەوە. 

دەشڵێت: هەڵبەتە ئەوەی لەم  دۆخەی کە رووبەرووی نوسەران و رۆژنامە نوسانی ئازاد و سەربەخۆ  بۆتەوە و  بەرپرسە، بە پلەی یەک بیدەنگی تەواوی کۆمەڵگەیە لە ئاست هەموو ئەو نادادیەی  دەکرێ ،و دواتر نا شەفافی و بی لایەنی دادگاکانی هەریمی کوردستانە ، بەداخەوە  بەشی زۆری لە ژێر فەرمانی  فڵان  و فیساردا ناتوانن   هەق جێبەجێ بکەن  دواجار وەک نوسەریک هیوا خوازم ئەم دۆخەی بۆ نوسەرانی ئازادی خواز هینراوەتە بوون کۆتای پێ بهینریت، ناکرێ لە ئاست گوتنی راستیەکان  زمانی چەک و   گرتن و تۆمەت بەخشین بە بنەما بگیرێت بۆ ئازادی فیکر و نوسین 

فازڵ ئەحمەد ، ڕۆشنبیرو چالاکی فیکری، بۆ قسەکردن لەسەر هەمان پرس، پێ وایە، ئەوەی ئێستا دەیبینین لەسەر ئازادی دەربڕین شتێکی زۆر مەترسیدارە، خۆ ئەگەر بێت و ئەمە بەیاسا نەسەپێنرابیت ، دەبینین خەڵکانێک یان ڕێکخراوێک هەن و خۆیانیان ڕێکخستووە، ـەم کەسایەتی و نوسەرانە لەکوردستان دەکەنە ئامانج، ئەوەی  پێویستە،بوترێ لەسەر سکاڵاکردن لەسەر ئەو دووکەسە بەیاسا نەکراوە، ئەوە جێگای سەرەنجە، هەندێک ڕێکخراون لەنێوکۆمەڵگا کاردەکەن، ئەو کەسایەتی ونوسەرانەیان بەئامانج گرتووە، کە بەشێوەیەکی مەدەنیانە و ئازادان وڕەخنەگرانە  دەنووسن یان تێبینی و تێروانینی نوێییان هەیە چ بۆ کۆمەڵگا؟یاخود ئاین، یان بەڕێوەبردنی حکومڕانی لەکوردستاندا، 

ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، ئەوەی ئێستا لەکوردستان هەڵدەستێت  و سکاڵا،تۆمار بکات،ئەمە دۆخێکی  مەترسیدارە و دوجار فشارەکان زیاتر شۆڕدەبێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا