كریستیانۆ رۆنالدۆ یەكێكە لەو یاریزانانەی زۆرترین جار بەشداری خەڵاتەكانی باڵۆندۆری كردووە، وە پێنج جار بەباشترین یاریزانی جیهان هەڵبژێردراوە لە پاش لیۆنێل میسیەوە بە هەشت جار لە پلەی دووەم دێت، بەڵام لە ئێستادا حەوت ساڵ تێپەڕیووە بەسەر كۆتا خەڵاتیدا كە بەدەستیهێنا.
دوایین خەڵاتی باڵۆن دۆر لە ساڵی 2017 بەخشرایە ڕۆناڵدۆ، ئەوكات توانی ژمارەكەی لەگەڵ لیۆنێل میسی یەكسانبكاتەوە، ساڵی 2018ش سەرەڕای چەندین دەسكەوت خەڵاتەكەی پێنەبەخشرا و درایە لۆكا مۆدریچ، ئەمەش بووە هۆی توڕەی یاریزانەكە و لەو كاتەوە زۆرجار دەنگۆی ئەوە بڵاوبوەتەوە رۆناڵدۆ پێیوایە ستەمی لێكراوە.
وە كاتێك ساڵی 2023 لیۆنێل میسی بۆ سێیەمجار بووە براوەی خەڵاتەكە، بەشێكی زۆری چاودێران و رۆژنامەنووسان پێیانوابوو شایستەی نییە، رۆناڵدۆ لایكی پۆستی رۆژنامەنووسێكی كردبوو كاتێك رەخنەی لەوەگرتبوو خەڵاتەكە دراوە بە ئەستێرە ئەرجەنتینییەكە.
لە ئێستاشدا ڤینسێنت گارسیای بەڕێوبەری رۆژنامەی فرانس فۆتبۆڵ كە دابەشكەری خەڵاتەكەیە لە نوێترین چاوپێكەوتیندا بە ڕۆژنامەی تایمزی وت: ئەوانەی خەڵاتی باڵۆن دۆریان بەدەستهێناوە مافی ئەوەیان هەیە بۆ هەمیشە بەشداری ئاهەنگی ساڵانەی تۆپی ئاڵتونی بكەن، بەڵام بێگومان هەمووان ئەو مافە بەكارناهێنن بە تایبەتی ئەوانەی لێمان توڕەن.
لەبارەی رۆناڵدۆشەوە وتی: من ناتوانم بەتەواوی بڵێم رۆناڵدۆ دڵگرانە لە ئێمە بەڵام هەست دەكەم وایە، چونكە ئێمە بۆ خەڵاتەی كۆپا ساڵانە رای ئەو كەسانە وەردەگرین كە بوونەتە براوەی خەڵاتەكە، كریستیانۆش ساڵی پێشوو دەنگی نەدا و ئەمساڵیش گرنگی بە داواكەی ئێمە نەدا بۆ دەنگدان.