بەهۆی كەڵەكەبوونی كارتە زەردەكان، كارلۆ ئەنچیلۆتی لە یارییەكەی ئالاڤێس سەركردایەتی ریاڵ مەدریدی نەكرد، لە جێگای ئەو یاریدەدەرەكەی كە داڤید ئەنچیلۆتی كوڕیەتی ئامادەبوو.
داڤید ئەنچیلۆتی لە كۆنفرانسی دوای یارییەكە وتی: دەمانزانی یارییەكە ئاسان نابێت، زۆر چێژم لێ وەرگرت، سەرەتا كەمێك دەمارگیر بووین، بەڵام دواتر بەڕاستی چێژمان لێ وەرگرت و بردنەوەكە متمانەمان پێ دەبەخشێت.
دەشڵێت: قسەم لەگەڵ مباپێ نەكردووە، كوڕێكە دەزانێت چی هەڵەیەكی كردووە و داوای لێبوردنی كرد، كارتێكی سووری ڕوونە و دەرئەنجامەكانیشی دیارە، ئەو فاوڵە بچووكە زۆرانەی بەرامبەریكرا وایكردووە بەم شێوەیە مامەڵە بكات، بەڵام ئەوە پاساو نییە.
داڤید وتیشی:شتەكان زۆر بە ئاسانی بەڕێوەچوون، یەكەمجاریش نەبوو، باوكم متمانەی زۆری پێبەخشیووم، هەمیشەش وایكردووە،پێویست نەبوو هیچم پێ بڵێت، ئەمڕۆ هەندێك پەیوەندیمان هەبوو، بەڵام لە كۆتاییدا بە تەواوی سەرپشكی كردم.
باسی لەوەشكرد، چامپیۆنز لیگ و لا لیگا هەردووكیان قورسن، بەڵام هەوڵ دەدەن، دەبێت متمانە و كوالێتییان هەبێت، هەرچەندە ئەوە بەس نییە و دەبێت هەندێك شت راستبكەنەوە، بەڵام هەوڵ دەدەن و لە ئیستاشدا لە هەردوو پاڵەوانێتییەكە ركابەری دەكەن.