دوای دۆڕاندنەكەی ئەرجەنتین بەرامبەر كۆڵۆمبیا لە پاڵاوتنی سەركەوتن بۆ مۆندیالی 2026، ئیمیلیانۆ مارتینێز لەلایەن فیفاوە سزای سڕكردنی لە دوو یاری داهاتووی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەسەردا سەپێندرا، ئەویش بە هۆكاری ئەوەی پاڵی بە كامێرامانێكی نێو یاریگاوە نا پاش تەواوبوونی یارییەكە.
فیفا لە سزاكەدا باسی لەو جوڵانەش كردووە پاش یاریی هەڵبژاردەكەی بەرامبەر چیلی ئەنجامیدا لە كۆپا ئەمریكا و یەكێك لە هۆكارەكانی سڕكردنەكە بۆ ئەو یارییە دەگەڕێتەوە.
لە ئێستادا مارتینێز سزاكەی قبوڵ كردووە و راگەیەندراوێكی لەو بارەیەوە بڵاوكردەوە كە تێیدا دەڵێت: من سڕكردنەكەی فیفا قبوڵ دەكەم و داوای لێبوردن دەكەم ئەگەر كەسێكم توڕە كردبێت، ساتی ئاهەنگگێڕان دەبێت بۆ دڵخۆشكردنی خەڵك بێت و بێڕێزی بە كەس نەكەیت.
هەروەها وتی: بۆ دوو یاری داهاتوو كە لە دوورەوە پشتگیری هاوڕێكانم دەكەم، هەرگیز مەبەستم ئەوە نەبووە بێڕێزی بە كەس بكەم، هەوڵدەدەم چیتر كەس توڕە نەكەم و تەنها سەرنجم لەسەر بردنەوەی نازناوەكان بێت لەگەڵ ئەرجەنتین و ئەستۆن ڤێلا.
پێویستە ئاماژە بەوە بكرێت كە ئەرجەنتین لە مانگی تشرینی یەكەمی بەبێ مارتینێز ڕووبەڕووی بۆلیڤیا و ڤەنزوێلا دەبێتەوە.