فابیۆی گۆڵپارێزی یانەی فلۆمینێنسی بە ئەنجامدانی 1391 یاری ژمارەی پێوانەیی ئەفسانە پیتەر شیڵتۆنی گۆڵپارێزی ئینگلیزی تێپەڕاند و بووە خاوەنی زۆرترین یاری فەرمی لە مێژووی تۆپی پێدا.
بەپێی راپۆرتی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی مێژوو و ئاماری تۆپی پێ، لە یاریی گەڕانەوەی قۆناغی 16ی جامی سودامێركانا بەرامبەر ئەمریكا دی كالی كۆڵۆمبیا لە یاریگای ماراكانا، فابیۆ گەیشتە ژمارەیەكی پێوانەیی كە 1391 یارییە، وە ژمارەی پێوانەیی پیتەر شیڵتۆنی شكاند كە 1390 یاری ئەنجامدابوو.
شیڵتۆن، گۆڵپارێزێكی بەناوبانگی ئینگلتەرایە و لە سێ مۆندیالدا یاری كردووە، بەناوبانگە بەو گۆڵەی كە دیێگۆ مارادۆنا لە مۆندیالی 1986 بەدەست بەرامبەری تۆماریكرد.
دوای فابیۆ و شیڵتۆن، پۆل باستۆك دێت و ، دواتر كریستیانۆ رۆناڵدۆ بە 1283 یاری دێت، لەو یاریزانانەش تەنها رۆناڵدۆ دەتوانێت مەترسی لەسەر فابیۆ دروست بكات چونكە لە یاریكردن بەردەوامە.
فابیۆ ئێستا تەمەنی 44 ساڵە، لە ساڵی 1998ەوە پارێزگاری لە گۆڵ دەكات و ساڵی 2022ش پەیوەندی بە فلومینێنزییەوە كرد و تا ئێستا 235 یاری لەگەڵ ئەنجامداون، پێنج یاریشی بۆ هەڵبژاردەی بەڕازیلی خوار تەمەنی 20 ساڵان ئەنجامداوە.