لە هەواڵێكی سەیری و چاوەڕواننەكراودا، رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت بڵاویكردەوە، كریستیان تۆتی، كوڕی فرانچیسكۆ تۆتی ئەفسانەی ئیتاڵیا وازهێنانی لە یاریی تۆپی پێ راگەیاند.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشكردووە، جونیۆر لە تەمەنی 19 ساڵیدا بڕیاری وازهێنانی داوە، بڕیارەكەشی پەیوەستە بە باوكییەوە ئەگەر نا هیچ كێشەیەكی جەستەیی نییە.
لاگازێتا دیلۆ سپۆرت لە زاری راهێنەری یاریزانكەوە دەڵێت؛ كوڕەكەی تۆتی توانایەكی جەستیی باشی هەیە، بەڵام چاوەڕوانی هاندەران بۆ ئەوەی هەمان تواناكانی باوكی پیشان بدات فشاری زۆری لەسەر دروست كردووە.
دەشڵێت: هاندەران تەنانەت سەرنجیان دەخستە سەر ستایلی قژی و سەیری هەموو جوڵەیەكی ئەویان دەكرد، هەروەها دەیانویست هەمان بەهرەی باوكی پیشانبدات، بەڵام كریستیان بەرگەی ئەو فشارەی نەگرت.
كریستیان تۆتی لە پێگەی ناوەڕاستی یاریگای یاریی دەكرد، كۆتا وێستگەی یاریزانەكە یانەی ئۆلبیا كالچیۆ بوو كە لە سێریا دی یاریی دەكات، پێشتریش یاریی بۆ لاوانی فرۆسینیۆنی و رۆما كردووە.