پاش ئەوەی هەڵبژاردەی پورتوگال لە یۆرۆ ئاستێكی چاوەڕوانكراوی پێشكەش نەكرد و لە قۆناغی چارەكی كۆتایی بەرامبەر فەڕەنسا شكستی هێنا و ماڵئاوایی لە یۆرۆ كرد، خۆسێ مۆرینیۆش باسی لە ئاستی هەڵبژاردەكە كرد.
راهێنەرەكەی ئێستای یانەی فەنەرباخچە سەبارەت بە كرانە دەرەوەی تیپەكەی ڕۆبێرتۆ مارتینێز لە لێدوانێكیدا بۆ سپۆرت تیڤی راگەیاند، توانای هەڵبژاردەكە زۆر بەرز بوو، لە پێشبینییەكەیدا هەڵە نەبووە كاتێك وتویەتی پورتوگال و فەرەنسا و ئینگلتەرا لە باشترینەكانن، چونكە ئێستا دوانیان لە قۆناغی پێش كۆتاین.
وتیشی: بە لەبەرچاوگرتنی گەشەی تیپەكە، ئیسپانیا گەورەترین سوپرایزی ئەم جامە بوو بەڕای من، پێم وایە لە ئێستادا باشترین هەڵبژاردەی یۆرۆن و تا ئێستا ئاستێكی زۆر باشیان پێشكەش كردووە.
سەبارەت بە پورتوگالیش ئاماژەی بەوەدا، هەرچەندە هەڵبژاردەكە گەیشتوەتە قۆناغی چارەكی كۆتایی، بەڵام ئاستیان نایاب نەبووە و چاوەڕێی ئاستێكی باشتریان دەكرد لێیان، بە درێژایی پاڵەوانیتییەكە و یارییەكان جۆش و خرۆشێكی زۆریان پێوە دیار نەبووە، سەرەڕای هەموو ئەوانەش لە یۆرۆی داهاتوو چاوەڕێی ئەنجامێكی باشتریان لێدەكرێت بەم یاریزانە لاوانەوە.