چەند رۆژێك پێش ئێستا هەمووان زانیان ریاڵ مەدرید درێسی ژمارە 10 دەبەخشێت بە كیلیان مباپێ، بەڵام لە ئێستادا بە فەرمی ئەو بڕیارەی راگەیاند و ئەستێرە فەڕەنسییەكە لە وەرزی نوێوە درێسەكەی پێشووی لۆكا مۆدریچ دەپۆشێت.
ماڵپەڕی ریاڵ مەدرید وێنەی كیلیان مباپێی بە پۆشینی ژمارە 10 لە بەشی یاریزانانی تیپەكەدا بڵاوكردەوە، ئەوەی جێگای سەرنجە كە لە تەنیشت ڤینیسیۆس جونیۆر وێنەكەی دانراوە كە درێسی ژمارە حەوتی یانەكەی پۆشیووە كە ئەو دوو درێسە لە مێژووی یانەكەدا چەندین ئەفسانە لەبەریا كردوون.
پاشان هەژماری فەرمی ریاڵ مەدرید لە پلاتفۆرمەكانی خۆی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وێنەی ژووری جل گۆڕینی بڵاوكردووەتەوە و درێسی ژمارە 10ی مباپێش هەڵواسراوە.
كیلیان لە یەكەم وەرزیدا لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید درێسی ژمارە نۆی لەبەركرد، بەم درێسە درەوشایەوە و بووە گۆڵكاری ئەو وەرزەی یانەكەی و تەواوی ئەوروپا لەسەر ئاستی خولە ناوخۆییەكان.