یانەی شاهانە راگەیاندراوێكیان سەبارەت بە ناوبژیوان یاری یانەكەیان و ئیسپانیۆل بڵاوكردەوە لە كاتێكدا ئەو دوو یانەیە لە هەفتەی 22ی خولی ئیسپانیا ڕووبەڕوی یەكتری بوونەوە.
ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەنجامی یارییەكە بە بردنەوەی ئیسپانیۆل بە گۆڵێكی بێ وەڵام كۆتایی هات، ئەمەش ناڕازییەكی زۆر لەنێو هاندەرانی ڕیال مەدریددا دروست كرد.
بەگوێرەی بەیاننامەكە كە لە پێگەی فەرمی یانەی ڕیال مەدرید بڵاوكراوەتەوە، دەستەی بەڕێوەبەری یانەكە ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی سكاڵایەكی فەرمی پێشكەش بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی شاهانەی ئیسپانیا بكات و كۆپییەكی سكاڵاكەش ڕەوانەی ئەنجوومەنی باڵای وەرزشی ئیسپانیا بكرێت.
لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئاستی ناوبژیوانی یارییەكە زۆر خراپبووە و كاریگەری لەسەر ئەنجامەكە دروست كردووە.
ڕیال مەدرید پێیان وایە رۆمیرۆی یاریزانی ئیسپانیۆل شایەنی كارتی سوور بووە لەو یارییەی پێش ئەوەی گۆڵەكە تۆماربكات، هاوكات ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو گۆڵەی كە ڤینیسیۆس جونیۆر لە گێمی یەكەمدا تۆماریكرد.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكانی ئیسپانیا دووپاتی دەكەنەوە، ئەمڕۆ لیژنەی تەكنیكی ناوبژیوانانی لالیگا بڕیارێكی دەركردووە بۆ ڕاگرتنی ناوبژیوانی یاری نێوان ریاڵ مەدرید و ئیسپانیۆل بەهۆی ئەو هەڵانەی لەو یارییەدا ئەنجامی داوە.