
دوای دۆڕانە قورسەكەی بەرامبەر هیلال، رۆناڵدۆی كاپتنی یانەی نەسڕی سعودیە، پەیامێكی بۆ هاوڕێكانی ناردووە و رایگەیاندووە هێشتا خولەكە زۆری ماوە و تەنیا سێ خاڵیان لەدەستداوە.
بە وتەی عەلی حەربی ڕۆژنامەنووسی وەرزشی، ڕۆناڵدۆ دوای كۆتاییهاتنی مەشقە بە كۆمەڵەكانی رۆژی یەكشەممە یاریزانانی یانەی نەسری ئاگاداركردووەتەوە، كە دۆڕانی پێشوو تەنها لەدەستدانی سێ خاڵ بووە نەك تەواوی خولەكە.
حەربی لە ڕێگەی هەژماری فەرمی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی ئێكس راشیگەیاند، كە ڕۆناڵدۆ بە یاریزانەكانی وتووە: ئەم شكستە بەهێزمان دەكات و پاڵپشتیمان دەكات بۆ ئەوەی بەهێزتر ڕكابەری لەسەر پاڵەوانێتی خولەكە بكەین و وامان لێدەكات زیاتر كاربكەین بۆ بەدەستهێنانی سەرجەم پاڵەوانێتییەكانی ئەم وەرزە.
دوای بردنەوەی دێربی ڕیاز یانەی هیلال خالەكانی بۆ 41 خاڵ بەرزبووەوە و لە پلەی یەكەمی ڕیزبەندی خولی ڕۆشنی سعودیدایە، نەسریش بە 34 خاڵ لە پلەی دووەمدا جێگیربووە.