ماركۆ ڤێراتی ئەستێرەی پێشووی یانەی پاریس سان جێرمان و ئێستای یانەی دوحەیلی قەتەری لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ لاگازێتا دیلۆ سپۆرت، باسی لە كاتی پەیوەندیكردنی مێسی و شێوازی چوونی ئەفسانەكە بۆ یانە پاریسییەكە كرد و بۆ چوونیشی خۆشی سەبارەت بە وەرزی داهاتووی خولی ئیتاڵیا خستەڕوو.
لە سەرەتایی قسەكانی وتی: شەوێكی نایابم لەبیرە كە نزیك بوو لە ئەفسوناوی، من لە ئیبیزا بووم كاتێك نەیمار پێی وتم بڕیارە لەگەڵ لیۆنێل مێسی نان بخۆین، لەسەر مێزەكە من و لیۆ و پارێدێس و نێیمار و دی ماریا بووین، قسەمان كرد و كاتێكی خۆشمان بەسەر برد، بە گاڵتەجاڕیەوە دەستمان كرد بە هاندانی مێسی بۆ ئەوەی بێتە پاریس.
وتیشی: رۆژی دواتر لە زۆرێك لە میدیا دیارەكانی ئیسپانیا خوێندمانەوە كە كێشە لە نێوان لیۆ و بەرشەلۆنەدا هەبووە، پاشنیوەڕۆی ئەو رۆژەش نەیمار تەلەفۆنی بۆ كردم و وتی: لیۆ دێتە پاریس سان جێرمان، باوەڕپێنەكراو بوو بۆ ئێمە كە شەوێك لەگەڵیدا نان بخۆین و دواتر ببینە هاوڕێی تیپەكە.
هەروەها لە چاوپێكەوتنەكەدا ڤێراتی بۆچوونەكانی خۆی سەبارەت بە وەرزی داهاتووی خولی ئیتاڵیا خستەڕوو و جەختی لەوە كردەوە كە ئینتەر میلان وەك پاڵێوراوی سەرەكی بۆ سكودیتۆ دەمێنێتەوە.