لە هاوینی 2023 بەرشەلۆنە بەهۆی نۆژەنكردنەوەی یاریگای بەناوبانگی كامپ نو، یارییەكانی یانەكەی گواستەوە بۆ یاریگای مۆنجویك، سەرەتا وا چاوەڕواندەكرا نۆژەنكردنەوەی یاریگاكە ماوەی 15 مانگی پێبچێت بەڵام كارەكانی لەماوەی پێشبینیكراو كاتی زیاتری پێویست بوو.
بەگوێرەی نوێترین زانیاریی كە رۆژنامەی ماركای ئیسپانی بڵاویكردووەتەوە، یانە كەتەلۆنییەكە لە چوارەم هەفتەی یارییەكانی وەرزی نوێی لالیگا دەگەڕێتەوە یاریگای رەسەنی خۆی كە ناوەكەی دەبێتە، سپۆتیفای كامپ نو.
ئەو وادەیە بەدیاریكراویی دەكاتە 14ی مانگی داهاتوو، یارییەكەش بەرامبەر یانەی ڤالانسیا دەبێت، بەپێی بڵاوكراوەكەی ماركا، سەرەتا بۆ یەكەم یاریی گەڕانەوەیان بۆ ماڵە سەرەكییەكەیان، 30 هەزار هاندەر لە كامپ نو دەتوانن ئامادەبن، بەڵام لە رۆژانی دواتردا ئەو ژمارەیە بەرزدەبێتەوە بۆ 45 هەزار هاندەر.