لە رۆژانی رابردوو ئەوە راگەیندرا ماركوس راشفۆرد بڕیاری كۆتایی داوە و پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانییەوە دەكات، لە ئێستاشدا فابریزۆ رۆمانۆی رۆژنامەنووسی ئیتاڵیش زانیاری وردی سەبارەت بە گرێبەستەكە بڵاوكردەوە.
بەپێی بڵاوكراوەیەكی رۆژنامەنووسە ئیتاڵییەكە، گرێبەستی راشفۆرد لەگەڵ بەرشەلۆنە بە خواستنە و بۆ ماوەی یەك ساڵە هەموو شتێك كۆتایی پێهاتووە و بەم زوانەش رادەگەیەنرێت، وە مەرجی هەمیشەی كردنی گرێبەستەكەش لە خواستنەكەدا هەیە بەبڕی 30 ملیۆن یۆرۆ.
رۆمانۆ ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشبەرە ئینگلیزییەكە لە سەدا 15 موچەكەی كەمدەكاتەوە و لە ماوەی ساڵەكەشدا 14 ملیۆن یۆرۆی پێدەدرێت، وە یانەی بەرشەلۆنە خۆی تەواوی موچەكەی دەدات.
راشفۆرد كە لە ئەكادیمیای مان یونایتد گەورە بووە بەهۆی كێشەكانی لەگەڵ یانەكەی لە گواستنەوەی زستانەی رابردوو لە ریزەكانی ئەستۆن ڤێلا یاریكرد، وە ئەمۆریمی راهێنەری شەیتانە سورەكانیش بە روونی ئەوەی پێ راگەیاندووە لە پلانەكانیدا نییە بۆ وەرزی داهاتوو.