شیعری حەمە گەردی
ئاخر کوردۆ هێشتا زوو بوو
تۆیش بەجێت هێشت سلێمانی
چۆن فریشتەی ڕۆحکێشان هات
چۆن ڕۆحی تۆی برد چۆن توانی
کوردۆ خۆت فەرموت
دڵی من لە ناسکی ناسکترە
هیچ کەس ئێستاکە شك نابەم کوردۆ
شار لە غەریب غەریب ترە
دیسان بەرگی ڕەشم بینی
لە شاری سێ کوچکەی بابان
دیسان ماتەم و شینم دی
لە شاری هەزار جار وێران
کوردۆ لە کوردستان خۆشبە
ئەزانم دڵی شکاندی
ئەزانم نان و خێزان و داڵدە و
خەونی لێ فڕاندی
ئێستا هەموو هەژارەکان
بە مەرگی تۆ بریندارن
ڕەشێکی وام بۆ پۆشیوی،
چی ئازارم هەیە دیارن،
وەك سیمبوڵی لانەوازان
بووی بە خاوەن خانوو پەیام
سیمبوڵەڪەی سلێمانی
ڕزگارت بوو لەسەر شەقام.