
هاوڕێ کرێکار - رێگای كوردستان
لە ڕۆژانی ١٤ و ١٥ی تشرینی دووهەمی ٢٠٢٦، تیمی کاراتی یانەی وەرزشی هێرش، وەک نوینەری عێراق، بەشداری سێیەمین پاڵەوانێتی کراوەی دەردەنیلی نێودەوڵەتی کرد، کە لە شاری (Çanakkale) چەنەکقەلەی تورکیا بەڕێوەچوو.
ئەم پاڵەوانێتییە گەورەیە کە وەک نەریتێکی ساڵانە وەرزشوانانی تورکیا و جیهانی پێکەوە کۆدەکاتەوە، ئامانجی سەرەکی بەهێزکردنی پەیوەندییە وەرزشییە نیشتمانی و نێودەوڵەتییەکان، پەرەپێدانی توانا تەکنیکییەکان و پێشکەشکردنی ئەزموونێکی کێبڕکێی ئاست بەرز بوو.
ئەم پاڵەوانێتیە جیهانییە، وەرزشوانانی هەموو تەمەنەکانی کۆکردبووەوە و کێبڕکێی تاکەکەسی و تیپی لە گشت تەمەنە جیاوازەکاندا بەخۆوە بینی، بە جۆرێک کە بەپێی یاساکانی فیدراسیۆنی جیهانی کاراتی (WKF) بۆ گروپە تەمەنییەکانی (٦ بۆ ١٣ ساڵ، هەروەها گەورەکان، گەنجان) بەڕێوەچوو.
تیپە بەشداربووەکان بەپێی ڕێزبەندی براوەییان، لە چەندین وڵاتی جیهانەوە ڕکابەرییان دەکرد، لەوانە: فەرەنسا، غانا، عێراق ، ئوردن ، مەغریب ، عەرەبستانی سعودی ، تانزانیا ، و تورکیا.
لەناو ئەم هەموو ڕکابەرییە توند و بەهێزەدا، قارەمانەکانی یانەی هێرش بە پێکهاتەیەکی بەهێز و پڕ لە ورە، توانیان ببنە خاوەن دوو مەدالیای زێڕ و دوو مەدالیای زیو، و پێشەنگی و هێزی خۆیان جارێکی تر بیری هەمووان بهێننەوە.
ناوی پاڵەوانەکانی یانەی هێرش وەک نوینەری عێراق
جەبار مستەفا - پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕ
عەبدوڵڵا بەکر - پلەی یەکەم و مەدالیای زێڕ
ئەحمەد مستەفا - پلەی دووەم ومەدالیای زیو
محەممەد گۆران - پلەی دووەم ومەدالیای زیو



