لە وەرزی داهاتوو، شێوازێكی نوێی چامپیۆنزلیگ پەیڕەو دەكرێت و قۆناخی كۆمەڵەكان نامێنێت و ناوی دەبێتە قۆناخی نوێی خول و ژمارەی یانەكان لە 32 بۆ 36 زیاد دەكرێن.
بەگوێرەی شێوازە نوێیەكەی چامپیۆنزلیگ، یانە بەشداربووەكان هەشت یاری لەگەڵ هەشت یانەی جیاواز دەكەن، بەمەش دەرفەتی نوێ بە تەواوی یانەكان دەدات و هاوسەنگی تێدا بەدی دەكرێت.
هەر یانەیەك رووبەڕووی هەشت یانەی جیاواز دەبێتەوە و بە تیروپشك یانەكان دەستنیشان دەكرێن، بەڵام چەند یاسایەكی شێوازی پێشوو وەك خۆیان دەمێننەوە، لەوانە رووبەڕوونەبوونەوەی یانەی یەك وڵات لە قۆناخی یەكەمدا، هەروەها یانەكان چوار یاریی لە یاریگەی خۆی و چوار یاریی دیكەش لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەكات، لە دوای تەواوبوونی هەشت یارییەكە، خاوەن هەشت پلەی یەكەم راستەوخۆ دەگەنە قۆناخی 16ی پاڵەوانیەتییەكە.
بڕیارە هەمان شێواز لە یۆرۆپالیگ پەیڕەو بكرێت، بەڵام لە كۆنفرانس لیگ، هەر یانەیەك رووبەڕووی شەش یانە دەبێتەوە.
یویفا لە راگەیەندراوێكی فەرمیدا روونیكردووەتەوە، چیدیكە كار بە شێوازی كۆنی راكێشانی تیروپشك ناكرێت، بەڵكو تەنیا ناوی هەر 36 یانەكە دەخرێتە نێو تۆپێكەوە، لە كاتی راكێشانی تۆپەكە، بە كۆمپیوتەر هەر هەشت یارییەكەی بە هەڕەمەكی بۆ دیاریی دەكرێت.
جێی باسە بڕیارە تیروپشكی وەرزی داهاتووی چامپیۆنزلیگ لە مانگی هەشت رابكێشرێت، هەموو ئەم پرۆسەیە لە ڕێگەی پەخشی ڕاستەوخۆوە پیشاندەدرێت و پێشبینی دەكرێت بە بەكارهێنانی كۆمپیوتەر، كۆی كاتی تیروپشكی قۆناغی كۆمەڵەكان 35 خولەك بخایەنێت.