جۆناسان میلتیمۆر*

لەفارسییەوە: ئەرسەلان حەسەن

 

فۆنگ ژوان ڤو، تەمەنی هەشت ساڵ ‌بوو که لەگەڵ براکەی سەردانی ناوەندی دابەشکردنی ماددەخۆراکییەکانی کرد. لەبرسان قۆڕەی سکی دەهات و زۆر شڵەژا بوو. نیگەران بوو لەوەی فۆرمی خۆراکەکەی بزر و دابەشکاری ماددە خۆراکییەکە سووکایەتی پێ بکات و سزای بدات. ئێستا کە چەند دەیەیەک تێپەڕیوە ڤۆن بیریدێتەوە هەرگیز مامەڵەی بەرپرسانی حکوومەت دۆستانە نەبوە. دەسەڵاتداربوون و وەک ئاغا ڕەفتاریان دەکرد. ئێمە دەمازانی دەبێت بۆ خۆراکێک لێیان بپاڕێینەوە، مافی خۆمانە.

خێزانی ڤۆ هەژار بوون، بەڵام بەراورد بە زۆربەی ڤێتنامییەکان زۆر هەژار نەبوون. پایسکیلێکیان هەبوو، هەموو خێزانەکانی ڤێتنام نەیان بوو، بەم حاڵە چەندین سەعات چاوەڕوانی لەڕیزی وەرگرتنی خۆراک کارێکی تاقەتپڕووکێن بوو.

"نەوەی پۆڵ"، لەڤێتنامی باکوور لەسەرەتای پەنجاکان و پێش ساڵی ١٩٧٥ هاتوونەتەدنیاوە. سێ قۆناغی زەمەنی مێژووی ڤێتنام، ژیانی ئەم گروپە دەگرێتەوە: لەدوای جەنگەوە، ماوەیەکیزۆر بەشەخۆراک، تا بووژانەوەی ئابوورییەکی لەگەشەکردنی خێرادا. زۆربەی تاکەکانی ئەم نەوەیە بازرگان، لەسێکتەرە جیاوەزەکان کارمەندی حکومەتن.

قۆناغەکانبریتینلە: یەک. جەنگ، بریتییە لەئەزموونەکانی جەنگی ئەمریکاو پێکدادانی کامبۆج و چین، تا هەشتەکانی خایاند. دووەم، برسێتی، گرنگیدان بەیارمەتییەکان لە ساڵی ١٩٧٥ تا ١٩٨٦، تا کۆتایی هەشتاکان بەردەوام بوو. قۆناغی سێیەم، جوڵەکردن کە لەدەستپێکی ڕەسمی دوی موی،دەستپێکی حکوومەت بەگواستنەوە بەرەو ئابووری بازاڕ، تاوەکوئێستا.

ڤۆ لەکتێبی "نەوەی پۆڵی ڤێتنام: وڵاتێک کە لەسەردەمی جەنگەوە بەسەردەمی بووژانەوەی ئابووری گەیشت"، بیردێنێتەوە چۆن خوێندکارانی قووتابخانە لاواز و تینوو، چەندین سەعات لەبەر خۆرەتاو چاوەڕوانی وەرگرتنی بەشەخۆراکن و لەکۆتاییدا بەرپرسان فریویانداون و لەکێشانی بەشەخۆراکەکەداوردە بەردیان تێکەڵی برنجەکەیان کردووە. ڤۆ بەنووسەرانی کتێبەکەی گوت: "ئەمکارانە تووڕەی دەکردین، بەڵام نەماندەتوانی بەگژ دەسەڵاتداراندا بچینەوە یان لەگەڵیان باس بکەین. ئێمە بەوتەمەنە منداڵییە دەمانتوانی چی بکەین؟"

چۆن ڤێتنام بوو بەهەژارترین وڵاتی دنیا

ڤێتنام وڵاتێکە زۆربەی خەڵک مێژووەکەی تا ساڵی ١٩٧٥ دەزانن، کە سایگۆن ڕووخا و دووساڵ دوای چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەڤێتنام.

لە ساڵی ١٩٦٩ هۆشی مینە سەرۆککۆمار بەڵێنیدابوو بەشکستی ئەمریکیەکان دەرفەت بەسۆسیالیستەکان دەدرێت "دە بەرامبەر وڵاتەکەمان جوانتر نۆژەنبکەنەوە"، بەڵام ئابووری لەقۆناغی دوای جەنگ دابەزی. ڤێتنام لەبنەڕەتەوە ئابوورییەکی کشتوکاڵی بوو و بەکۆمەڵکردنی چالاکی کشتوکاڵیبەدەرئەنجامێکگەیشتبوو کە جیاوازییەکی وای لەهەوڵەکانی بەکۆمەڵکردنی پێشوو نەبوو لە لایەن هاوشێوەکانی ستالین و ماو.

ڤێتنام لەبەرنامەی پێنج ساڵەی خۆی (١٩٧٦ تا ١٩٨٠) ئامانجی هێرشبەرانەی گەشەکردنی ساڵانەی ٨ تا لە ١٠٪ی بۆ کشتوکاڵ دیاریکردبوو، بەڵام بەرهەمی کشتوکاڵی ساڵانەیان تەنیا لە ٢٪ زیادیکرد،چونکە کۆمۆنیستەکان نزیکەی لە ٢٥٪ی کڵێگەکانیان لەڤێتنامی باشوور بەکۆمەڵ کردبوو. 

ئەنجامێکی کارەساتبار بوو، ڕەینەر زیتلمان، نووسەری کتێبی "چۆن گەلان لەهەژاری ڕزگاریان دەبێت"، ئاماژە بەوەدەکات کە تا ساڵی ١٩٨٠، کاتێک ڤێتنام هەناردەکەری برینج بوو، ساڵانە ١٤ ملیۆن تەن برنجی بەرهەم دەهێنا، لە کاتێکدا بۆناوخۆی پێویستی بە ١٦ ملیۆن تەن برینج بوو. بەرنامەدانەران سیاسەتی هێرشبەرانەیان بۆ بەنیشتمانیکردنی پیشەسازی دانا، هەر چەند سەرەتا ئەم پێشنیارە بەئامانجی بەنیشتیمانیکردنی کۆمپانیا دەرەکییەکان بوو، بەڵام لەکۆتاییدا پەلیهاویشت هەموو کۆمپانیاکانی ڤێتنام لەخۆبگرێت. کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان، بەتایبەت سیاسەتی کۆنتڕۆڵکردنی کرێ کە ڕۆڵە وێرانکارەکەی بەناوبانگە، ڕۆڵیان لەدابەزینی ئابووری ڤێتنامدا گرنگ بوو. 

نگوین کو تاچ، وەزیری دەرەوەی ڤێتنام لەکۆتایی هەشتەکان، بەڕۆژنامەنوسانی گوت: "ئەمریکییەکان نەیانتوانی شاری هانۆی وێران بکەن، بەڵام ئێمە بەدیاریکردنی نزمترین کرێ بەدەستی خۆمان وێرانمانکرد." ئەم سیاسەتە زیانێکی زۆری لەئابووری ڤێتنامدا. تا ساڵی ١٩٨٠، ڤێتنام هەژارترین وڵاتی دنیابوو، هەژارتر لە سۆماڵ، ئەسیوپیا و ماداگاسکار، پێگەیەک بوو ڤێتنام بەدرێژایی هەشتەکان توانی بۆخۆی بیپارێزێت.

برسێتی بەدرێژایی هەشتەکان و تەنانەت نەوەدەکان، باڵی بەسەر زۆربەی خەڵکی ڤێتنامدا کێشابوو. هەتا ساڵی ١٩٩٣، هێشتا لە ٨٠٪ی دانیشتووانی ڤێتنام لەهەژاریدا دەژیان، بەڵام بە پێچەوانەی زۆرێک لەوڵاتان، ڤێتنام لەهەژاریدا نەمایەوە. بەپێی ڕاپۆرتی بانکی گەشەپێدانی ئاسیایی، ئەمڕۆ لەیەکێک لەجێگاسەرنجترین چیرۆکەکانی مێژووی نوێ، ڕێژەی هەژاری لەڤێتنام نزیکەی لە ٤٪ە.

چۆن شکست بەهەژاری نەهێنین

پێش لێکۆڵینەوەی لەوەی چۆن ڤێتنام توانی شکست بەهەژاری بهێنێت، گرنگە بزانین چۆن وڵاتان لە هەژاری ڕزگاریان نابێت. چیرۆکی ڤێتنام ڕیزپەڕە، هەر چەند هەندێک وڵات هەنگاوی گەورەیان بۆ کەمکردنەوەی هەژاری ناوە، بەڵام زۆربەیان نا. لە ڕاستیدا، زۆربەی هەژارترین وڵات لە ساڵی ٢٠٢٤ بۆرۆندی،کۆماری ئەفریقای ناوەندی، کۆماری دێموکراتی کۆنگۆ، ماداگاسکار، سۆماڵ و ئەوانیتر، لەچارەگە سەدەی ڕابردوو، هەژارترین وڵاتانی جیهان بوون. 

هەروەها ئەم وڵاتانە لەنێو وڵاتانێکدان کە زۆرترین یارمەتی دەرەکی وەردەگرن (بێگومان چونکە هەژارن). لە کاتێکدا زۆربەی خەڵک و ڕێکخراوەکانی وەک ڕێکخراوی نەتەوەکان، بەڵگەدەهێننەوە یارمەتییە دەرەکییەکان کلیلی کەمکردنەوەی هەژاریین، ئەوانی دیکە هاوڕا نین.

ویلیام ئیستەرلی ئابووریزانی زانکۆی نیویۆرک لە ساڵی ٢٠٠٦ لە کتێبەکەیدا، "بارگرانی پیاوی پێستسپی:بۆچی هەوڵەکانی خۆرئاوا بۆیارمەتیدانی ئەوانی دیکە زۆر خراپ و زۆرکەمە"، بەڵگەی هێنایەوە، دەیان دەستپێشخەری یارمەتی نێودەوڵەتی لەجیاتی کەمکردنەوەی هەژاری، بۆرۆکراسی حکومەتییانزیاد کردووە. وڵاتی تانزانیا نموونەیەکە ئیستەرلی ئاماژەی پێدەکات، کە ساڵانە ملیاران دۆلاری بۆ نۆژەنکردنەوەی ڕێگاوبانەکانی وەرگرتووە. دوای دوو دەیە، هێشتا ڕێگاکانی تانزانیا کارەساتبارن، بەڵام بۆرۆکراسییەکەی هەڵاوسابوو. 

ئیستەرلی نووسی، "ساڵانە تانزانیا زیاتر لە ٢٤٠٠ ڕاپۆرت بۆ ڕێکخراوەکانی یارمەتی پێدەر ئامادە دەکات، ئەم وڵاتە ساڵانە یارمەتی وەرگرەبەهەزاران شاندی ڕەوانەکراو لەکارمەندانی ڕێکخراوەکانی یارمەتیدەر گەماردۆراوە و لەدەستییان بەزاڵە هاتوە. ئەمە کێشەیەکە و هەوڵدەدەن هەژاری بەهۆی ڕێکارە ستوونیەکانکەم بکەنەوە. بەرنامەدانەران لەوباوەڕەدان زانیاری و تێگەیشتنێکی تەواویان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ئابوورییە ئاڵۆزەکانهەیە، بەڵام شاهیدەکان(و تیۆرە ئابوورییەکان) دەریدەخەن ئەو زانیاری و تێگەیشتنەیان نییە."

زتیلمان حیکایەتە باوەکەی نووسەری ئەڵمانی فرانک بریمەر دەهێنێتەوە کە نیوسەدە تەمەنی زیاتر لە ٣٠ وڵات وەک فریادڕەسی پرسەکانی گەشەپێدان لەبەگژداچوونەوەی هەژاری بەسەر بردووە. لەم گفتوگۆیەدا، گوندنشینێک هەوڵدەدات شارەزاکە ڕازی بکات کە خەڵکی ناوچەکە پێویستییان بە بەنداوە، بەڵام شارەزاکە بەردەوام بەگوندنشینەکە دەڵێت پێویستییان بە بەنداونییە. لەڕاستیدا پێویستییان بەگۆماوێک (پۆند) و ئامڕازی شیکاریی باشتر و پەروەردەی زیاترە بۆ کرێکاران و هێزی کاری گشتگیر. ئەمە مشتومڕێکی پێکەنیناوییە، بەڵام بەرمەبنای ئەزموونی چەند دەیەیەکی بریمەر لەبواری یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان، ساڵانە هەوڵدەدرێت ڕێگاچارەی ستوونی بۆکەمکردنەوەی هەژاری بەکاربهێنرێت.  

دێمبیسا مۆیۆ، ئابووریزانی بەڕەچەڵەک زامبیایی، لەکتێبەکەیدا "یارمەتییە مردووەکان" نیشانیدەدا کە وڵاتانی ئەفریقی لەنیوسەدەی ڕابردوو یارمەتی تریلیۆنێک دۆلاریان لەوڵاتانی دەوڵەمەند وەرگرتووە، نەک هەر کەمکردنەوەی هەژاری شکستیهێنا، بەڵکو زیادیکرد. مۆیۆ دەنووسێت: "ئەم بۆچوونەی یارمەتییەکان دەتوانن هەژاری کەمبکەنەوە، ئەفسانەیە. ئەمڕۆ ملیۆنان کەس لەئەفریقا بەهۆی یارمەتییە دەرەکییەکان هەژارترن، نەک هەر بەدبەختی و هەژاری ماوە، بەڵکو زیادی کردووە."

چۆن ڤێتنام شکسی بەهەژاری هێنا

ئەزموونی ڤێتنام لەزۆرلایەنەوە پێچەوانەی ئەزموونی ئەفریقایە. یەکەم، یارمەتیدانی ڤێتنام لە هەشتاکان و سەرەتای نەوەدەکان بەرەوکۆتایی بوو. هۆکارەکەی کێشە ناوخۆییەکانی سۆڤیەت وڵاتی نغرۆی ڕووخان و پاشەکشەی ئابووری کرد و یارمەتییە ملیاران دۆلارەکەی ڕەوانەی ڤێتنام دەکرا، ڕاگرت. هاوکات، سیاسەتی بەکۆمەڵکردن درێژەی بەوێرانکردندا.

نادیدەگرتنی پاڵنەرە ئابوورییەکان یەکێک لەوهەزاران هەڵەیەی بەرنامەدارانی ڤێتنامەکە هاوتەریبەبە پێداویستییە ئابوورییەکان لەئابووری بازاڕدا. باخ نگۆک چین لەچاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ناپیر و هاوکارەکانی، نووسەرانی کتێبەکە بیرماندێنێتەوە چۆن ماندووێتی دایکی و جووتیارەکان لە هەرەوەزییەکاندا بەپێی ڕۆژەکانی کارکردنیان، قەرەبوویان دەکرێتەوە.

چۆنایەتی کار یان بڕی بەرهەمهێنراو لەم هەرەوەزییانەدا گرنگ نەبوو. کلۆدیا ڤایڤەر لەکتێبی "کۆنفسیۆش و مارکس لەڕووباری سوور"دا دەڵێت: "ئەم سیستمەی هاندان و شێوازی پارەدانە ئەندامانیهەرەوەزییەکانیهاندەدا واز لەکارەکانیان بێننو وەک هێمایەک کاربکەنیان درەنگترلەشوێنی کارەکانیان ئامادەبن."

ئەوسیاسەتە زیانێکی زۆری لەئابووری ڤێتنامدا، بەڵام لەدۆخێکدا ئابووری ڤێتنام وەستاو هەرەسی هێنا، لەکۆتایی حەفتاکان و سەرەتای هەشتەکان دەستپێکی شتێکی سەرسووڕهێنەر بوو لەڤێتنام: ئابوورییەکی نوێ دەردەکەوت.  

ڤێتنامییەکان بەدەست ئازاری سیستمێکی هاوشێوەی سیستمی "کۆمۆنیزمی جەنگی" لینین دەیانناڵاند، خۆڕسکانە بۆمانەوەیانئابووری بازاڕیان هێنایە کایەوە. دەسەڵاتدارانی حکوومەت بەزۆری چاویان لەسەر کۆنتڕۆڵی نرخ و سەرپێچی و گرێبەستە ڕێگەپێنەدراوەکان (خوان چوی) لەنێوان خێزان و هەرەوەزییەکان نووقاند، کە بە "ئابڵووقەشکێنی" (فا ڕایۆ) ناسراوە، تەنیا نموونەیەکە لەئابووری بازاڕ (هەندێکجار ڕەش، جاروبار خۆڵەمێشی) کە لەژێر دەستە قوورسەکانی سۆسیالیزم لەڤێتنام دەرکەوت.

لەکاردانەوە بەم ئابوورییە لەگەشەیەدا، سەرۆکانی سۆسیالیست پێشوازییان لەئابووری بازاڕ کردو "هەڵەکان"یان دەربارەی بۆچوونی دوی موی (بەمانای "نوێگەری" یان "پێداچوونەوە") ڕاگەیاند، یەک، چاکسازی لەبازاڕی ئازاد کە بۆ پەسندکردنی ئابووری بازاڕ، خۆڵەمێشی پێشنیازکرابوو. دووەم، ڕابەرانی حزب دەستپێشخەری کارێکیان کرد کە زیتلمان پێیدەگوت پرۆسەی "ڕەخنەلەخۆگرتن". ددانیان بەشکستی بەرنامەکانی پێنج ساڵی پێشوودا نا کە کە نزیکبوو ئابووریڤێتنام گەشەیەکی بەرچاو نەکات.

نگوینڤان لین، سکرتێری گشتی دواتری حزب، بەڵێنیدا هەڵە ئابوورییەکانی بەپێی ڕاپۆرتی حزب سەریانکێشاوەتە هەڵاوسانی زۆر، سوودوەرنەگرتن لەهێزی کار، کەمبوونەوەی بەرهەمهێنان، بێکاری زۆر و گەندەڵی فراوان، ڕاستبکاتەوە. زیتلمان لەچاوپێکەوتنێکدا پێیگوتم: "هەوڵیان نەدا هۆکارە دەرەکییەکان بەکەمتەرخەم بزانن کە هەڵبەتە ئاسانترین کار ئەنجامی ئەوکارە بوو، بەڵام ڕێگای سەختترینیان هەڵبژارد."

سازدانی ئەم کۆبوونەوەیە لە ساڵی ١٩٨٦، خاڵی گرنگی وەرچەرخان بوو، ڕابەرانی سیاسی بە فشارەوە لەسەر چاکسازییەکانی بازاڕ بەردەوام بوون. لە ساڵی ١٩٨٧، یاسایەکی وەبەرهێنانی نوێ پەسندکرا کە تێیدا هاتبوو، ئابووری ڤێتنام بۆ بازرگانیکردن لەگەڵ جیهان کراوەیە. لەم یاسایەدا بەڵێندراوە حکوومەت هەنگاونانێت بۆ زەوتکردن یان بەنیشتمانیکردنی شمەک یان سەرمایەی دەرەکی. 

لەساڵی ١٩٨٨، چەند هەنگاوێک بۆ کەمکردنەوە یان نەهێشتنی بەربەستی حکوومەت لەبەردەم چالاکی ئابووری پەسندکرا. وەک: (لابردنی کۆنتڕۆڵی نرخەکان و پێدانی یارمەتی.هەڵوەشاندنەوەی خاڵە گومرگییە ناوخۆیەکان.ڕێگەدان بەکۆمپانیا تایبەتییەکانی بەدامەزراندنی لانی زۆر ١٠ کرێکار (دواتر زیادکرا).کەمکردنەوە و لابردنی ڕێساکانی تایبەت بەکۆمپانیا تایبەتییەکان.ڕێکخستنەوەی سیستمی بانکی.گەڕاندنەوەی بازرگانیو پیشە زەوتکراوەکانلەبەنیشتیمانیکردندا،بۆخاوەنە تایبەتەکانیان).

لەسەرەتای نەوەدەکان یاساگەلێک پەسندکران کە چوارچێوەی یاسایی بۆکۆمپانیا بەرپرسیار کەمەکان دادەناو ماددەی ٢١ لەدەستووری ساڵی ١٩٩٢، هەندێک مافی خاوەندارییەتی تایبەتی دیاریکرد (و ئازادییەکانی، لەوانە ئازادی ئایین)ی بەڕەسمی ناسی.

ئەگەرچی ڤێتنام لەکانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩١، سۆڤیەتی هاوکار و هاوبەشی بازرگانی سەرەکیخۆی لەدەستدا، بەڵام بە پەلهاویشتنی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی سەرمایەداری (ئوستڕالیا، تایوان، کۆریای باشوورو ژاپۆن)، کاردانەوەی بەرامبەر بەم ڕێککەوتنە هەبوو. ڕێککەوتنە بازرگانییەکان لەگەڵ وڵاتانی ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٠١ تەواو بوو، لە ساڵی ٢٠٠٧ ڤێتنام چووەناو ڕێکخراوی بازرگانی جیهانییەوە.

ئەمڕۆ ڤێتنام یەکێکە لە دە هاوبەشەکەی بازرگانی سەرەکی ئەمریکا. کاتێک گوێزی هیندی و قاوە هەناردەی سەرەکی ئەم وڵاتە بوو، ئێستا بەرهەمی ئاڵۆز و بەنرخی وەک تەکنەلۆژیا، موبایل و پێویستییە ئەلکترۆنییەکانە. ئەمە یەکێک لەپەرجووئاساترین گۆڕانی ئابووری بوو لەمێژوودا و بەدەرئەنجامی سەرسووڕهێنەر گەیشت. لەماوەی ساڵەکانی ١٩٩٠ تا ٢٠٢٢، بەرهەمهێنانی ناپووختی تاک لەڤێتنام زیاتر لەپێنج هێندە بوو و لە ٢١٠٠ دۆلار، گەیشتە ١١٤٠٠ دۆلار.

هەڵبەتە سەرکەوتنی ڤێتنام پاکێجێک نەبوو. هەروەها ڤێتنام تاکە وڵات نەبوو لەهەژاری ڕزگاری بوو. چین، هیندستان و پۆڵەندا چیرۆکی هاوشێوەیان هەیە. قبووڵکردنی فۆرمۆلێکی هاوبەش، ڕووی هاوبەشی چیرۆکیڕزگاربوونی ئەم وڵاتانە بوو لەهەژاری: زیاتر ئازادکردنی ئازادی ئابووری و هەنگاونان بۆ بازرگانی دەرەکی ئازادتر وەک هەموو وڵاتان، سەرکەوتنی ڤێتنام بەرەنجامی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان یان بەرنامەدانانی ناوەندی نەبوو.

سەرکەوتنی ڤێتنام، قبووڵکردنی واقیعیەتی بەتایبەتیکردنی فراوانی گۆڕانکاری ئابووری چین بوو کە بەرنامەدارانی ناوەندی ناتوانن ئیدارەی ئابووری بدەن، کەواتە هەوڵەکانیان لەم بوارەدا وەستاند و تا ئاستێکی زۆر وازیان لەم ڕێگەیە هێنا.

یەکەم هەنگاوی "دوی موی"،بەڕەسمی ناسینی ڕەوایەتی ئابووری سێبەری پێشتر دەرکەوتوبوو. هیچییان بەم مانایە نییە کە ڤێتنام (یان چین) شارێکی یۆتۆپیایی سەرمایەداریین. بە پێچەوانە، بە پشتبەستن بە پێوەرەکانی ئازادی ئابووریی دامەزراوەی هریتیج لە ساڵی ٢٠٢٤، ڤێتنام لەڕووی ئازادی ئابووری لە پلەی ٥٩جیهانی، کەمێک لەسەرووی فەرەنسە، بەڵام لەبەلجیکا کەمترە. ڤێتنامیش دەوڵەمەندترین وڵاتی جیهان نییە. بەپێی ڕاپۆرتی گۆڤاری گڵۆباڵ فاینانس، ڤێتنام بە بەرهەمهێنانی ناپووختی ناوخۆی تاک ١٥٤٧٠ دۆلار، تا ڕادەیەک مام ناوەند، کەمێک باڵاتر لەئۆکراین (١٥٤٦٤دۆلار) و کەمێک لە پاراگوای (١٦٢٩١دۆلار) خوارتر. 

گرنگە بزانین ڤێتنام لەهەشتاکان هەژارترین وڵاتی جیهان بوو، بەڵام وەلانانی سیستمی سۆسیالیستی و قبووڵکردنی بۆچوونی زیاتر تەبای بازاڕی ئازاد، خۆی گۆڕی و دەیان ملیۆن کەس لەهەژاری ڕزگارییان بوو. یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان یان ڕێگاچارەی ستوونی پەرجووی ئەم ئابوورییە نەبوو، بەڵکو ڕێگەدان بەدەستی نادیاری بازاڕ بوو. ئەم زاراوەیە خوازەی ناسراوی ئادان سمیس بۆ ڕێسای خۆیلەخۆیدایە کە لەئابووری بازاڕ ڕوودەدات، شتێکیتری بەخەیاڵی ئەم ئابووریزانە ئۆسکەتلەندیەدا هێنا.

لەکتێبی سامانی گەلاندا دەنووسێت: "بۆگەیاندنی دەوڵەتێک بەباڵاترین پلەی سامان لەخوارترین ئاستی بەربەرییەت، پێویستی بەهیچ شتێکی دیکە نییە جگەلە ئاشتی و ئارامی، باجی سووک و دادپەروەری، هەمووشتەکانی دیکە بەڕەوتی سروشتی کارەکان دێنەدی."

ڤێتنام شاهیدە سمیس فۆرمۆلێکی ڕاستی لەمێشکدابوو. بازاڕی ئازاد، نەک یارمەتی نێودەوڵەتی، کلیلی شکستپێهێنانی هەژارییە و پێویستناکات ئابوریناسێک ئەوە ببینێت.

بۆنۆ، گۆرانیبێژی بەناوبانگ و براوەی خەڵاتی گرامیڕۆکیو دوو،لە ساڵی 2019. زیاتر پێش دەیەیەک بیریهێناینەوە: "بازرگانی سەرمایەداری کارخوڵقێنەران، ژمارەیەک خەڵکی زۆر لەهەژاری ڕزگار دەکات تا یارمەتی دەرەکی." دەردەکەوێت کە بۆنۆ ڕاست دەکات.

ئەگەر مرۆڤەکان جدیین لەبەرگرتن لەسەدان ملیۆن کەسی دیکە کارێک بکەن، ڤۆنگ ژوان ڤۆ کردی، چەند سەعاتێک چاوەڕوانی وەرگرتنی پەرداخێک برنج بن،دەبێت ددان بەهێزی بازاڕە ئازادەکاندا بنێنو بزانن یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان ناتوانن هەر شتێکی نزیک لەوەی بازاڕی ئازاد هەیبێت بێننەدی،کە ئیستەرلی نزیکەی پێش دوو دەیە بەڕەسمی ناسی. لەکتێبی بارگرانی پیاویپێستسپی نووسی: "بیرت نەچێت، یارمەتی ناتوانێ کۆتایی بەهەژاری بهێنێت. تەنها پەرەپێدانی ناوخۆ بەرمەبنای دینامیزمی تاک و کۆمپانیاکان لەبازاڕی ئازاد دەتوانن." بەڵگەی دەیان ساڵە دەریدەخات کە ئەوڕاست دەکات.

*سەرنووسەری ماڵپەڕی دامەزراوەی پەروەردەی ئابووری و نووسەری باڵا لە پەیمانگای ئەمریکی بۆ توێژینەوەی ئابووری.

سەرچاوە: روزنامه دنیای اقتصاد.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە