
كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەی پارێزگاری هەولێر هیچ بڕیارێكی تازەی تێدا نەبوو. ئەو بابەتانەی بەناوی بڕیار خستییەڕوو، دەمێكە بڕیارە و جێبەجێ ناكرێت، بەڵام تای هەڵبژاردن دەمەزەردی كردەوە!
لەگەڵ هەڵكشانی زیاتری مەترسییەكانی پیسبوونی ژینگەی كوردستان بە گشتی و شاری هەولێر بە تایبەتی، لەم ماوەیەدا خەریكە ئەم پرسە ببێتە پرس و خەمێكی گشتی. رۆژانە چەندین راپۆرتی رۆژنامەوانی و نارەزایەتی خەڵك لەو بارەیەوە بەرچاو دەكەوێت. پرسی هەڕەشەكانی سەر شاخی گویژە و پیستربوونی ژینگەی شاری هەولێر دوو نموونەی زەقی ئەم بابەتەن و بەجۆرێك لە جۆرەكان ڕای گشتی دروستكردووە. ئەوە خاڵێكی ئێجگار گرنگە.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، پارێزگاری هەولێر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی باسی دەركردنی چەند بڕیارێكی كرد. لە كاتێكدا سەرجەمی ئەو بابەتانەی جەنابی پارێزگار بەناوی دەركردنی بڕیار خستییە ڕوو، چەندین ساڵە بڕیاری لەبارەیەوە دەركراوە، نەك لەسەر ئاستی پارێزگار بەڵكوو لەسەر ئاستی ئەنجومەنی وەزیران و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەكان، كەچی جێبەجێ ناكرێت.
لەوەش خراپتر، ئەو بابەتانەی باسكراون بە پێی یاسا پێشێلكارین. ئەگەر سیستەمێكی دادوەری ساغلەممان هەبوایە، دەبوو چەندین ساڵە دەیان كەس لە ئاستی بەرپرسانی شار و ئەوانەی بەهۆی كاری بازرگانییەوە تێوەگلاون لەو پرسە، رووبەڕووی دادگا كرابانەوە لەسەر ئەو پێشێلكاریانەی ڕووبەڕووی ژینگەی كوردستان دەبێتەوە كە بۆتە هۆی بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی درێژخایەن و هەڕەشەیەكی مەترسیدار لەسەر تەندروستی گشتی.
بە پێی دواین داتا، رۆژانە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 8000 تۆن خاشاك فڕێدەدرێت بەشێوەیەكی ناتەندروست و دانەپۆشراو لە نزیك شوێنی دانیشتوان. بەتایبەتی مەترسی لە ناو نەبردنی پاشماوەی پزیشكی و تێكەڵاوبوونی پاشماوەكان بە گشتی لەگەڵ ئاوی سەرزەوی و ژێر زەوی. ئەوە لە كاتێكدایە لە هەرێمی كوردستان بەشێك لە خەڵك ئاوی ژێرزەوی وەك ئاوی خواردنەوەش بەكاری دەهێنێت.
هاوكات، زۆر بوونی كۆمپانیا زەبەلاحەكان بە تایبەتی كۆمپانیاكانی نەوت بوونەتە مەترسییەكی تر لەسەر ژینگەی هەرێمی كوردستان. سەرەڕای ئەوەش، تا بە ئێستا ئەو پارەیەی لە چوارچێوەی بەرپرسیارەتی كۆمەڵایەتی كۆمپانیاكانی نەوت وەردەگیرێت، ناچێتە سەر حیسابی بانكی سەندوقی ژینگە. بەپێی بەدواداچوونەكانمان، ساڵانە زیاتر لە 20 ملیار دینار بەناوی باجی ژینگەیی لە كەرتی گواستنەوە لە خەڵك وەردەگیرێت، بەڵام لە خزمەتی ژینگە خەرج ناكرێت.
جگە لەوەش، بەشێكی زۆری كۆمپانیا و كارگەكان ئامادە نین مەرجەكانی پاراستنی ژینگە و هەوای كوردستان جێبەجێ بكەن. داتاكانی شیكاری وێستگەی ناوەندی جۆری هەوای هەولێر نیشانی دەدات جۆرەها گازی ژەهراوی تێكەڵ بە هەوای كوردستان بووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی ئامێر و كارەبای بەردەوام (كالیبرەیشن) و ئەنالیزەر، نەتوانراوە بگەینە داتا و زانیاری تەواو.
زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێل و كارگەكان، پابەند نەبوونیان بە مەرجە ژینگەییەكان، خراپی كوالێتی سوتەمەنی و بنزین، كۆبوونەوەی خۆڵ و خاشاك و دانەپۆشین و كۆنەكردنەوەی بە شێوەیەكی تەندروست، نەبوونی دەزگای ریسایكلین، بوونی ژمارەیەكی زۆری مۆلیدەی ئەهلی بۆ كارەبای ماڵان و پاڵاوتگەی نەوتی خاو، كەمی هۆشیاری ژینگەیی و زۆر بەكارهێنانی ماددەی پلاستیك لە هۆكارە سەرەكییەكانن، هەموو ئەوانەش بۆ شكستی حكومەت دەگرێتەوە لە دابینكردنی سوتەمەنی و كۆمپانیای نیشتمانی و دابینكردنی هێڵی گواستنەوەی گشتی و كارەبای نیشتمانی، ناكرێت تۆ لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو خەڵك داغان بكەیت بەڵام بە دوومانگ پێش هەڵبژاردن بەناوی بریار دەركردن بەبێ ئەوەی هیچ كەسێكیش بدەیتە دادگا باسی دادپەروەری و چاكەی گشتی بكەیت !
بابەتی ئەم هەفتەیەی گۆشەی تارماییە، ئەمرۆ لە رۆژنامەی رێگای كوردستان بڵاوبۆتەوە .