هۆشیاری عەبدولعەزیز 

ڕەنگە یەكێك لە مەترسیە هەرەگەورەكانی داڕمانی پرۆسەی سیاسی و ئیدارەدانی دەوڵەت لە فۆرمە نوێكەیدا بەرجەستە بوون و كەڵكە بوونی قەیرانە  سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی یەكان بێت، چونكە كاریگەرییە نەرێنیەكانی ئەو قەیرانانە ڕاستەوخۆ ڕەنگدانەوەی لەسەر هەموو ئاستە جیاوازەكانی گەشەسەندنی كۆمەڵگاوە هەیە و دەبێتە هۆكارگەلێكی مەترسیدار لە پرۆسەی دەوڵەتداری و ئیدارەدانی كۆمەڵگادا و ناكرێ بە بێ خوێندنەوەی ڕەهەندەكانی پشت سەر هەڵدانی ئەو دۆخە قسە لە سەر چارسەرە بنەبڕكراوەكان بكەین ، ئەم سیجالە لە شیكاركردنی پرۆسەی سیاسی و قۆناغ و هەڵومەرجێكەوە دەگۆڕێ بۆ هەڵومەرجێكی تر و ڕەنگە لە هەریەك لەو گۆڕانكاریانەشدا حاڵەت و دیاردەی نوێ سەر هەڵبدات و كاریگەری هەبێ لە سەر تەواوی  كەرتە خزمەتگوزاریەكان بە كەرتی  سەربازی و بازرگانیشەوە ، واتا هەموو ئەمانە وەك زنجیرێكی لە یەكدراو  گرێدراون بە یەكەوەو چارەسەر كردنی هەریەك لەو قەیرانانەش بەبێ گەڕانەوە بۆ كرۆكی بابەتە بنەڕەتیەكە  كۆمەڵگا توشی شكست و سەرلێشێوان دەكات و لە گەڵ خۆیشیدا ستەمكاری بەرهەمدێنێ،بۆیە پرسیارە جدیەكە لێرەدایە چی ستەمكاری دەكاتە ئەگەرێك یان ڕەفتارێكی نیشتەجێبوون لە زۆرێك لە كۆمەڵگا رۆژهەڵاتیەكاندا بە كۆمەڵگای كوردستانیشەوە ، ئایە قەیرانە تەواوكاریەكە كاریگەری دەبێ لە سەر  گۆرینی دیدوتێروانینی خەڵك ، یان پێچەوانە دەسەڵات لە ڕێگەی بانگەشەی چەواشەكارانە و بە گەڕانەوە بۆ كلتوری پیرۆزكردن خەڵك دەخاتە بەردەم هەڵوێستەیەكی ترەوە، ئایە كەڵكە بوونی قەیرانە جیاجیاكان ستەمكاری یان عەقڵیەتی ستەمكاری بەرهەم دێنێ ، لە وەڵامی ئەمەشدا دەگەینە ئەو بڕوایەی كە تایبەتمەندی قووڵتر لەو نێوانەدایە و لە ئەگەری كەڵكە بوونی قەیرانەكاندا ، جیاوازی ترسناك لە نێوان تاكەكانی كۆمەڵگادا سەرهەڵدەدات و دەبێتە هۆكاری ستەمكاری 

 چونكە ستەمكاری تەنها كوشتن و لە نێوبردنی خەڵكی بێتاوان نیە وەك ئەوەی هەندێجار وا پێناسە دەكرێ ، بەڵكو ستەمكاری لەوەدا خویدەبینێتەوە كە پرۆسەی گەمژاندنی تاك گەشەی پێدەدرێ و لە پشتی ئەو پرۆسەیەشەوە تاك ڕووبەڕووی چەواشەكاری و دەیان جۆر قەیرانی مەترسیدار دەكرێتەوە و كەچی سەرەڕای ئەوەش هێشتا بە ئاراستەیەك دەبرێ كە خۆشی نازانێ‌ چیە ، بۆ ئەمەش گەر كەمێك بە مێژووەی ئەم كۆمەڵگایەدا بچینەوە و كەمێك بە دیقەتتر چاوی پێدا بخشێنین ئەوە بۆمانڕوون دەبێتەوە ئێمە لە كوێی ئەو دۆخەداین كە ئەحزابی حوكمڕان هەڵی دەسوڕێنێ  ، دیارترین تایبەتمەندیش كە كاری لە سەردەكرێت بۆ چەواشەكردنی كۆمەڵگا گرنگیدانە بە ڕۆڵی ترسناكی بیرۆكەی پیرۆزكردن ، پیرۆزكردن بە مانای ڕێزگرتن لە شتێك یان كەسێك نییە، بەڵكو ملكەچبوونی تەواوەتییە لەبەردەم پیرۆزەكاندا، و تا ئەو ڕادەیەی كە زۆرترین قوربانی دەبەخشێ لەو پێناوەدا ، ئەم شتە پیرۆزە كە لەوانەیە كەسێك بێت، یان ڕەنگە بیرۆكەیەك ،یان ئۆبژەیەكی بێ گیان بێت، لە دەرئەنجامی قەیرانەكانەوە سەر هەڵدەدات و دەبێتە ئەو دیاردەیەی كە پیرۆز لێی بڕوانرێ 

نموونەش لەمەدا ستایشی سەلەفیەكانە بۆ سەرۆك و فەرمانڕەواو هەوڵدەدەن بە جۆرێك لە جۆرەكان خەڵك لە قەیرانەكان بخڵافێنن و لە بازنەی كولتوری پیرۆزكردن دا سوودی لێببینن ، ئەم گوێڕایەڵی و پیرۆزكردنە عەقڵیەتێكی دیاریكراوی بە كۆمەڵگا بە گشتی بەخشیوە و وایكردوە تەنانەت گوێڕایەڵی هێزێكی داگیركەریشبن كە  پەلاماری ئەم وڵاتە دەداوو بە ئازادی رەهای خۆی و بۆ بەرژەوەندی خۆی نەخشەی دامەزراوەیی سیاسی و ئیداری وڵاتەكەی مامەڵە بە چارەنووسی ئێمەوە دەكات، ئەم حاڵەتە لە نزمترین ئاستدا، هاوڵاتیانی ئەم وڵاتەی وا لێكردووە لە ئاستی بەرێوەبەردن و دڵسۆزیدا هیچ ئینتمایەكی نیشتمانیان نەبێت و بەشداربوونیشیان لە پرۆسەی بیناكردنی وڵاتدا هەمیشە خەسڵەتی ملكەچی  هەبێت، ئەم ملكەچیەش كە لە خۆیدا دەرهاوێشتەی كەڵكەبوونی قەیرانەكانە بە شێوەیەكی ئایدیاڵ خزمەت بە ستەمكاری دەكات و لە ژێركاریگەری ئەودا هەڵدەسوڕێ

بەكورتی ئەم خەسڵەتە مێژوویە، لە ئێستای پرۆسەی دەوڵەتداری كوردستاندا رەنگیداوەتەوە و ئامادەیی هەیە و سێبەرێكی تۆخی ئەو مێژووەیە كە تاكی ئێمەی پێ دەستەمۆ دەكرێ و كەڵێنێكی روون و ئاشكراشە لە نێوان نوخبەی سیاسی دەسەڵاتدار و هاوڵاتیدا ، لە گەڵ ئەوەشدا نوخبەی سیاسی بەپشتبەستن بە ئەو كلتورە پیرۆزگەرە و بە چەواشەكردنی كۆمەڵگا پێویستی بە ئامرازی سیاسی چەسپاوتر و بەهێزترهەیە بۆ حكومرانی و هەرگیزنایەوێ بە تێگەیشتنی سیاسی و ئینتمای سیاسی و یاسایی مامەڵە بە پرۆسەی حوكمڕانی خۆی بكات كە بەرژەوەندیە كەسی و حزبیەكانیان دەپارێزێ،

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا