هۆشیاری عەبدولعەزیز
لەدوایی چەندین گۆڕانكاری و بەرەوپێشچونی زۆر لە بوارە مرۆڤایەتیەكان بەتایبەت شێوازی بیركردنەوەی مرۆڤ و تێڕوانینی بۆ شتەكان و دوركەوتنەوە لە شڵەژانە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكان و كاركردن لە سەر چەسپاندنی دیموكراسی، كەچی هێشتا دونیای سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و كۆمەڵگای كوردی بەتایبەتی لەو پەری دواكەوتووی و داتەپینی بەردەوامدایە و نەیتوانیوە لە قۆزاخەی چەقبەستوویی فیكری و سیاسی دەربازبێ و بگاتە لانی كەمی بەشێك لەو گۆرانكاریانەی كە لە دوونیادا دەگوزەرێ. چونكە هەنگاونان بە ئاراستەی هەر گۆڕانكاریەك لە پرۆسەی دەوڵەتداری و سیستەمی بەڕێوەبردندا لە سەربنەمای دیموكراسیەت پێویستی بە وشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی و تێگەیشتنی وردی تاكەكانی كۆمەڵگا و كاریگەری عەقڵیەتی گۆڕانكاری هەیە و بەبێ ئامراز و میكانیزمەكانی ئەو كاریگەریانەش مەحاڵە بتوانرێ هیچ بكرێ ، واتا كەسێتی تاك وەك هۆكارێكی بونیادی لە پرۆسەی گۆڕانكاریەكاندا دەتوانێ بڕیار لە چۆنێتی جێبەجێ كردنی هەنگاوەكان بدات و ببێتە داینەمۆی بەرەوپێشچوون و سەرخستنی پرۆسەكە و هەوڵدان بۆ شیكاری ئەو نەخۆشی و مەترسیانەی كە كاریگەری نەرێنی دەخولقێنن لە واقیعی گشتیدا
بەڵام ئەمە بۆ كۆمەڵگای ئێمە پێچەوانەیە و خەڵك لە گێژاوێكی گەورەی فیكری و سیاسی و ئاكاری دایە و لە دۆخی بێدەسەڵاتیدا دەخولێتەوە و نەیتوانیوە ببێتە ئەو فاكتەرە بەهێزەی كە كاریگەری لە سەر ڕەوتی روودا و گۆڕانكاریە سیاسی و ئابوریەكان بێت و دیموكراسیەت بە خاڵی وەرچەرخانی كۆمەڵگا بزانێ ، چونكە گەشەی كۆمەڵگەو كەلچەری بیركردنەوە و ژینگەی تێگەیشتنی كۆمەڵگەی كوردستانی لە ئاستێكی یەكجار نزم و لاوازدایە و نەیتوانیوە بابەتیانە لەو دۆخە بڕوانێ كە ئەحزابی حوكمڕان لە پێناو خۆیان و بەرژەوەندیە كەسی و حزبیەكانیاندا بەرجەستەیان كردوە، بەم چەق بەستنەش تاكی كورد هیچ جۆرە كاریگەریەكی لە سەر ڕەوتی رووداو پرسە گرنگە ناوخۆی و دەرەكیەكان كە ڕاستەو خۆ كاریگەری جێدەهێڵ لە سەر ئەو دیفاكتۆ كۆمەڵایەتی و سیاسیەی كۆمەڵگای كوردی نیە، بە مانایەكی تر لە دۆخێكی متبوودایە و نایەوێ جێگوڕكێ بەو فاكتە نەخوازراوانە بكات كە دەسەڵات دروستی كردوە
واتا كۆمەڵگای ئێمە لەپاڵ ئەو هەموو قەیرانەدا كە سەرتاپای كۆمەڵگای داپۆشیوە ، خۆی بووتە ڕاگری ئەو دۆخە و خۆڵقێنەری ئەم مۆدێلی حوكمڕانیەی كە ئێستا دەیبینین، واتا گۆڕینی فۆڕم و ناوەڕۆكی ئەو كولتوورە سیاسیە سەقەتە لە خراپ بۆ خراپتر بەرهەمی بێدەنگی و كپ بوونی تاكی كوردە و خودی كۆمەڵگا بەرپرسیارە لەم هەڵومەرجە سیاسیەی كە بوار بە هیچ جۆرە دەزگایەكی كۆمەڵایەتی وسیاسی تر نادات كە خاوەن دیدێكی تایبەت بێت بۆ حوكومڕانی و ئیدارەدانی دەوڵەت ، ئەمە لە كاتێكدا ئەم حیزبە دەسەڵاتدارە بنەماڵانە خزمەتی كەمینەیەكی باڵای بنەماڵە دەكەن لە ناوخودی حیزبدا و ئەندامەكانیشیان بەو ئاراستەیەدا دەبەن كە ئەمە میكانیزمی ڕاستە قینەی دەسەڵاتە و دەبێ بەگشتی كار لە سەر پاراستنی بەرژەوەندیەكانی حزب و دەسەڵاتەكەی بكرێ و لە بازنەی حیزبیشەوە بگوازرێتەوە بۆ كۆمەڵگا
ئەمەش وایكردووە ئاسەوار و لێكەوتەكانی ئەم دۆخە تادێت بەرەو دیاردەی مەترسیدارتر و لێك هەڵوەشانەوەی زیاتر بڕوات، تا ئەو ئەندازەیەی دابڕانێكی قوڵ لەنێوان خەڵك و دەسەڵاتدا دروست بووە و گەیشتۆتە ئاستێك كە خەڵك خوازیاری گەڕانەوەی دەسەڵاتی بەغدایە و دەیەوێ ئەو ڕزگاری كات لەو دۆخە ناهەموارەی كە ئەحزابی حوكمڕان خولقاندوێتی و لە گەڵ ئەوەشدا ئەحزابی حوكمڕان بەپێچەوانەی هەموو بارودۆخەكە و بە هەموو ئەقڵی هاتوە نەشتەرگەری لە شێوازی بیركردنەوەی خۆیدا كردووە و لە بری داكۆكی لە ماف و داخوازیە ڕەواكانی گەل ، دیسان كەوتوونەتەوە شەڕە دەنووكی حوكمڕانی و تەنها چاویان لە ماف و ئیمتیازەكانی خۆیانەو دەیانەوێ لەوش زیاتریان دەست كەوێ كە ئێستا لە بازاڕی سەرمایەی جیهانی دا و بەناوی چەندین كۆمپانیا و دامەزراوەی زەبەلاحی قازانج ویستەوە هەیانە
بۆیە ئەگەر لەم ڕوانگەیەوە و بەشێوەیەكی قوڵتر لەدۆخی كوردستان ڕامێنین دەبینین فەزای سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی ئەم كۆمەڵگایە لە فەوزایەكی تەواو پەرشوبڵاوی كۆمەڵایەتیو كولتووریو ئاینی گەورەدایە و ئەمەش وایكردوە كۆمەڵگا ڕووبەڕووی دابەشبونو پەرتبونێكی مەترسیداری ناسروشتی بێتەوە، بەجۆرێك وەك ئەوەی دونیای سیاسی و كۆمەڵایەتی ئێمە لەدەرەوەی بازنەی ئەو ڕووداوانەدایە كە ناوچەكەی تەنیوە و بە چركە چاوەڕوانی ئەگەرەكانی گۆڕانكاری لێدەكرێ