هۆشیاری عەبدولعەزیز
یەكێك لەپایەگرنگەكانی سیستەمی دیموكراسی و بەهێز بوونی بنەماكانی ئەوەیە كە چۆن ولە چی رێگەیەكەوە دووجەمسەری دەسەڵاتدار و ئۆپۆزسیۆن بە مانا گشتیەكەی كە هاوبەش دەبێتەوە لە گەڵ خەڵك بسەلمێنرێ.چونكە وەك دەوترێ دوو جەمسەری یان ڕاستر جەمسەر بەندی خەڵك و دەسەڵات لە كۆمەڵگادا بۆخۆی دەبێتە هۆكاری كۆنكرێتی لە پاراستنی پەیكەری ژیانی سیاسی وكۆمەڵایەتی وئامرازەكانی حكومەتكردن وهاوكات دەبێتە ڕێگر لە بەردەم ڕەهەندەكانی پاوەن خوازی و كۆنترۆڵكاری لە دەسەڵاتدا و ناتوانرێ پانتاییەك لە ستەم كاری و پوكانەوەی حیكمەتی سیاسەت كردن بخولقێنرێ كە بەرجەستەبوونی لەهەر كۆمەڵگەیەكدا مەترسی دارەو ناجۆرە بەواقیعی گشتی تاكەكان،هەربۆیەش دەبینین لە زۆربەی زۆری ووڵاتانی خۆرئاوا وئەوانەی بانگەشەی دیموكراسیەت دەكەن ئەم فرە جەمسەریە مۆدێلێكی گرنگ و پڕبایەخەو بەشێوەیەكی بابەتیانە كار لەسەر پایەكانی ئەو مۆدێلە دەكرێ و ڕێگر نییە لەبەردەم پرۆسەكانی دەسەڵاتدا كە زۆرجار ئێمە مەتریسیمان لێیەتی. تەنانەت لەو ووڵاتانە پێش هاتنە سەر كورسی دەسەڵاتیش بەشێوەیەك لەشێوەكان و بەتایبەت لە چاودێری كردنی دەسەڵاتدا ، ئەم جەمسەربەندیە ڕێگرە لەبەردەم جێ بەجێ كردنی ئەو پرۆسە مەترسی دارانەی كە ئایندەی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری ئەوووڵاتەی پێوە بەستراوە و دەست لێدانی ڕەوشێكی ناسەقامگیر بەرهەم دێنێ .
بەڵام پێچەوانە بەم مۆدێلە و مەسەلەكانی حكومەتكردن ودەسەڵاتدارێتی ، ئەم پرسە لە كۆمەڵگای ئێمەدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەپووكێتەوە ودەبێتە بابەتێكی لاوەكی و شەپۆلێك لەنائومێدی لەناو جەستەی زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەم مەملەكەتە بێخاوەنەدا دروست دەكات لە بەرانبەریشدا كەس نقەی لێنایەت و ناپرسێ ئەرێ بەڕاست ئێمە چی ئەكەین , لە بەرامبەریشدا و بەبێ ڕەچاووكردنی ئەو بارودۆخە ناهەموارە كە خەڵكی هەراسانكردوە تاكی ئێمە لە نێو ئەو دونیا خراپ و پڕ لە ئیشكالیەتەدا دا هەست بە نامۆبوونی خودی خۆی دەكات و وایلێهاتوە هەرچی سێستەمی دەسەڵات و كارەكتەرەكانێتی بە پوولێكی قەڵپ نەكڕێت ، دیارە گەیشتن بەم تێگەیشتنەش حاڵەتێكی خراپەو ڕەنگە دواجار ببێتە هۆكاری پەشێوی وناسەقامگیری و فەوزایەك كە لە ئێستادا سەرەتاكانی دەبینین .
چونكە تێكشكانی تێڕوانین و بیركردنەوە لە خۆڕزگاركردن لە ئافات و لێكدانەوەی خراپ لە خۆیدا بەرهەم دەهێنێ و حاڵەتی نائاسایی بەرجەستە دەكات ، لەمەوەیە كە ڕووداوەكان بەردەوام پێمان دەڵێن ,تۆیی تاكی ئەم كۆمەڵگایە ناتوانێت لەم وڵاتەدا نەك ئایندەی نەزانراوت بكەیتە پرنسیپی تێگەیشتن وخوێندنەوەت بۆ شێوازی حكومەتكردن, بەڵكو دەبێ بەردەوام تۆ هەڵگری گێرمە وكێشەو نەهامەتیەكان بیت و قسە لە چارەسەر نەكەیت، ئەمەیە گرفتەكە كە مرۆڤ لە ژینگەیەكی جیاواز بە واقعی خۆی تووشی جۆرێك لە نامۆبوون بێ ولە بەرانبەریشدا رێگەی نەدرێ كار لە سەر چارە سەرو دۆزینەوەی توخمەم ورەگەزەكانی چارە سەر بكاتەوە ,
ئەوەی لێرە مومارەسە دەكرێ دەقاو دەق پێچەوانەی پرنسیبەكانی سێستەمی دیموكراسیە و لە گەڵ هیچ یاسایەكدا نایەتەوە جگە لە ستەمكاری و فەوزا كە ئەمانە ڕاستەوخۆ بانگەشەی بۆدەكەن ، چونكە نەبوە حكومەتێك دوای چەندین ساڵ لە حوكمڕانی و بیستنی قسەو رەخنە بەردەوامبێت لە پاراستنی كاراكتەرە چەتە و بازرگانە مافیاكانی لە پرۆسەی حوكمڕانیدا ، بە مەرجێك باشیش دەزانن ئەو پرۆسەی چەتەگەری و گەندەڵیە چەند كاریگەری نەرێنی جێهێشتووە لە سەر خودی خۆیان و چەن ناشرینی كردوون لە پێشچاوی كۆمەڵگاو خەڵكەكەی ، سەیرە هێندە گەندەڵی ئیداری و ئەخلاقی پەرەی گرتوە چانسێك نەهێڵراوەتەوە بۆ ئەوەی تاكی ئێمە كەمێك بابەتیانە لە خۆی و دەوروبەری خۆی بڕوانێ و بشزانێ ئەركی چی یە لە كۆمەڵگادا
بەكورتی ئەمانە وەك نە بایان دیبێ و نەباران , كارلەسەر بەردەوامی پرۆسەی دەوڵەتداری مافیایی خۆیان دەكەن و سەرتاپای ژیانی خەڵكیان كردۆتە مەهزەلەی سێستەمی دەسەڵاتدارێتی و بەردەوامن لە حكومەتكردن و گوێ بەهیچ نادەن ، واتا دەكرێ بێژین لێرە لەم كۆمەڵگایە شكۆ و ئیرادەی خەڵك ونارەزایەتیەكانیان خراوەتە ژێرپێ و بەردەوامیشن لە هەڕەشە و گوڕەشەی دووبارە كردنەوەی ئەو فۆرمەی كە لەرابردوودا بەعس تەوزیفی كردبوو لە شكاندنی تاكدا، گەر وانییە بۆدەبێ بەردەوام یاری بە كەرامەتی تاكەكانی ئێمە بكرێ و تاكە مانایەكیش نەبێت بەئاراستەی تێگەیشتن لە هونەری سیاسەت كردن و حكومڕانی بە بارتەقای ماف و داخوازیە ڕەواكانی خەڵك ، ئەوەشی دەكرێ تەنها خۆ لە گەڕیدان و شكاندنی شكۆی كۆمەڵگایە و هیچی تر