هیوا عومەر
ئاماژەی گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نیازی نەخشەیەكی تازەی دابەشكردنەوەی هێز و هەیمەنەی وڵاتانی نێودەوڵەتی و هەرێمی لە دۆخی ئاماژە و نەخشەدانانەوە پەریوەیەوە بۆسەر ئەرزی واقیع.
بوونی قەیرانی دەوڵەت لەم ناوچەیە و ویست و قازانجی وڵاتانی زلهێز بۆ سەرلەنوێ دابەشكردنەوەی هێز و سەرچاوەكانی داهات و بازار ، دوو هۆكاری سەرەكی گۆڕانكارییەكانن، گۆرانكارییەك هێشتا تەواو ڕوونییە نەخشەكە چییە وچۆنە و زڵهێزەكان لەسەر چی رێككەوتن یان تاچەند دەتوانن ئەو رێكەوتنە لەسەر ئەرزی واقیعدا جێبەجێ بكەن، رەنگیشە هەمووئەوانە ببێتە هۆی رێكخستنەوەی جیوسیاسیی تازە .
روخانی رژێمی ئەسەد و ئەم گۆڕانكارییە خێرایە بۆ ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان دەكرێت وەك دەرفەت و هەروەها بەربەستیش لێكبدرێتەوە، واتە دەكرێت ببێتە دەرفەتێك بۆ فراوانكردن و جێگیركردنی ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان یانیش ببێتە هۆی بچوككردنەوە و لاوازكردنی .
ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان پێش هەمووشتێك وەك ئەمری واقیع ( دیفاكتۆ) بونێكی پربایەخە ناتوانرێت حیسابی بۆ نەكرێت، لەوەش گرنتر ئەم ئەمری واقیعە لەڕووی ئەزموونی حوكمڕانی و بەشداركردنی پێكهاتەكان وبەشداری سیاسی و سەربازی ژنان و بوونی دیدگایەكی ڕوون لەناو ئەو زڵكاوەی هێزە دینی و مەزهەبیانەی سوریا بۆتە سەرچاوەی ڕوناكی و ژیان و ئەزموونێكی تازەی بەرێوەبردن و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ .
بوونی سەركردایەتیەكی یەكگرتوو رێكخراو لەگەڵ هێزێكی سەربازی خاوەن پرنسیپ و بیروباوەڕ یەكێكی ترە لە هۆكارە گرنگەكان بۆ داكۆكیكردن لە خاك و خەڵكی رۆژئاوای كوردستان و تەنانەت ناوچەكانی تریش هاوكات توانیویانە هاوسۆزی نێودەوڵەتیش بۆخۆیان ڕابكێشن .
لەبارمبەرئەوەدا خاڵی تریش هەن كە وەك بەربەست تا ئاستی مەترسیش كاریگەری خۆی هەیە لەسەر ئەزموونی رۆژئاوا و هاوكێشەی سیاسی و سەربازی شەری ئەمجارەی سوریا و گۆڕانكارییەكان .
لەوانە، توركیا رۆڵی بەهێزی هەیە و پێدراوە لە گۆڕانكارییەكانی سوریا، پێگەی توركیا هەم لە ئاستی نێودەوڵەتی و هەمیش لە ئاستی كاریگەری لەسەر هێزە توندڕەوەكانی وەك دەستەی تحریری شام هتد ... كەم نییە .
لە لایەكی تر دەبینین رێكەوتنێكی نێودەوڵەتی و هەرێمی بەرێوەدەچێت بۆ لێدان لە پێگەی ئێران و هێزەكانی سەربەئێران لە بەرامبەر ئەوەشدا پێگەی روسیا لە ئۆكڕانیا بەهێزتردەبێت و رۆڵی توركیاش زیاتر دەبێت لە گۆڕانكارییەكانی سوریا بەڵام پرسیار ئەوەیە ئەو رێككەوتنە تاچەند لەسەر بنەمای سازشی ئەمریكا دەبێت لەسەر حیسابی مافەكانی گەلی كورد و ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان ؟
وەڵامی ئەم پرسیارە ئاڵۆز و پر گرێیە، چونكە بنەمای پاڵپشتی ئەمریكا بەرژەوەندییە بەڵام ئەوەش بە مانای لەبەر چاونەگرتنی ئەو ئەمری واقیعەی رۆژئاوای كوردستان نییە، هەروەها بەمانای ئەوەش نایەت بەرژەوەندی بەشێك لە زڵهێزەكانی جیهان بە ئەمریكاشەوەتەواو ناكۆك بێت لەگەڵ بوونی قەوارەیەك تا ئاستی دەوڵەتیش بۆ گەلی كوردستان .
لەگەڵ ئەوەشدا لە بری سنورداخستن ،دەبێت گفتوگۆیەكی نیشتمانی و نەتەوەیی و كوردستانی لەسەر ئاستی هەرچوارپارچەی كوردستان دەست پێبكرێت بۆ ئەوەی گەلی كوردستان داواكاری و ئامانجی ئەم قۆناغە هەستیارە دیاریبكات و بە هەموولایەك پاڵپشتی بكرێت، ناكرێت وەك ئەزموونی ڕوخاندنی دەسەڵاتی بەعس لە عێراقدا كورد خۆی ڕادەستی رژێمی تازەی سوریا بكاتن بەبێ بوونی قەوارەیەكی كوردستانی لە رۆژئاوای كوردستان .
سەڕەڕای لەبەرچاوگرتنی مەترسییەكان ناتوانین بە گەشبینییەكی شۆرشگێرانە تەماشای دوارۆژی گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان نەكەین .