بە ڕوونی
كاوە مەحموود
كۆمەڵگای ڕاگوزار لە قۆناغی دیكتاتۆری و حوكمی ئۆتۆكراتی بەرەو بنیاتنانی كۆمەڵگایەكی دیموكراسیخواز، كە دیدی بۆ دیموكراسی لە بازنەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن فراوانتر بێت و هەنگاوەكانی دەربازبوون لە قەیرانەكانی دەوڵەت و كۆمەڵگا بێت، پێویستی بە ڕەخساندنی زەمینەیەكی كۆمەڵگایی لەبار هەیە، كە تیایدا كارتێكردن و لێكەوتەكانی قۆناغی حوكمی دیكتاتۆری پاكتاو بكرێت.
لە قۆناغی ڕاگوزاردا گرنگە كار لەسەر بواری ئەو قەیران و گرفت و كێشە كۆمەڵایەتی و ئابووری و كەلتورییە بكرێت، كە لە میانەی حوكمی دیكتاتۆریی گشتگیر بەرهەمهێنراوە و، بۆتە هۆی پەراوێزخستن و سەپاندنی یەك دید و یەك ئاراستە لە حوكمرانی و هەڵسوكەوت و، هەڵبەتەش وردەكاریكردن لەو كێشانە بە پێی تایبەتمەندی هەر كۆمەڵگا و دەوڵەتێك و، لە چوارچێوەی تایبەتمەندی بواری نەتەوە و ئاین و ئاینزا و پێَكهاتە و كەلتوری جیاواز، ڕەنگدەداتەوە.
بەم جۆرە هەر كۆمەڵگایەك دووچاری مێژوویەك لە توندوتیژی و پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و سیاسەتی داپلۆسین و پێكدادانی چەكداری ببێتەوە و، بیەوێت ڵاپەڕیەكی دیكەی نوێی ژیانی مەدەنی و بەیەكەوەژیان و سەقامگیری گشتگیر و ئاشتیبەردەوام و، ڕێكخستنەوەی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان لەسەر بنەمای یەكسانی و عەدالەت و قایلبوون بە شوناسی بەرامبەر وەك خۆی دوور لە سەپاندن، بنیاتبنێتەوە، ئەوا پێویستی بە قۆناغیكی گواستنەوە هەیە، كە بتوانێت شوناس و مۆرك و پێداویستی و مەرجەكانی تێپەڕاندنی قۆناغی گواستنەوە بە شێوەیكی سەركەوتووانە دەستنیشان بكات.
مەرجی سەرەكی تێپەڕاندنی قۆناغی گواستنەوە و پاكتاوكردنی سەرجەم لێكەوتەكانی حوكمی دیكتاتۆری و دەسەڵاتی تاكە نەتەوە یان تاكە ئاین و ئاینزا لەو كۆمەڵەگا و دەوڵەتانەی فرە نەتەوەیی و ئاینی و كلتوری تێدایە، پێویستی بە قۆناغی عەدالەتی ڕِاگوزار هەیە.
عەدالەتی ڕاگوزار لە پراكتیكدا چەمكێك نییە تەنیا گۆشەیەك و لایەنێكی دیاریكراوی كۆمەڵگای ڕاگوزار بە تایبەتەمەندییەكانی خۆیەوە بگرێتەوە، بەڵكو چەمكێكی هەمەلایەنە، كە سەرەڕای تایبەتمەندی هەر كۆمەڵگایەكی تێپەربوو بەو قۆناغە، هەندێ پرنسیپی هاوبەش هەیە، كە تا ڕادەیك بیری سیاسی لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێیگەیشتووە.
پرنسیپی سەرەكیی هاوبەش لە پێناسەكردنی عەدالەتی ڕاگوزار، كە چۆتە نێو بەڵگەنامەكانی یاسای نێودەوڵەتی، لە پێناسەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئەم چەمكە بەرجەستە دەبێت، كە عەدالەتی ڕاگوزار تێكڕای ئەو پرۆسە و میكانیزمانەیە كۆمەڵگا كاری بۆ دەكات لە پێناوی تێگەیشتن بۆ پاكتاوكردنی ئەو پێشێلكارانەی پێشتر ڕوویان داوە، بەو مەبەستەی لێپرسینەوە مسۆگەر بكات و عەدالەت جێبەجێ بكات و ئاشتبوونەوە ئەنجام بدات. بەم جۆرە مەبەست لە عەدالەتی ڕاگوزار داپێنانە بە قوربانیەكانی قۆناغی پێشتر، كە كەسانێكی خاوەن مافن و، زامنی جێبەجێكردنی ئەو مافەش مایەی درووستبوون و چەسپاندنی متمانەی تاكی خاوەن تایبەتمەندی جیاواز و فرە كەلتورە لە كۆمەڵگادا و، متمانەش بە دامەزراوەكانی دەوڵەت و، هەنگاوەكانی پشتگیری لە مافی مرۆڤ بتەوتر دەكات و، حوكمی قانون سەروەر دەبێت و، بوار بە دووبارەبوونەوەی پێشیلكاری لە مافی مرۆڤ و نەتەوە و پێكهاتەی جۆراجۆر نادرێت.
هەنگاو و میكانیزمەكانی عەدالەتی ڕاگوزار بواری لێكوڵینەوە لە ڕووداو و پێشێلكارەكانی قۆناغی پێشوو و، زامنكردنی قەرەبووكردنەوە بۆ قوربانییەكان دەگرێتەوە و، پێویستە سەرجەم ئەم ئاراستەیە هاوكات بێت لەگەڵ هەنگاونان بۆ چاكسازی دەستووری و قانونی و، بنیاتنانی دامەزراوەیی كارا و، بوونی كۆمەڵگای مەدەنی بەهێز و، دەستپێشخەری بۆ پەروەردەكردن بە دیالۆگی كەلتوور و شارستانییەكان و، سوود وەرگرتن لە ئەزموونە مێژوویەكان بۆ داڕشتنەوەی مێژووی هاوچەرخی ئەو كۆمەڵگایە، بە ئاراستەی بەیەكەوەژیان و چەسپاندنی نەریتی مرۆڤایەتی.
خاڵە گشتگیرە هاوبەشەكان، كە شوناسن بۆ چەمكی عەدالەتی ڕاگوزار بریتییە لە چەندین بابەتی بەیەكەوە گرێدراو، لە سەرووی هەموویانەوە بابەتی گشتگیری لە پرۆسەی عەدالەتی ڕاگوزار، كە ناكرێ تەنیا گروپێك یان تاقمێك و دەستەبژێرێكی دیاریكراو بگرێتەوە. گشتگیری لە پراكتیكدا دەڕوانێتە سەرجەم خاوەن بەرژەوەندییەكان لە پرۆسەی عەدالەتی ڕاگوزار، كە بوونەتە قوربانی و ئەوانەش كە تاوان و پێشێلكاریان ئەنجام داوە، دوور لە تەماشاكردنی پاشخانی ئاینی وئاینزایی و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی و ڕەگەزی ئەو گروپ و كەسانەی لە قوربانی و تاوانبار كە عەدالەتی ڕاگوزار دەیانگرێتەوە.
بەڵام بە شێوەیكی گشتی ڕەهەندی سەرەكی عەدالەتی ڕاگوزار دانپێنانە بە مافی ئەو كەسانەی لە قۆناغی پێشتر بوونەتە قوربانی و، كار بۆ پاراستنی شكۆیان و رێزگرتن لە بیروباوەڕیان و، قەرەبووكردنەوەیان لە ڕێگای دەزگا و دامەزراوە نیشتمانی و لۆكاڵییەكانەوە، ئەنجام بدرێت.
تێپەڕاندنی قۆناغی عەدالەتی ڕاگوزار پێویستی بە ڕچاوكردنی ڕێڕەوی سیاسی و مێژوویی و یاسایی و تایبەتمەندی لۆكالی و كەلتووری هەر كۆمەڵگایەك هەیە، بە ڕچاوكردنی داوای چاوەڕوانكراوی قوربانییەكان و مافی تاكەكەسییان، كە وابەستە بە دابینكردنی عەدالەت و مسۆگەركردنی ئاشتبوونەوەی گشتی و هەنگاونان بۆ بنیاتنانەوە و گەشەپێدان.
هەنگاوە كردەییەكانی عەدالەتی ڕاگوزار دوای لێكوڵینەوە و گەیشتن بە ڕاستییەكان، هەنگاوی دادگاییكردنی تاوانباران و قەرەبوكردنەوەی قوربانییەكان مەرجی پێویست بەردەوامبوونی پرۆسەكەیە، لە سایەی سیستم و دەسەڵاتێكی دادوەریی گونجاو لەگەڵ گۆڕانكارییە نوێكان، تا گەیشتن بە دۆخی ئاشتبوونەوەی گشتی و بەیەكەوەژیان.
بەشێك لە مەرج و پێداویستییە سەرەكییەكانی سەركەوتنی عەدالەتی ڕاگوزار، وابەستە بە پرسی ژنان و بابەتی یەكسانی جەندری و، لابردنی نایەكسانی لە مافدا و، چارەسەركردنی دەروونی ئەو ژنانەی، كە توندوتیژی سیكسی دژیان ئەنجام دراوە، كە ئەم حاڵەتانە لە مێژووی مرۆڤایەتی و لە هەلومەرجی هاوچەرخدا لە شاڵاوەكانی جینوسیایددا، ئەنجام دراوە.
عەدالەتی ڕاگوزار لەم جۆرە حاڵەتاشەدا پێویستی بە بەشداركردنی ژنانە لە ناوەندەكانی بڕیار و، لە سەركردایەتی پرۆسەكانی جیبەجێكردنی عەدالەتی ڕاگوزار و، لە هەموو دۆخێكدا بەشداری خودی قوربانییەكان لە پرۆسەكانی عەدالەتی ڕاگوزار و، گفتوگۆكردن لەگەڵیان و گوێگرتن لە پێشنیازەكانیان و، كاركردن بۆ تواناسازیكردنیان بنەمای سەرخستنی پرۆسەكەیە.
تێڕوانین بۆ چەمكی عەدالەتی ڕاگوزار لە دیدی ئەنجامدانی ئەم خاڵ و مەرج و پێداویستییانە، ئاسۆیەكی ڕوانینە بۆ ئایندە و، هەنگاوێكە لە كاروانی پرۆسەی گۆڕانكاری كۆمەڵایەتی و، بێ پاكتاوكردنی لێكەوتەكانی رابووردوو و نەهێشتنی سیاسەتی پەراوێزخستن و، كردنەوەی لاپەڕەی نوێ ناكرێ، باسی لێوە بكرێت.
عەدالەتی ڕاگوزار بە شێوەیكی مێژوویی لە دوای دووەمین شەڕی جیهانەوە، بە چەندین قۆناغ تێپەڕێوە و، لە ڕێڕەوی ئەم كاروانەدا و لە ئەزموونی جۆراجۆردا بنەماكانی زیاتر گەڵاڵە بووە و، لە ئەزموونی نێودەولەتی هاوچەرخدا نموونەی جۆراجۆر لە ڕواندا و ئەفریكیای باشور و گواتیمالا و باشوری سودان هەبووە و، هەر كۆمەڵگا و دەوڵەتێكیش تایبەتمەندی خۆی و خاڵی ئەرێنی و نەرێنی تیادا بەدی دەكرێت و، لە هەندێ نموونەش وەك دەوڵەتی عێراق پاش 2003 سەركەوتوو نەبووە و، ئەم ئەزموونە شكستخواردووەش بابەتی باسكردنی ئایندەمان دەبێت.