هیوا عومەر

 

گەڕانەوەی هەزاران خەڵكی كەركوك بۆ شوێنی ڕەسەنی خۆیان بەمەبەستی بەشداریكردن لەسەرژمێريی دانیشتووانی عێراق و هەرێمی كوردستاندا، پێش ئەوەی گەڕانەوەیەكی نوستالیژیانە بێت گەڕانەوەیە بۆ پاراستنی شوناس و ناسنامەی كوردستانیيەتی شاری كەركوك، هەڵوێستێكە جارێكی تر پێماندەڵێت خەڵكی كوردستان سەرەڕای ناڕەزایی و رەتكردنەوەی سیاسەتی خێڵەكی و ناوچەیی و دوو زۆنی، ئەوە هاووڵاتیيانی ئاسایین دەیانەوێت ناسنامەی كوردستانیيەتی ئەو ناوچانە بپارێزن.

هاووڵاتیيان بە ئەزموونی خۆیان تێگەیشتوون پرسی سەرژمێری وەك بانگەشەی بۆ دەكرێت تەنها پرسێك نییە پەیوەندی بە پلاندانان و روئیای گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بێت، بەڵكو هەر كاتێك دەسەڵاتدارانی بەغدا بیانەوێت بەكاریدەهێنن بۆ درێژەپێدانی سیاسەتی ناوەندێتی زیاتر و فەرزكردنی نەتەوە و مەزهەبی باڵادەست .

ئەم گەڕانەوە گەرم و گوڕەی هاووڵاتیيان جارێكی تر پێماندەڵێت ئەگەر حزبە دەسەڵاتدارەكان كوردستان تەنها وەك غەنیمەی شەڕ تەماشابكەن و هەر خەریكی تەخشان و پەخشانكردنی سامانی ژێرزەوی سەرزەوی بن بەسەر خۆیان و دارودەستەكەیان، بەڵام هاووڵاتیيان تێگەیشتوون لە داهاتوودا لە توانادا هەیە كوردستانێكی تر بنیادبنێن كوردستانێك بۆ هەمووان نەك كوردستانی دوو زۆنی و بنەماڵە سیاسیيەكان.

ئەگەر بگەڕێينەوە بۆ ئامارەكان، ڕێژەی كورد لە عێراقدا لە ڕۆژی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لە كەمبوونەوەدایە، لە یەكەم سەرژمێریی باوەڕپێكراو لە عێراقدا، لە 1947 ڕێژەكە زیاتر لە 28٪ بووە، تا دەگاتە ئەمڕۆ كە رێژەی بودجە و بەشی كوردستان لەسەر نیوەی ئەو ژمارەیە هەژماردەكرێت . ئەم كەمبوونەوەیە دەرئەنجامی سیاسەتێكی پەیڕەوكراوی مێژووی كۆن و تازەی عێراقە لەمڕۆدا لە هەموو كات زیاتر مەیلی ئەو سیاسەتە زیاتر و زیاتر دەبینرێت بە سوودوەرگرتن لە گۆڕانكارییە جیهانی و هەرێماتییەكان .

ئەم گەڕانەوەیە و روحیيەتی بەرەنگارییە، بەشێكە لە هەستێكی دەستەجەمعی بە مەترسی زیاتر لەسەر شوناسی كوردستانیيەتی ئەو ناوچانە و شوناسی كوردبوونمان.

ئەوان تێگەیشتوون ئاماژەنەدان بە ناسنامەی نەتەوەیی لەم سەرژمێرییەدا بۆ پاراستنی راستییە مێژووییەكان نییە، بەڵكو بۆ پەردەپۆشكردن و شاردنەوەی گۆڕانكاری و پاشەكشەی رێژەی كورد و پێكهاتەكانی تریشە لە سەرتاسەری عێراقدا.

ئەوان باشتر تێدەگەن لەمڕۆدا كوردستان لەبەردەم چ هەڕەشەیەكی دەسەڵاتدارانی ناوەخۆ و بەغدا و پایتەختەكانی توركیا و ئێرانیشدایە.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا