هۆشیاری عەبدولعەزیز..
ئەگەر كەمێك بابەتیانە لە بارودۆخی ڕوژهەڵاتی ناوین و كەشی گۆڕانكاریە چاوەڕوانكارەوەكان بڕوانین و جدیتر هەڵوێستەیەك لە پەلامار و هەڕەشەكانی هەردوو دەوڵەتی ئێران و توركیا بكەین لە ئاست دۆزی كورد و پرسی یەكلایكردنەوەی كێشەكانیان ئەوە زۆر بە ڕوونی تێدەگەین كە ئەم دەوڵەتانە نیەتیان چیە و چۆن بەپاساوی جۆراوجۆری بێ بنەماو بەئاشكرا پەلاماری هەرێم دەدەن و دەست لە تەڕو وشكی ئەم نیشتیمانە ناپارێزن، بێسڵكردنەوەش بەردەوامن لە بەزاندنی تەواوی عورف و یاساوڕێسا نێودەوڵەتییەكان و دڕندانەتر لەجاران كەوتوونەتە پەلاماردانی هەرێمی كوردستان و پێشێلكردنی سەروەری خاكەكەی و وەك دوو وڵاتی داگیركەر دەیانەوێ ئێستاش بەهەمان ئەقڵیەتی ڕابردوو مامەڵە لە گەڵ پەراوێزەكانیاندا بكەن ، لە كاتێكدا ئەمە ڕاست نیە و هەرجۆرە پێشێلكاریەك بەرانبەر كوردستان بۆخۆی نیشانەی پرسیاری لە سەرە و ئاماژەیەكی مەترسیدارە بەتایبەت كاتێك ئەو هەڵوێستە لاوازو تەمومژاوییانەی هەردوو پەرلەمان و حكومەتی هەرێم و بەغدا دەبینین لە هەمبەر ئەو دەستدرێژی و پێشێلكارییانەی دەكرێتە سەر هەرێمی كوردستان، چونكە ئەوەی دەگوزرێ لەم ئاستەدا خۆی هێما بۆ ئەوەدەكات كە هەرسێ وڵات هاوڕان لە سەر لاوازكردنی كورد و ئەمە گەلەكۆمەیەكی نوێیە و دەیانەوێ قەوارەكە هەڵوەشێننەوە و ڕێگری لە بەهێزبونی پێگەی كورد بكیرێت لە ناوچەكەدا
هەرچەندە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتیەكان ئەم جۆرە پەلامار و هێرشانە بە هەر بیانوویەك بێ بۆخۆی بەشێكە لە تیرۆری كوێرانە و بڵاوكردنەوەی ترس و تۆقاندن لە ناوچەكەدا و هەنگاوێكیشە بۆ سەركوتكردنی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازی كورد، بەجۆرێك لە جۆرەكانیش دەیانەوێ دۆخی هەرێم و قەوارە سیاسیەكەی بخەنە ژێر كاریگەری هەیمەنەی فاشیانەی خۆیان و بیسەلمێنن كە دەسەڵات لە كوردستان جگە لەوەی دەسەڵاتێكی لەرزۆكی بەرژەوەند خوازە، توانای ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی دەوڵەت و قەوارە سیاسیەكەی نیە و بوەتە مایەی هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەی ئەوان و دەبێ ئەم مەترسیە ئیحتیوا بكرێ، و ڕێگە نەدرێ كورد لە گۆڕانكاریەكانی ناوچەكەدا عاملێكی فیعلی بێت وەك ئەوەی چاوەڕێدەكرێ ، هەرچەندە حەقیقەتی مەسەڵكەش ئەوەنیە بە قەد ئەوەی كە توركیا بەتایبەت ئەیەوێ هاوشێوەی ئێران كارەكتەرێكی كاریگەربێ لە پرۆسەی سیاسی عێراقیدا ڕۆڵی گرنگ بگێڕێ لە بەدستهێنانی دەستكەوتی ئابوری و سیاسی و جیوپۆلەتیكدا و نایەوێ دوربێ هەر ئەگەرێك كە چاوەڕێ دەكرێ لە ڕەوتی ڕووداوەكانی ناوچەكەدا ڕووبات
كەچی لە بەرانبەر گەلەكۆمەی ئەم دەوڵەتانە و هەڕەشەكانیان لە سەر ئایندەی كورد لە عێراقدا ئەحزابی حوكمڕانی كورد دەبەنگانە و بەدور لە هەر خوێندنەوەیەكی واقیع بینانە بۆ بەرجەستە بوونی ئەو دۆخە و مەترسیەكانی ئەو ئەجیندا هەرێمایەتیە بوونەتە هاوبەشێكی سەرەكی بازرگانی ئەوان و شەڕیانە لە سەر ئەوەی كێ زووتر دەتوانێ هاوبەشێكە بباتەوە و ببێتە هاوپەیمانێكی دڵسۆزی ئەوان، واتا بەشی زۆری ئەو نەهامەتیانەی بە سەر كورد و دۆزە ڕەواكەیدا دێت پەرتەوازەیی و ناڕێكی خودی كوردە لە ناوخۆی خۆیدا و نەیانتوانیوە لە بری هەماهەنگی و هاوكاری نەیارانی كورد، كار لەسەر چاراسەركردنی كێشەو ناكۆكیەكانی نێوانیان و خستنە ڕووی گوتارێكی هاوبەش و هاوسەنگی سیاسی نیشتمانی بكەن و ببنە پردێكی بە هێز لەو نێوانەدا ، چونكە بە پەرتەوازەیی و گەندەڵی و زمانی زبر و شەڕی میدیای و لێدان لە یەكتر ناتوانن ڕوبەڕوی هیچ فشارێك ببینەوە كە كاریگەری نەرێنی نەكاتە سەر كورد و دۆزە ڕەواكەی
بەكورتی و بە تێگەیشتن لەو دۆخە دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی كە ئەوەی بارودۆخی كوردستان و ئەزموونەكەی خستۆتە مەترسیەكی گەورەوە و خەریكە سەردەمی ڕسوابون و نەمانی بەهای نەتەوەی دەخولقێنێ و هیچ سەنگێكی نەماوە ، توركیا و ئێران عێراق نین، بەڵكوو خودی ئەحزابی حوكمڕانی كورد و ناكۆكییە ناوخۆییەكانی نێوان پارتی و یەكێتیە و پەیوەستە بەو ناتەبای و كێشمەكێشانەوە كە خەریكە ئەگەرەكانی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەكە گەورەتر دەكەن، بۆیە پێویستە پێش هەر هەنگاوێك ئەمانە پیاداچونەوەیەكی گەورە بە خۆیاندا بكەن و كۆتای بەو دۆخە ناهەموارە بێنن كە وەك فاكتیكی نەگۆڕ وەستاوە ئەگەرنا برەودان بەم سیاسەتە چەوتە هەرچۆنێك بێت و هەر مەبەستێكی لە پشتەوەبێت بۆخۆی بابەتێكی مەترسیدارە و ڕەنگە دواجار و بەبێ هیچ پشتیوانیەك كورد جارێكی تر ببێتەوە قوربانی بەرژەوەندیە نێودەوڵەتیەكان و ئەو ناكۆكیە بێمانایانەی كە ئەمانە سی ساڵە درێژەی پێدەدەن .