هۆشیاری عەبدولعەزیز
چەواشەكاری وەك چەمكێكی سیاسی لەپرۆسەی خۆنمایشكردنی هێزو ڕەوتە دەسەڵاتدارەكاندا وەك سەرچاوەی بڵاوكردنەوەی درۆ و ساختەچێیەتی دەبینرێت لە پێناو شێواندنی ڕاستی ڕەوتی ڕووداوو هاوكێشەكان و تێكدانی ژینگەی كۆمەڵایەتی دا ، چونكە هەركاتێك دیاردەیەكە لە هەندێ قۆناغی تایبەتدا گەشەبكات، ئەوە هێزی پرۆسەی چەواشەكاری لەسەر خەڵك و رای گشتی و دیسپلینكردنی كۆمەڵگا بە ئاسانترین شێوە گەشەدەكات و وەك موسیبەتێكی گەورە و مەترسیدار ئاسەواری خراپ بەدوای خۆیدا جێدەهێڵێ و دەگاتە ئەو ئاستەی كە چەواشەكاری لای كۆمەڵگا دەكرێتە ڕاستی و هەوڵدەدرێ بەپیشاندانی وەهم ڕای گشتی و میللی بۆ دروست بكرێ،
كەوتنە جوڵەی ئەم تەوژمە كە لە بنەڕەتدا خاوەنی هیچ مەبدەئو بنەمایەكی سیاسی جێگیرو زانستی بردنەوەی ناكۆكیەكان نین ، ململانێ و كێشمەكێشەكانیان بەرەو ئاڵۆزیی و قوڵبوونەوەی زیاتر بردووە و بوونەتە گرێكوێرەیەكی ناوخۆی و ئیقلیمی و دواجار خەڵك باجەكەی داوەو بوەتە قوربانی ئەو جۆرە حەماقەتە سیاسیە كە تەنها خۆی پێڕاستەو دەیەوێ تەغزیەی شكستی خۆی بە چەواشەكاری بكاتەوە كە لە دەرئەنجامی شكستی سیاسی و ئیدارەدانی دەوڵەت و ململانێكانەوە سەرچاوە دەگرێ
هەندێجار ئەو قۆناغانەی چەواشەكارییان تیادا دەبێتە دیاردە ئاسای نین و بە باجێكی گرانیشەوە كۆتاییان دێ چونكە دەستبردن بۆ ئەم چەمكە و مامەڵە پێكردنی دەلیلی شكست و پوچبوونەوەی دەسەڵات و پایەكانی حوكمڕانیە و بەدەر لەوە هیچ بیانوویەك هەڵناگرێ ، هەر كاتێكیش ئاماژەكانی سەرەتای سەرهەڵدانی قۆناغی چەواشەكاری دەركەوتن، ئەوە بەدڵنیایەوە دەسەڵات لە ئیفلاسی سیاسی و ئابوریدایە و دەیەوێ بەو ڕێگایە ژینگەیەكی لەبار بۆ چەواشەكردن و تێكدانی ڕای گشتی بخوڵقێنێ و گومان و بێ متمانەیی جێگەی ڕاستی و دەرفەتەكانی ڕاستگۆی بگرێتەوە و فەزایەك لە تەوژمی (هەمووان دژی هەمووان) دروست بێت و كەس نەپەرژێتە سەر گەندەڵی و ڕاووڕووت و چەتەگەری دەسەڵات كە سەرچاوەی فەزاحەتی ئەو فەوزا و چەواشەكاریەیە،
بۆیە ئەگەر كەمێك بەدیقەتتر تەماشای جەوهەری ئەو دۆخەی ئێستای كوردستان و شكستی پرۆسەی حوكمڕانی و ئەحزابی دەسەڵاتداری هەرێم بكەین لە چەمانەوەیان لە بەرانبەر بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمی، ڕێك و ڕاست ئەو حەقیقەتمان بۆ ڕووندەبێتەوە كە ئەمانە چۆن لە گێژاوی ئەو قۆناغەدا خەریكی چەواشەكردنی خەڵك و كۆمەڵگای كوردین و نەیانتوانیوە بەشێوەیەكی بابەتیانە لە هاوكێشە ئاڵۆزو فرەلایەنە ناوخۆی و دەرەكی و ئیقلیمییەكان تێبگەن وەك ئەوەی كورد لەم قۆناغەدا چ پێویستە و دەبێ چۆن لە گەمە سیاسیەكانی ناوخۆ و ناوچەكەدا ڕۆڵببینێ ، لەكاتێكدا هەموان دەزانن سروشتی سیاسەت و ناكۆكیە هەمەلایەنەكان خۆی وایە كە دەبێ هەمیشە بە وریای و زیرەكیەوە كار لە سەر پاراستنی هێزی خۆت و بەرژەوەندیە میللیەكانی گەلەكەت بكەیت و بزانی چۆن كارتەكانی بەردەستت بەكاردێنی و ناكەویتە دۆخێكەوە شكست بێنی وەك ئەوەی كە ئێستا ئەحزابی دەسەڵاتداری كوردستانی تێكەوتووە، ئەمانە بەهۆی تێنەگەیشتن لەم یاریە و چاوبڕینیان لە دەسكەوت و دەسەڵات هەرلە دەمە دەمی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراقەوە كەوتنە هەڵەی هاوبەشی و غروری سیاسیەوە و سەرەتاكەشی بە چەواشەكاری و خەڵك گەوجاندن و بەبیانووی ئابوری سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت و دزی و فزی لە سەروەت و سامانی نیشتمانی و دوركەوتنەوە لە یاسا و ڕێساكانی ناوەند دەستیان پێكرد و نەگەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنێكی باش كە زامنی بەرژەوەندیە نەتەوەی و نیشتمانیەكانی كوردبكات، ئێستاش دەیانەوێ بە بیانووی نەهاتنە ژێرباری داواكاریەكانی كورد ناوەند تۆمەتباركەن و دیسان چەواشەكاری ببەخشنەوە و بیكەنە دەسكەوت و بەرژەوەندیەكانی خۆیانی پێبپارێزن، لەكاتێكدا هەمووان باش لەوە گەیشتووین كە ئەمانە چەن ناشارەزایانە چوونەتە بازنەی ڕێكەوتنەكانەوە و چۆن دۆخەكەیان ئاڵۆزكردوە كە بڕوام وایە جگە لە ملكەچبوونی زیاتر هیچ دەرەچەیەكی تر شك نابەن بۆ دەربازبوون و ئاسایكردنەوەی ئەو بارودۆخەی تێیكەوتوون
بەكورتی هەستیاری دۆخەكە و تێكەوتنی ئەمانە لە گەڵ بەغدا و ئامادە نەبوونیان بۆ دیسان ڕوونكردنەوەی ڕاستیەكانی كاكڵەی كێشەكان و تۆخبوونەوەی ناكۆكی ونەسازانیان لە سەر زۆر پرسی گرنگ كە پەیوەستە بە چارەنووسی گەلێكەوە، خەریكە لە بازنە و چواچێوەی تەشقەڵە و گەمەیەكی سیاسی دیدا ڕێسەكەمان لێدەبێتەوە خوری و هەمووشتێكمان لە دەست ئەچێ و دەگەڕێینەوەخاڵی سفر