هۆشیاری عەبدولعەزیز
یەكێك لەو تێرمە مەترسیدارانەی كە لە فەلسەفەی سیاسەتدا كاری لەسەر دەكرێ و بنەمایەكە بۆ ستەمكاری گوێڕایەڵیە ، هەرچەندە گوێڕایەڵی لە ڕەفتاری مرۆڤدا جۆرێكە لە "كاریگەری كۆمەڵایەتی كە مرۆڤ ملكەچی ڕێنمایی یان فەرمانی ئاشكرای كەسایەتییەكی دەسەڵاتدار یان سێستەمێكی سیاسی دەبێت". بەگشتی گوێڕایەڵی جیا دەكرێتەوە لە پابەندبوون كە بریتییە لە ڕەفتارەكانی ژێر كاریگەری هاوتەمەنەكان و لە یەكسانبوون لە ڕەفتارێك كە مەبەست لێی خۆگونجاندنە لەگەڵ ڕەفتاری زۆرینە. بەپێی كۆنتێكستەكە دەتوانرێت گوێڕایەڵی بە ڕەفتاری ئەخلاقی و هاوكات شێوازێك لە ملكەچی هەژماربكرێ بەتایبەت لەناو ئەو پێكهاتە كۆمەڵایەتی و سیاسیانەی كە دەوڵەت تێیدا ئاراستەیەك لە دیكتاتۆریەت و زەبروزەگ دەگرێتە بەر
بەبڕوای زۆر لە بیریارانی سیاسیش سەركەوتنی نازییەكان لە پرۆسەی گوێڕایەڵكردنی كۆمەڵگادا لە بێدەنگی خەڵكەوە سەرچاوەی گرت و بوە بنەمایەك بۆ كۆنترۆڵكردنی كۆمەڵگا و كوشتنی كەسانی بێتاوان و كۆمەڵكوژی جولەكە ، چونكە بێدەنگی كۆمەڵگای ئەڵمانی لە كوشتنی بەكۆمەڵی جولەكەدا سەرەتایەكی مەترسیداربوو بۆ نازیەكان و ئەزموونیش دەریخست كە گوێڕایەڵی تاك بۆ دەسەڵات بەشێك بوو لە چەسپاندنی یاسا بەبێ ئیستسنا، ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو ڕاستیەی كە گوێڕایەڵی توخمێكی جەوهەرییە لە پێكهاتەی ژیانی كۆمەڵایەتیدا و سیستمی سیاسی دەسەڵاتداریش بە سود وەرگرتن لەو توخمە مەترسیدارە دەگاتە ترۆپكی ستەمكاری و قۆناغەكانی دیكتاتۆریەت ، هەرچەندە لە زۆر باردا گوێڕایەڵی پێویستییەكە بۆ هەموو جۆرەكانی ژیانی كۆمەڵایەتی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نابێ گوێڕایەڵی كاربكاتە سەر خەباتی مەدەنی و شێوازەكانی دەربڕینی ناڕەزایەتی و داواو داخوازیە ڕەواكانی خەڵك لە ئاست كەم و كورتی و چەوساندنەوە و جێبەجێكردنی سیاسەتێكی ناعادیلانە
بۆیە دەبینی زۆر جار لە مەغزای گشتی پرۆسەی گۆڕانكاری و ئاڵوگۆڕە سیاسیەكاندا ئەگەر دەسەڵات پێچەوانەی ئەم پرۆسەیە كەوتە جمووجوڵ و هەنگاوی جیاوازی هاوێشت ئەوە دیارە دەیەوێ كۆمەڵگایەكی كۆیلە و گوێڕایەڵی دەسەڵات دروست بكات و بۆ ئەمەش هەموو ئامرازەكانی دەسەڵات بۆ چەوساندنەوەی ئازادیخوازان و رەخنەگران بەكار دەهێنێت و ناتوانێ خەباتی مەدەنی قبوڵكات، قبوڵنەكردنیش كۆمەڵێك هۆكار و گرفتی گەورەو درز و بۆشایی مەترسیدار دەخولقێنێ و دەبێتە حاڵەتێكی نەخوازراوی وا كە سەر دەكێشێ بۆ دیكتاتۆریەت و ستەمكاری و هۆكارێكیشە بۆ ئەوەی كە دەسەڵاتداران زیاتر ئیحتكاری دەوڵەت و سێكتەرە گرنگەكانی بكەن
نزیكترین نموونەی ئەم جۆرە لە پاڵپشتی دەسەڵات و بەرهەمهێنانی پاوانخوازی و بەهێزكردنی دەسەڵات لە بازنەی ڕژێمە نادیموكراسیەكاندا نابەشداری چین و تویژە جیاوازەكانە لە هەردوو زۆنی زەرد و سەوز لە بایكۆت و ناڕەزایەتیەكاندا ، ئەم جۆرە نابەشداریە هەرچیەك بێت، بۆخۆی دەبێتە نیشانەی ملكەچی و دەچێتە ئەو خانەیەوە كە هێشتا گوێڕایەڵی و لۆیاڵەتی سیاسی بۆ دەسەڵات لەناو خەڵكی كوردستان و دابەشبوونی هەردوو زۆنەكەدا درێژەی هەیە، هەر ئەم لایەنگیری و ملكەچیە سیاسیەشە وایكردوە دەسەڵات بێگوێدانە شكۆ و كەرامەتی خەڵك بەردەوامبێت لە برسی كردن و چەوساندنەوەی كۆمەڵگا و شێواندنی شیرازەی كۆمەڵایەتی و تێكدانی باری دەروونی خەڵك و پارچەپارچەكردنی یەكڕیزی كۆمەڵگا، تەنانەت وای لێهاتوە لە ناڕەزایەتیە جەماوەریەكانیشدا لەڕێگەی كادرو دەست و پەیوەندە كاسەلێسەكانیان و بەشێك لە بانگخوازە ئاینیەكانەوە كە هاوبەرژەوەندن لە گەڵ دەسەڵات و پرۆژەكانی ئەحزابی حوكمڕاندا كۆنترۆڵی بایكۆت و خۆپیشاندانەكان بكەن و ماف و داخوازیە ڕەواكانی هاوڵاتیان بەلاڕێیدا ببەن و بەسەر جەبهەگیری زۆنی زەرد وسەوزدا دابەش بكرێن و لە ڕێگەی دەقە ئاینیەكانیشەوە بەبیانووی وەلی ئەمر و ناشەرعی بوونی هەر جۆرە دژایەتی و ڕەخنەیەك لە دەسەڵات ئەم گوێڕایەڵیە تۆختر بكرێتەوە و پێیان وایە دەربڕینی ناڕەزایەتی و ئەنجامدانی هەر چالاكیەك لە بەرانبەر دەسەڵات كۆمەڵگا بەرەو پاشاگەردانی و گۆبەن دەبات
بەكورتی چەسپاندنی ئەم ئیگۆیە بەسەر خەڵكدا پرسێكی مەترسیدارە و وایكردوە خەڵك بەهەموو شێوەیەك ملكەچ و گوێڕایەڵی ڕەفتار و كرداری كارەكتەرە بازرگانەكانی ناو پرۆسەی سیاسی و حوكمڕانی بێت، لەكاتێكدا هەموان باش لەو حەقیقەتەش گەیشتوون كە هەر جۆرە گوێڕایەڵیەكی ئەحزابی حوكمڕان بۆخۆی دەرئەنجامێكی مەترسیدار و بارگاوی بەرق و كینەی وەك ئێستای لێدەكەوێتەوە و دەبێتە هۆكاری دوبارە لە دایكبوونەوەی فاشیزم و گەشەكردنی زەبر و زەنگ و ناتوانێ ڕێگربێ لە دزی و فزی و گەندەڵی و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییانەی كە كۆمەڵگای كوردی دابەشكردوە بەسەر گوێڕایەڵی و بایكۆتدا