هۆشیاری عەبدولعەزیز 

وەك دوترێ سیاسەت لەبنەڕەتدا بریتییە لە چالاكیەكی واقع بینانەی مرۆی بۆ دەستەبەركردن و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، بەرژەوەندی گشتیش لەپرۆسەی بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا بریتییە لە گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی كۆمەڵگا و سەقامگیری كۆمەڵایەتی، لەگەڵ ئەوەشدا بەرگریكردنە لەكۆمەڵگاو سێكتەرە گشتیەكانی لە هەر جۆرە دەستدرێژیەكی پلانبۆداڕێژراوی سەربازی یان ئایدیۆلۆژی ناوخۆی یان دەرەكی ، واتا سیاسەت بەرلەوەی پرۆسەیەكی گشتگیری كۆمەڵایەتی بێت فۆرمێكی دیاریكراوی ڕێكخستنی گشتیە و دونیایەكی فراوانە و روانینی جیاوازە بۆ پێناسەكردن و شیكردنەوەی ڕووداو پێشهاتە سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتیەكان و بەگشتیش  پرۆسەی بریاردان و هونەری كەڵك وەرگرتنە لە دەرفەتەكان، بۆخزمەتكردنی مرۆڤەكان و بەڕێوەبردنی ململانێ لە پێناو چاكەی گشتی كۆمەڵگادا

بەپێی تێڕوانینی زۆر لە بیرمەندانی زانستی سیاسیش، سیاسەت گرێدراوە بەكایەی ئەخلاق و ڕەوتی گەشەی پەیوەندیە مرۆیەكانەوەو ناكرێ كۆمەڵگا بە جۆرێك لە جۆرەكان دابەشبكرێتە سەر دۆست و دوژمن ودابڕێنرێ لە ستراكچەرە ئەخلاقیەكەی كە بەشێكی گرنگە لە بەشەكانی فەلسەفەی ئەخلاقی سیاسی، پێچەوانە بەم جۆرە سیاسەتكردنەش، هێنانە دەرەوەی سیاسەتە لەچوارچێوەی جێبەجێكردن و پاراستنی بەرژەوەندی گشتی، و دەبێتە پیشە و لەچوارچێوەی بەرژەوەندی گشتی دا پیادە ناكرێت، ولەمانای ڕاستەقینەی سیاسەت دێتە دەرەوەو و دەگۆڕێ بۆ پرۆسەیەكی مەترسیداری پیشەی، پیشەوەرانیش وەك لە بازاڕدا دەیانبینین بە شێوەیەكی گشتی بایەخ بە بەرژەوەندی خۆیان دەدەن نەك بەرژەوەندی گشتی، یان راشكاوانەتر بەرژەوەندی خۆیان دەخەنە سەرووی بەرژەوەندی گشتیەوە و پێیانوایە ئەوەی ئەوان بەرهەمیدێنن جەوهەری هەقیقەتە، و دەبێ لەو ڕوانگەیەوە مامەڵەیان لەگەڵبكرێ كە خۆیان دەیانەوێ‌ 

پیشەوەرە سیاسیەكان لە كۆمەڵگا داخراو نا دامەزراوەیەكاندا خۆیان وەك مرۆڤی سەروو كۆمەڵگا دەبینن و دەیانەوێت كاتێك قسەدەكەن خەڵك وەك پەیامبەر گوێیان لێ بگرێت و ملكەچیان بێت، بەپێچەوانەی ئەوەی كە  ئەفلاتۆن پێیوایە سیاسەت و ڕەوشت لێك جیاناكرێنەوە، بۆ ئەوەی كۆمەڵگا ڕەگێكی بەهێزی هەبێت، دەبێ سیاسیەكان بەڕەوشتبن و بەردەوام لە بازنەی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیدا بخولێنەوە ، ئەم حاڵەتە بۆ سیاسیە بزنسمانەكانی ناو ئەحزابی حوكمڕانی كوردستانیش راستە، بۆیە ئەگەر هەڵسوڕاو سیاسیە دیارەكانی ناو ئەحزابی دەسەڵاتدار بەشێوەیەكی بابەتیانە بیرلە ڕەوشی سیاسی و ئابوری كۆمەڵگا و بابەتە هەنۆكەیەكانی خەڵك و پێداویستیەكانیان بكەنەوەو پێیانوابێت ئەوان هەڵگری تەنها بەشێكی حەقیقەتن، ئەوا دیاردەی دەوڵەتداری و ئیدارەدانی كۆمەڵگا بەو ئاراستە مەترسیدارەدا نەدەڕۆشت كە ئێستا دەڕوات و دەیانتوانی ببنە فاكتەرێكی بەهێزی خولقاندنی بژاردەی جیاواز لەبەردەم هاووڵاتیان و خودی پرۆسەی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگادا و وابكەن حزب و پرۆسەی سیاسی نەبێتە ئەو دێوزمە نەخوازراو ناشرینەی كە بێز لە ناو ناوەڕۆكی دەكرێتەوەو بوەتە جۆرێك لە سەرچاوەی ناسەقامگیری سیاسی و ئابوری ، كۆمەڵایەتی  و كەس متمانەی بە هەڵبژاردن و سندوقی دەنگدان وپرۆسەی گۆڕانكاری و بەشداری سیاسی نەماوە و پێیان وایە ستەمكاری و پاوانخوازی و قۆرخكردنی تەواوی جومگەكانی دەسەڵات و دەوڵەتداری بەتەواوەتی بەحزبی كراوە و ئافاقێك نیە بۆ گۆڕانكاری، ئەم تێگەشتنە گشتیە كە سەراپای كۆمەڵگای كوردی داپۆشیوە سەرچاوەكەی ئەو هەنگاوە مەترسیدارانەن كە ئەحزابی دەسەڵاتدار لە ماوەی حوكمڕانی خۆیاندا وەك پرۆسەیەكی بەرنامە بۆداڕێژراووكاریان لەسەركردوە و ڕۆژلە دوای ڕۆژ ژینگەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی كۆمەڵگای كوردستانیان پێتێكداوە و وایانكردوە هاووڵاتی نەتوانێت بەشێوەیەكی بابەتیانە بیركاتەوە و وەك كارەكتەرێكی گرنگ بەشداربێت لە پرۆسەی گۆڕانكاریەكاندا

 بۆیە كاتێك سیاسەت لەبەرژەوەندی گشتیەوە دەگوازرێتەوە بۆ بەرژەوەندی حزب و بنەماڵە و كەسە باڵاكانی حزب، ئیتر هەنگاو بەرەو تاكڕەوی و ستەمكاری و خۆسەپێنی هەڵدەگیرێت و ڕاستەوخۆ حزب دەبێتە ئەو دەزگا سەربازیەی كە سەربازەكانی بەبێ خواستی خۆیان ڕووبەڕووی شەڕو كاولكاری دەكرێنەوە و دەبنە قوربانی ڕووداوێك كە ئاراستەی سەرچاوەكانی ڕووداوەكە بۆ هەمیشە تەموومژاوی دەمێنێتەوە ، ئەم حاڵەتە ئەگەر بۆ دەزگایەكی سەربازی فەرمانبێت بۆ دەزگاو ڕێكخراوێكی سیاسی وەك حزب ساختەچێتی و خەساندنی دەسەڵاتە و سەردەكێشێ بەرەو ستەمكاری و زەبروزەنگی زیاتر و لەڕێگەی ئەو كەشوهەوا و میكانیزمە سیاسیە مەترسیدارەشەوە تەواوی پایەكانی پرۆسەی دەوڵەتداری كۆنترۆڵ دەكەن و دەبنە خاوەنی بێ ڕەكابەری دەسەڵات، دەستبردن بۆ ئەم لایەنەش كاریگەری نەرێنی زیاتر لەسەر سەقامگیری و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دروست دەكات و دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەر ڕایەڵەی گۆڕانكاریەكان و ئەو فاكتەرانەی كە ڕۆڵی كاریگەریان هەیە لە سەر پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و خواستەكانی خەڵك  

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا