بەشێک لە جەنگی هندییەکانی کالیفۆرنیا و جینۆسایدی ئەمریکییە ڕەسەنەکان

 

لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق

شوێن:  كاليفورنيا

مێژوو:  1846 - 1873

مەبەست:  بەئامانج گرتنی دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا

جۆری هێرش و پەلاماردان: جینۆساید، پاکتاوی ڕەگەزی، ڕاوکردنی مرۆڤ، بەکۆیلەکردن،

ئەتکی نامووس، ڕاگواستنی هندییەکان

مردن و لەناوچوون: لە ٢٠٠٠ زیاتر نییە (بەگوێرەی ئەندەرسن)

                        ٤٣٠٠     (بەگوێرەی کووک)

  ٤٥٠٠ (بەگوێرەیوەزیری دەرەوەی ویلایەتی کالیفۆرنیا)

    ٩٤٩٢ -16094(بەگوێرەی مادلەی)

زیاد لە ١٠٠ هەزار (بەگوێرەی کۆمیسیۆنی میرات و کولتووری ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە

كاستيللۆ/كاليفورنيا)

بەرکەوتە و بریندار: ١٠ هەزار تا ٢٧ هەزار کەسوەک کرێکاری بێگار لەلایەن نیشتەجی سپیپێستەکانەوە براون، کە ٤ هەزارتا ٧ هەزاریان منداڵ بوون

ئەنجامدەران: سوپای ئەمریکا وميليشياکانی ویلايەتیكاليفۆرنيا و نیشتەجێ ئەمریکییە  

               سپیپێستەکان settlers

جینۆسایدلە کالیفۆرنیا زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی کوشتنی بەسیستەمکراوی هەزاران کەسی  گەلە ڕەسەنەکانی کالیفۆرنیا بوو لەسەر دەستی بریکارەکان و هاووڵاتییانی ئاسایی حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەدەی نۆزدەدا و بەدوای داگیرکردنی ئەمریکادا هات بۆ کالیفۆرنیا و دەرهێنانی لە دەستی مەکسیک. بەدوای ئەم داگیرکارییەدا لێشاوی هاتنی نیشتەجێ سپیپێستەکان هات بە هۆی هەڵپەی گەڕانەوە بۆ ئاڵتوون لە کالیفۆرنیادا و ئەمەش بوو بە مایەی خێرا کەمبوونەوەی ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا. لە نێوان ساڵانی ١٨٤٦ و ١٨٧٣دا، مەزەندە دەکرێت کەوا خەڵکی غەیرە ڕەسەن لە نێوان ٩٤٩٢ تا ١٦٠٩٤ کەسیان لە دانیشتووانە نەیتیڤ یان ڕەسەنەکانی کالیفۆرنیا کوشتبێت. بێجگە لەوەش، سەدان و هەزاران لەبرسا و لەژێر باری قورسی کاردا مردوون و کاری بەکۆیلەکردن و فڕاندن و ئەتکی نامووس و جیاکردنەوەی منداڵان و ڕاگواستنی زۆرەملێ تەشەنەیان سەندبوو. ئەم کارانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی ویلایەت و میلیشیاکانەوە هاندەدران و چاوپۆشییان لێدەکرا و جێبەجێ دەکران.

نووسەرانی کتێبی "کورتەیەک لەبارەی هندییەکانی کالیفۆرنیاوە" کە ساڵی ١٩٢٥ بڵاوبووەتەوە، مەزەندەی ئەوە کراوە کە ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا پێدەچێت لە ١٥٠ هەزارەوە لە ساڵی ١٨٤٨دا دابەزیوە بۆ ٣٠ هەزار لە ساڵی ١٨٧٠دا و زیاتر دابەزی بۆ ١٦ هەزار لە ساڵی ١٩٠٠دا. هۆکاری ئەم دابەزینە نەخۆشی و کەمبوونەوەی تێکڕای لەدایکبوونەکان و برسێتی و کوشتن و کوشتاری بەکۆمەڵ بوو. دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا لە ئۆپەراسیۆنەکانی کوشتندا و بەتایبەتی لە ماوەی هەڵپەی گەڕان بە دوای زێڕدا، بەئامانجکران. هەروەها لە نێوان ١٠ - ٢٧ هەزار ناچاری بێگاری و کاری زۆرەملێ کرد لەلایەن سپیپێستەکانەوە. ویلایەتی کالیفۆرنیا دام و دەزگاکانی خۆی بەکاردەهێنا لە بەرژەوەندیی سەرخستنی مافی سپیپێستەکان بەسەر مافی دانیشتووانی ڕەسەندا و ماڵ و مڵکی لێ داگیرکردن.

لە ساڵانی دوو هەزارەکانەوە زۆرێک لە ئەکادیمییە ئەمریکییەکان و ڕێکخراوە چالاکەکانی هەردوک ئەمریکییە ڕەسەنەکان و ئەوروپییە ئەمریکییەکان ئەو ماوەیەی کە راستەوخۆ  بەدوای داگیرکردنی ئەمریکادا هات بۆ کالیفۆرنیا وایان باسکردووە ئەو ماوەیە بیت کەوا حکوومەتەکانی ویلایەت و فیدراڵی جینۆسایدیان بەرپاکردووە دژ بە ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە هەرێمەکەدا. لە ساڵی ٢٠١٩دا، گاڤین نیوسۆمی حاکمی ویلایەتی کالیفۆرنیا پۆزشی بۆ ئەنجامدانی جینۆساید هێنایەوە و داوای پێکهێنانی دەستەیەکی لێکۆڵینەوەی کرد بۆ تێگەیشتنێکی باشتر لە مەسەلەکە و بەئاگاهێنانەوەی  نەوەکانی داهاتوو لەم مەسەلەیە.

پاشخان .. گەلە ڕەسەنەکان

 پێش هاتنی ئیسپانییەکان، کالیفۆرنیا زید و نیشتمانی دانیشتووانی ڕەسەن بوو کە باوەڕ وایە ژمارەیان دەگەیشتە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس. لەمانە گەورەترین گرووپیان گەلی چوماش بوو، کە ژمارەیان دەگەیشتە ١٠ هەزار کەس. ناوچەکە جۆراوجۆریی زۆری تیدابوو، لەگەڵ ژمارەیەکی هێجگار زۆری زمانی جیاکاری قسەکردندا. لەگەڵ ئەو هەموو جۆراوجۆرییەی ناوچەکەدا، بەلام دۆزینەوە شوینەوارییەکان بەلگەی کەم پیشان دەدەن لەسەر شەڕ و ململانێی نیوان خێڵەکان.

پێدەچێت گرووپە خێڵەکییە جیاوازەکان هەر یەکە و لەگەڵ ناوچە و هەرێمێکی دیاریکراودا خۆیان دەگونجاند. بەپێی ڕۆژنامەنووس، ناتان گایڵس، کەوا بە هۆی ئەو داب و نەریتانەی دانیشتووانی ڕەسەن لە باکووری کالیفۆرنیا پەیڕەوییان دەکرد، توانای ئەوەیان هەبوو "ئیدارەی هەڕەشە و مەترسیی ئاگرکەوتنەوەی دارستانەکان و چاندنی ڕووەکە نەریتییەکان بکەن". بۆ نموونە، بەکارهێنانی نەریتیی ئاگر لەلایەن خێڵەکانی باکووری ڕۆژئاوای کالیفۆرنیا و ئۆقیانووسی پاسیفیکەوە، بواری ئەوەی دابوون کە ئەو ڕووەک قارچکانە بڕوێنن کە لەگەڵ سووتانی ڕێکوپێکدا دەگونجێن. ئەم لیستەش ڕیزێک لە ڕووەکە ڕیشاڵییەکان دەگرێتەوە وەک گژوگیا و درەختی ورچ و داربی تا دەگاتە دار و درەختی خۆراکیی وەک گرووپی تووەکان و قارچکەکان و جۆرەکانی داربەڕوو کە پێشتر دارستانی بەرفراوانیان پێکدەهێنا. ئەوجا بەهۆی راهێنان و پراکتیزەکردنی نریتیی خێلە رەسەنەکانی کالیفۆرنیاوە، ئەوە دەیانتوانی وا بکەن کەش و خاکی ناوچەکە بگونجێنن بۆ دەستەبەرکردنی بڕێکی باس لە ڕووەک و گیاندارە کێوییەکان و لە نێویاندا کەروێشک و ئاسک و زۆر جۆری ماسی و میوەجات و ڕەگی ڕووەک و گوێز. دانیشتووانی رەسەن  تا ئاستێکی زۆر پشتیان بە ژیانیک دەبەست کە بەند بوو بە ڕاوکردن و کۆکردنەوەی میوە و بەری دار و درەختەوە و لە کاتی وەرزەکاندا بە ناوچەکەیاندا دەگەڕان بە پێی ئەو خۆراکە جۆروجۆرانەی کە دەڕەخسان و دەستدەکەوتن.

بەپێی کاری نۆرگاردی توێژەری سۆسیۆلۆجی، دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا"ڕاوی نێچیر و ڕاوەماسییان دەکرد بۆ دابینکردنی خۆراکی خۆیان و لە ڕێگەی هونەری نەریتییەوە سەبەتەیان دەچنی و ئاهەنگ و سرووتی گرنگیان سازدەکرد بۆ هێشتنەوەی دنیا بەسەلامەتی و وەک خۆی". هەروەها ئەوە تۆمار کراوە کە دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا و سەرتاپای کیشوەرەکە پێشتر و تا ئێستاش "ئاگریان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی هەندێ جۆری تایبەتی ڕووەک بگونجێنن بۆ خواردن و پێویستیی تریان و چاککردنی بار و ژینگەی ڕاوکردن و پارێزگاری کردن لەوەی کە ڕێگەوبانی گەشتکردنیان بە کراوەیی بمێنێتەوە بایەخدان بە گەشەکردنی ئەو جۆرانەی کە بە شێوەیەکی گشتی پشتیان پێدەبەستن، بەپێی توێژەرانی وەک فرانک لەیکی ئیکۆلۆجیست و پسپۆڕی خزمەتگوزاریی دارستانی ئەمریکی".

پەیوەندیکردن

کالیفۆرنیا یەکێک بوو لەو دوا ناوچانەی هەردوو ئەمریکا کە ئەوروپییەکان کۆڵۆنیزەیان کردووە. مژدەدەرە کاسۆلیکە ئیسپانییەکان، بە ڕابەریی بەڕێوەبەری فرانسیسکانی جونیپێرۆ سێڕا و هێزە سەربازییەکان بە سەرکردایەتیی گاسپەڕ دی پۆرتۆلا، نەگەیشتنە ئەم ناوچەیە تا ساڵی ١٧٦٩. ئامانجی نێردەکە بڵاوکردنەوەی باوەڕی کاسۆلیکی بوو لە ناو گەلە ڕەسەنەکانی ناوچەکەدا و فراوانکردنی کایەی گەیشتنی ئیمپراتۆرییەتی ئیسپانی. ئیسپانییەکان ساری سان دیێگۆ دی ئەلکالا بنیاتنا، کە یەکەمی ٢١ نێردەی مسیۆنێری بوو، کە ئەمڕۆ بووە بە سان دیێگۆ لە بەشی باشووری ویلایەتەکەدا و بە درێژایی ئۆقیانووسی پاسیفیک. شانبەشانی نێردەکان بنکەی سەربازییش دروستکرا بۆ جێکردنەوەی ئەو سەربازانە دەنێردران بۆ پارێزگاری کردن لە موژدەدەرەکان (مسیۆنێرەکان).

حوکمی ئیسپانی و مەکسیکییەکان وێرانکەر بوو بۆ گەلە ڕەسەنەکان. "لەگەڵ پەرەسەندنی نێردە مەسیحییەکاندا، ژمارەی هندییە ڕەسەنەکانی کالیفۆرنیا کەوتە کەمبوونەوەیەکی کارەساتبارانە". گریگۆری ئۆرفالیا مەزەندەی ئەوە دەکات کە ژمارەی دانیشتووان لەپێش پەیوەندیکردنی ئەوروپییەکاندا بە ڕێژەی ٣٣% دابەزیوە لە ماوەی حوکمی ڕژێمەکانی ئیسپانی و مەکسیکیدا. زۆربەی ئەم ژمارە دابەزین و کەمکردنە لە نەخۆشییە هاوردەکان و کەمکردنی تێکڕای لەدایکبوون و پەککەوتنی شێوازەکانی ژیانی نەریتییەوە سەرچاوە دەگرێت، بەڵام توندوتیژی تەشەنەی کردبوو، بە ڕادەیەک کەوا هەندێ لە مێژوونووسان ژیان لە سایەی نێردەکاندا وا لێکدەدەنەوە کە لە کۆیلەییەوە نزیک بووە. لەگەل ئەوەشدا، بەپێی جۆرج تینکەر، کە توێژەرێکی سەر بە گەلە ڕەسەنەکانە "دانیشتووانی نەیتیڤ یان ئەمریکیی ڕەسەنی کەنار دەریا نزیکەی ٩٠% کەمیان کردووە لە ماوەی حەفتا ساڵدا لە سایەی تاقە خاوەندارێتیی سیستەمی نێردەی سێرادا".

بە پێی ڕۆژنامەنووس ئێد کاستیللۆ، سێڕا باوەڕی کریستیانی لە نێو گەلانی ڕەسەندا بە ڕیگە و شێوەیەکی ڕووخێنەرانە بڵاوکردەوە کە بوو بە هۆی ئەوەی ژمارەیان بەخێرایی دابەزێت لە کاتی دەسەڵاتی سێڕادا. کاستیللۆ دەنووسێت کەوا "فرانسیسکانەکان مامەڵەکردنی هندییەکانیان بە درندەیی گرتبووە ئەستۆ و خۆشیان لە مردنیان دەهات و ... بەسانایی ڕۆحی ئەم هندییانەیان دەویست و بەو جۆرە تەعمیدیان کردن و کاتێ کە بە نەخۆشی یان لێدان دەمردن ... ئەوە دەچوون بۆ ئاسمان و ئەمەش دەبووە هۆی ئاهەنگگێڕان". بەپێی کاستیللۆ، دانیشتووانی ڕەسەنی ئەمریکا ناچار دەکران کە دەسبەرداری "سارستانییەتە بەردەوام و ئاڵۆزەکەیان ببن، بێجگە لە لە بیر و باوەڕ و شیوازی ژیانیشیان".

خشتەی کات

لە خوارەوە خشتەیەکی کاتە بۆ هەندێ لەو ڕووداو و سیاسەتە سەرەکییانەی کە ڕۆڵیان بینیوە لە جینۆسایددا و هەرچۆنێک بێت ئەمانە گشتگیر نین.

  • ١٧٦٩: کۆڵۆنیاڵە ئیسپانییەکان سیستەمێکی نێردەی مسیۆنێرییان لە کالیفۆرنیا دروستکرد، کە سەری کێشایەوە بۆ وەرگەڕانی زۆرەملێی ئایینی و بەکۆیلەکردنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان.
  • ١٨٢١ - ١٨٢٣: مەکسیک سەربەخۆیی خۆی لە ئیسپانیا بەدەستهێنا و کۆنترۆڵی کالیفۆرنیای کرد و لەسەر سیاسەتەکانی ئیسپانیا بەردەوام بوو سەبارەت بە بێگاریی کارکردن و وەرگەڕانی ئایینیی گەلانی ڕەسەن.
  • ١٨٤٦ - ١٨٤٨: جەنگی مەکسیکی - ئەمریکی بوو بە هۆی لکاندنی کالیفۆرنیا بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە. نیشتەجێ سپیپێستەکان settlers و سوپای ئەمریکا هاوپەیمانییەکیان پێکهێنا و هەندێک لە دانیشتووانی ڕەسەنیش چوونە پاڵیان، هەرچەندە سوپا "زۆرێک لە دانیشتووانی ڕەسەنی کوشتبوو".
  • ١٨٤٨: دۆزینەوەی زێڕ (ئاڵتوون) لە کالیفۆرنیا بوو بە هۆی ئەوەی هاتنی بەلێشاوی سپیپێستەکان و میلیشیایان پێکهێنا بۆ کوشتن و ڕاگواستنی دانیشتووانی ڕەسەن.
  • ١٨٥٠: یاسای کالیفۆرنیا بۆ حکوومەت و پاراستنی هندییەکان دەرکرا و ئەمەش بەکۆیلەکردنی ئەمریکییە ڕەسەنەکانی بەیاسایی کرد و ڕێگەی بە سپیپێستەکان دا بیانگرن و کاری زۆرەملێیان پێ بکەن.
  • ١٨٥١ - ١٨٥٢: بەرپابوونی جەنگی ماریپۆسا لە نێوان نیشتەجێ سپیپێستەکان و بەتالیۆنی ماریپۆسا و ئەمەش بوو بە هۆی ڕاگواستن و گواستنەوەی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە ناوجەی سیێرا نێڤادا.
  • ١٨٥١ - ١٨٦٩:كاليفۆرنيا خەڵات دەبەخشێت لەبری کوشتنی دانیشتووانی ئەمریکیی ڕەسەن.
  • ١٨٦٠کان: حکوومەتی فیدراڵی دەستیکردووە بە سیاسەتی ڕاگواستن و دوورخستنەوەی زۆرەملێی گەلانی ڕەسەنی ئەمریکی بۆ مۆڵگەکانی پارێزگاری (محمیات reservations) و ئەمەش سەریکێشایەوە بۆ توندوتیژی و ڕاگواستن.
  • کۆتایی ساڵانی ١٨٠٠کان و سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠کان: منداڵانی گەلە ڕەسەنەکان لەلایەن حکوومەتی ویلایەتی کالیفۆرنیاوە لە خێزان و کەسوکاریان دوورخرانەوە و خرانە قوتابخانە ناوخۆییەکانەوە و لەوی بەر مامەڵەی خراپ و تواندنەوە و ئەسیمیلەی زۆرەملێ کەوتن.
  • ١٩٠٩: حکوومەتی ویلایەتی کالیفۆرنیا نووسینگەی تۆماری چاککردنی ڕەچەڵەک دادەمەزرێنێت، بۆ نەزۆککردنی زۆرەملێی ئەو کەسانەی کەوا حکوومەت بە کەسانی "نەشیاوی" لەقەڵەم داون. لەوانە ژنانی ڕەشپێست و لاتینۆ و هندییە ڕەسەنەکان، کە بەندکرابوون یان لەو دەزگا و دامەزراوانەدا بوون کە تەرخانکرابوون بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان.

کاردانەوەی دوای بەویلایەتکردن

پاش ئەوەی ئەمریکا کالیفۆرنیای لە دەستی مەکسیک دەرکرد و داگیری کرد و ئەوجا بەلێشاو هاتنی نیشتەجێ سپیپێستەکان بە هۆی تا و هەڵپەی گەڕان بۆ ئاڵتوون لە كاليفۆرنيا لە ساڵی ١٨٤٩دا، ویلایەتی کالیفۆرنیا و دەسەڵاتە فیدراڵییەکان کەوتنە هاندانی سپیپێستەکان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی دژ بە ئەمریکییە ڕەسەنەکان و بۆ ئەو مەبەستەش بە هەموو جۆرێک یارمەتییان دەدان. هەندێ جار وەک ڕق و سووکایەتی پێکردن دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیایان بە "چاڵ هەڵکەن" ناوزەد دەکرد، لەو سۆنگەوە کە ڕەگی ڕووەکیان بۆ خواردن دەردەهێنا.لە ٦ی کانوونی دووەمی ١٨٥١دا، پێتەر بورنێتی یەکەم حاکمی ویلایەت لە وتاردانیدا لەبارەی دۆخی ویلایەتەکەوە لە بەردەم ئەنجومەنی پیرانی (سەناتی) کالیفۆرنیادا گوتوویەتی کەوا: "جەنگی لەناوبردن بەردەوام دەبێت لە نێوان ڕەگەزەکاندا تا ئەو کاتەی ڕەگەزی هیندی لەناودەچن. ئێمە دەبێ چاوەڕوانی ئەوە ببین. لەکاتێکدا کە ئێمە ناتوانین چاوەڕێی ئەم ئەنجامە بکەین بەڵام بەوپەڕی داخەوە چارەنووسی حەتمیی کیبەرکێ و ڕکابەرییەکە لە دەست هێز و دانایی مرۆڤ دەرچووە تاوەکو خۆی لی بەدوور بگرێت". لە ماوەی جینۆسایدی کالیفۆرنیادا، ڕاپۆرتەکان لەبارەی قڕکردنی ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە کالیفۆرنیا گەیشتنە ئەودوای ناوجەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان و لە ئاستی جیهانیشدا دەنگی دایەوە.

ساڵی ١٨٥٠ یاسای حکوومەتی کالیفۆرنیا و پاراستنی هندییەکان دەرچوو (کە لە ساڵی ١٨٦٠دا دەسکاری کرا و لە ساڵی ١٨٦٣دا هەڵوەشایەوە). یاساکە جەخت لە سەر "وانە وتنەوە" دەکات بە منداڵە هندییەکان یان سپاردنیان بە سپیپێستەکان، هەروەها سزای هندییە "پەڕەوازەکان" دەدات لە ڕێگەی "دامەزراندنەوە" بۆ هەر کەسێک کە نرخی زیاتر بدات لە زیادکردێکی ئاشکرادا ئەگەر هندییەکە نەیتوانی زەمانەت یان کەفالەتێکی تەواو بدات. ئەم بەیاسایی کردنە سەریکێشایەوە بۆ فۆرمێک لە فۆرمەکانی کۆیلەیی لە کالیفۆرنیادا. بەم پێیە نیشتەجێ سپیپێستەکان ١٠ هەزار تا ٢٧ هەزار ئەمریکیی ڕەسەنی کالیفۆرنیا بخەنە بەر کاری زۆرەملێی بیگاری، کەوا ٤ هەزارتا ٧ هەزاریان منداڵ بوون.

شەرەفمەندم کەوا بە فەرماندەی گشتیی بەشی ئۆقیانووسی پاسیفیک ڕابگەیەنم کەوا من پانزە ڕۆژم لەم دۆڵەدا بەسەربردووە بۆ جێبەجێ کردنی ڕاسپاردەکانم بۆ ڕاوەدوونان و سزادانی ئەم هندییانە، یان هندییەکانی ڕووباری ئۆونز، کە من خۆم چەندین کەسم لێکوشتوون و یانزە کەسم لێگرتوون و بەندم کردوون و ژمارەیەکی زۆری باخ و مەزراکانیانم تێکوپێک داوە لەگەل بڕێکی گەورەی تۆ و کرم و شتی لەم چەشنەی کەوا هندییەکان کۆیانکردوونەتەوە بۆ خۆراک.

  •  جۆرج س. ئيڤانز، لیفتنانت - کۆڵۆنێڵ، لە خۆبەخشانی هێزی سوارەی دووەمی کالیفۆرنیا، فەرماندەی لەشکرکێشیی ڕووباری ئۆینز (١٨٦٢)، شەڕی یاخیبوون: ئۆپەراسیۆنەکانی کەناری ئۆقیانووسی پاسیفیک.

شایەتییەک و گێڕانەوەیەکی بەرایی بەرچاو: "هندییەکانی کالیفۆرنیا" (١٨٦٤)، لەلایەن جۆن ڕۆس براونەوە، کاربەدەستی بەرپرسی گومرگ و پشکنەری کاروباری هندییەکان لە کەناری ئۆقیانووسی پاسیفیک. ئەم کەسە بە شێوەیەکی سیستماتیک باس لە فڕوفێڵ و گەندەڵی و دزینی زەوی و زار و کۆیلەیی و ئەتکی نامووس و ئەو کوشتوبڕە دەکات کە دەرهەق بە بەشێکی زۆری دانیشتووانی ڕەسەن ئەنجامدراوە. ئەمەش لەلایەن دۆرکاس جەی. سپێنسەری چاودێر و سەرپەرشتیاری هاوچەرخەوە سەلمێنراوە.

ئامارەکانی توندوتیژی

لە ساڵی ١٩٤٣دا، زانای دیمۆگرافیشێربورن کووک لێکۆڵینەوەیەکی کردووە و تێیدا مەزەندەی ئەوەی کردووە کە ٤٥٥٦ حاڵەتی کوشتنی هندییەکانی کالیفۆرنیا ڕوویداوە لەنێوان ساڵانی ١٨٤٧ و ١٨٦٥دا. هەروەها مێژوونووسی هاوچەرخ بنیامین مادلەی ژمارەی ئەو هندییانەی کالیفۆرنیای دوکۆمێنت کردووە کە لە نێوان ساڵانی ١٨٤٦ و ١٨٧٣دا کوژراون و مەزەندەی ئەوە دەکات کەوا لەم ماوەیەدا لانی کەم ٩٤٩٢ تا ١٦٠٩٢ هندی لەسەر دەستی غەیرە هندییەکان کوژراون، بەوانەشەوە کە لە نێوان ١٦٨٠ تا ١٦٠٩٢ کەسن و بە دەستی سوپای ئەمریکا کوژراون. زۆربەی ئەم کوشتنانە لە زیاد لە ٣٧٠ کوشتاری بەکۆمەڵدا ئەنجامدراون (وا پێناسە کراوە کە "کوشتنی بەئەنقەست بن بۆ پێنج یان زیاتر لە جەنگاوەرانی بێچەک یان بەزۆری نە جەنگاوەر بوون و نە چەکدار و لە نێویشیاندا ژن و منداڵ و خەڵکی بەندکراو هەبوون، لە دۆخ و سیاقی شەڕدا بووبیتن یان لەباری تردا" ). هەروەها مادلەی مەزەندەی ئەوەش دەکات کەوا کەمتر لە ١٤٠٠ کەسی غەیرە هندی لەسەر دەستی هندییەکان کوژراون لەم ماوەیەدا. کۆمیسیۆنیمیرات و کەلەپووری ئەمریکییە ڕەسەنەکان لە ویلایەتی کالیفۆرنیا داوای لە ئێد کاستیللۆی چالاکوانی ئەمریکیی ڕەسەن و پرۆفیسۆری پێشتر لە زانکۆی حکوومیی سۆنۆما داوای لێکراوە کە مێژووی فەرمیی جینۆساید بنووسێتەوە. ئەویش نووسیوێتی کەوا "تیمەکانی مەرگ کە بەباشی جەکدار کرابوون شانبەشانی کوشتنی هەڕەمەکی و بەربڵاوی هندییەکان لە سەر دەستی تاکەکانی کرێکارانی کانەکان سەد هەزار کوژراوی هندیی لیکەوتەوە [لە ساڵانی ١٨٤٨ و ١٨٤٩دا]". گاری کلەیتن ئەندەرسن، کە مێژوونووسێکی هاوچەرخی دیکەیە، مەزەندەی ئەوە دەکات کەوا لە دوو هەزار ئەمریکیی ڕەسەن زیاتر نەکوژراوە لە کالیفۆرنیادا.  جێفری ئۆستلەر رەخنە لە خەمڵ و مەزەندەکەی ئەنەرسن دەگرێت و وا وەسفی دەکات کە "هیچ بنەمایەکی نییە و بەلایکەمەوە پێنج هێندە کەمترە لەوەی کە ڕوویداوە".

بەڵگەی شوێنەوارناسی(ئارکیۆلۆجی) لەسەر توندوتیژی و ئاوارەبوون لە کالیفۆرنیادا

ئەو لێکۆڵینەوانەی کە ساڵی ٢٠١٥ لەسەر گردە ناوخۆییەکانی مردوو ناشتن کران لە ناوچەی کەنداوی سان فرانسیسکۆ ئەوەیان دەرخستووە کەوا دانیشتووانی ڕەسەن جێگۆڕکێیان بۆ خۆپاراستن لە جینۆساید. دەکرێ شوێن ئەم جێگۆڕکی و گواستنەوەیە بۆ شوێنە جیاجیاکان لە ڕێگەی مێژووی گردەکانی مردوو ناشتنەوە چونکە زۆرێک لە خێڵەکانی ناوچەکە کایەکانی گردی ناشتنیان وەک شوێنی ئازادیی ئایینی و کولتووری بەکارهێناوە.

ئاماە موتسون گرووپێکی دانیشتووانی ڕەسەن بوون کە وا باسدەکرێت نەیانتوانیبێت لەم ماوەیەدا داب و نەریتیان بگوێزنەوە و پراکتیزەکردنی بۆ ماوەی چەندین ساڵ بە نەگێڕراوەیی ماوەتەوە. کەسانی ئەم گرووپە و نەوەکانیان زانایانی شوێنەوارناس بەشدارن لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە ئیتنۆگرافییە هاوکۆییەکان بۆ ئەوەی تیشک بخەنە سەر ڕاهێنان و پراکتیزەکانی پێشتر وەک پیادەکردنی مردوو ناشتن و جۆرەکانی ڕووەکی بەکارهاتوو لەو سەردەمەدا.

کاریگەریی هەڵپەی گەڕان بۆ زێڕ لەسەر دانیشتووانی ڕەسەن

هەڵپەی گەڕان بۆ زێڕ کاریگەریی ترسناکی هەبوو لەسەر دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا و بوو بە هۆی کەمبوونەوەیەکی توندی ژمارەیان لەسۆنگەی نەخۆشی و جینۆساید و برسێتییەوە. لە پێش هەڵپە یان تاومای گەڕان بە دوای ئاڵتووندا ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەن لە کالیفۆرنیادا دەگەیشتە زیاد لە ١٥٠ هەزار کەس، کە خاوەنی کولتوور بەرقەراری خۆیان بوون و ئابوورییەکی جەسپاو کە لە پلەی یەکەمدا پشتی بە ڕاوکردن و میوە و بەری درەخت کۆکردنەوە و ڕاوەماسیی بەستبوو. تا ساڵی ١٨٧٠، ژمارەی دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا دابەزی بۆ نزیکەی ٣١ هەزار کەس، بە لەناوچوونی زیاد لە ٦٠%یان بە هۆی ئەو نەخۆشییانەوە کە خەڵکە چلونۆکان لەگەڵ خۆیاندا گواستبوویانەوە بۆ ئێرە. هەروەها بە شێوەیەکی سیستماتیک خێڵەکان لەسەر زێد و زەویوزاری خۆیان دەردەکران و بەزۆرەملێ ڕادەگویزران بۆ مۆڵگەکانی پارێزگاری (محمیات) و شوێنی کۆکرنەوەی مسیۆنێریی (مژدەدانی) مەسیحییانە و بێجگە لەوەش بە شێوەیەکی دڕندانە دەکوژران و بەکۆیلە دەکران. بۆ ساڵی ١٨٥١، حکوومەتی ویلایەتی کالیفۆرنیا یەک ملیۆن دۆلاری تەرخانکرد بۆ حەملەی بڕین و کەوڵکردنی سەری خەڵکانی ڕەسەن. لە ساڵی ١٨٥٥دا لە بەرانبەر هەر سەرێكی بڕاوی هندییەکدا لە ناوجەی شاستا بڕی پێنج دۆلاری دەدا، بەڵام لە ساڵی ١٨٦٣دا و لە ناوجەی دەریاچەی هۆنی تەنها بیستوپێنج سەنتی دەدا لە بەرانبەر هەر سەرێکی بڕاو و کەوڵکراودا.

لێرە زیاد لە چوار هەزار منداڵی خێڵە ڕەسەنەکان فرۆشران بە نرخی نێوان ٦٠ دۆلار بۆ هەر منداڵێکی کوڕ و ٢٠٠ دۆلار بۆ هەر منداڵێکی کچ. لە سەدەکانی ١٩ و ٢٠یشدا، منداڵانی هندییە ڕەسەنەکان بە زۆر دەگویزرانەوە بۆ قوتابخانە ناوخۆییە حکوومییەکان و ئەوانی کەوا کەنیسە بەڕێوەی دەبردن و بە زۆرەملێ قسەکردنیان لی قەدەغە دەکرا بە زمانی رەسەنی خۆیان و گەلێکیشیان بە    زۆر و زۆرداری دەخستنە "پرۆگرامەکانی ڕاهێنان لەسەر کرکردن" و وەک کرێکاری کۆیلە لە ماڵەکان و کێڵگەکان و پرۆسەی داربڕین و دامودەزگای تردا کاری بێگارییان پێدەکردن.

هەڵبەت میراتیی ئەم کردەوە جینۆسایدییانە و لەنێویاندا لەدەستدانی زەویوزار و هۆکار و ئامرازەکانی ژیان و پراکتیزەکردنی کولتوور و زمان و شوناس و سەروەریی سیاسی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش بەردەوامە. بەڵام هەواڵی خۆس ئەوەیە کەوا هەوڵ و کۆشش بۆ ساڕێژبوون و هاتنەوە سەرخۆ و سەرلەنوی چالاکبوونەوە کەوا گەلە ڕەسەنەکان لە هەموو شوێنیکی کالیفۆرنیادا پیادەی دەکەن بۆ پێچەوانەکردنەوەی ئەم کاریگەرییانە ئەنجامی ئەرێنیی بەرچاوی بەدیهێناوە.

جینۆسایدە کەم پێزانراوەکەی کالیفۆرنیا

پاش ئەوەی کالیفۆرنیا لە ساڵی ١٨٥٠دا بوو بە ویلایەت نزیکەی ١٦ هەزار ئەمریکیی ڕەسەن خوێساردانە کوژران - "ئيرينبلاكمۆر"

دانیشتووانی ڕەسەنی کالیفۆرنیا مێژوویەکی ڕەسەن و دەوڵەمەندیان هەبوو، سەدان هەزاریان کە بە نزیکەی هەشتا زمان قسەیان دەکرد لە پێش هەزاران ساڵەوە لەم ناوچەیەدا نیشتەجێ بوون. لە ساڵی ١٨٤٨دا، کالیفۆرنیا بوو بە مڵکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەک یەکێک لە دەستکەوتەکانی جەنگی مەکسیک -  ئەمریکا و دواتر لە ساڵی ١٨٥٠دا بوو بە ویلایەت.سەبارەت بە هەردوو حکوومەتی ویلایەت و حکوومەتی فیدراڵی، دەبوو هەردوکیان بوار و دەرفەت بڕەخسێنن بۆ نیشتەجێ (مستوطن) settlers نوێکان و ئەنجامدانی گەڕان و پشکنین بۆ زێڕ (ئاڵتوون) لە زەوییە نەریتییەکانی خێلە ڕەسەنەکاندا. لە هەمان کاتدا نیشتەجێکان خۆیشیان - بە پاڵنەری دەمارگرژی و ترس لە دانیشتووە ڕەسەنەکان - بەنیازی ڕاگواستن و لەناوبردنی ئەو نزیکەی ١٥٠ هەزار ئەمریکییە ڕەسەنە بوون کە مابوونەوە.

لە ساڵی ١٨٤٩دا، ڕۆژنامەی دەیلی ئاڵتا کالیفۆرنیا Daily Alta California، وەک ڕەنگدانەوەیەک بۆ لایەنداریی ئەو ڕۆژگارە، دەنووسێت "سپیپێستەکان سەرسامن بەو باوەڕەی کە بەتەواوی وا پێویست دەکات کێوییەکان لەناوببرێن پێش ئەوەی بتوانن بۆ ماوەیەکی دوورودرێژتر لە ژێر پاسەوانیدا کار لە کانەکاندا بکەن".

حکوومەت یارمەتیی سپیپێستەکانی دەدا لە مەسەلەی ئەوەی کە بە "کێشەی هندییەکان" ناوزەد دەکرا و بە یەکێک لە گەورەترین هەڕەشەی دادەنا بۆ سەروەریی خۆی. بنەمای یاسایی بۆ بەکۆیلەکردنی دانیشتووانە ڕەسەنەکەی کالیفۆرنیا لە یەکەم دانیشتنی ئەنجومەنی یاسادانانی ویلایەتدا داڕێژرا، کە تێیدا بەرپرسان مافیان دا بە نیشتەجێ سپیپێستەکان بۆ لەخۆگرتن و بەخێوکردنی منداڵانی ئەمریکییە ڕەسەنەکان. هەروەها یاسا مافی ئەوەی دا بە خەڵکانی سپیپێست بە دەسگیرکردنی دانیشتووانی ڕەسەن لەسەر هەر   تاوان و کەتنێکی سادەی وەک پەرتەوازەیی یان پێگرتنی مەی و ڕێگەی بە سپیپێست دەدا کار بە ئەمریکییە ڕەسەنەکان بکەن لەبری ئەو پێبژاردنەی دەخرایە سەریان. بۆ ئەم مەسەلانەش بە شێوەیەکی بەرفراوان و بە خراپی یاسا بەکاردەهات و دواجار بەوە شکایەوە کە دەیان هەزار ئەمریکیی ڕەسەن بکرێنە کۆیلە بە ناوی "پارێزگاری لێکردنیانەوە".

ئەمریکییە ڕەسەنە بەکۆیلەکراوەکان هەڵپەی گەڕان بۆ زێڕیان ڕەخساند

دانیشتووانە ڕەسەنەکەی کالیفۆرنیا مامەڵەیەکی زۆر خراپیان لەگەڵ کرا لەو ناوچەیەدا کە یەکەمجار زێڕی تێدا دۆزرایەوە. لێرە ویلایەت، بە هاوکاریی سوپای ئەمریکا دەستیکرد بە کەڵەکەکردنی چەک و جبەخانەیەکی هێجگار گەورە و ئەم چەکانەش ڕادەستی میلیشیا ناوخۆییەکان کرا و ڕاسپێردران بە کوشتنی دانیشتووانی ڕەسەن. میلیشیاکانی ویلایەت هەڵیانکوتایە سەر شوێن و ڕێی خێڵەکان و بە تەقەکردن دەستیان لێکردنەوە و ناوبەناویش سەریان دەبڕین و پێستی سەریان لێدەکردنەوە. زۆری نەخایاند و نیشتەجێ سپیپێستەکانی ناوخۆ بەخۆیان کەوتنە جێبەجێ کردنی ئۆپەراسیۆنی کوشتن. حکوومەتی ناوخۆیی پاداشتی دانابوو بۆ سەری بڕدراوی ئەمریکییە ڕەسەنەکان و پارەشی دەدا بە نیشتەجێکان لەبریی دزینی ئەسپی ئەو کەسانەی کە دەکوژران.

مێژوونووسبنیامينمادلەی دەڵێ: "بە سەلماندنی ئەوەی کە ویلایەت سزای بکوژی هندییەکان نادات بەڵکو خەلاتیان دەکات، لەشکرکێشیی میلیشیاکان یارمەتیدەر بوو بۆ کوشتنی ٦٤٦٠ کەس لە هندییەکانی کالیفۆرنیا لە نێوان ساڵانی ١٨٤٦ ١٨٧٣دا". مادلەی ئاماژە بەوە دەکات کەوا سوپای ئەمریکاش لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنەکەدا تێوەگلاوە و ئەنجام کوشتنی زیاد لە ١٦٠٠ کەسی لێکەوتووەتەوە لە دانیشتووانە ڕەسەنەکانی کالیفۆرنیا.

کاتێ ئەمریکییە ڕەسەنەکان بە ناوی "شارستانییەتەوە" کوژراون

بە کۆتاییهاتنی جەنگی هندییەکان لە دوادوایی سەدەی نۆزدەدا، کەمتر لە ٢٣٨ هەزار خەڵکی ڕەسەن مانەوە لە کۆی نزیکەی پێنج ملیۆن کەس لە باکووری ئەمریکا لە پێش پەیوەندیکردنی ئەوروپییەکان پێیانەوە.

کوشتارە گەورەکان تەواوی خێڵە ڕەسەنەکانی لەناوبرد. لە ساڵی ١٨٥٠دا، بۆ نموونە، نزیکەی چوارسەد کەس لە گەلی پۆمۆ سەربڕان، کە ژن و منداڵیان لەنێواندا بوو، لەسەر دەستی هێزی سوارەی ئەمریکی و خۆبەخشە ناوخۆییەکان لە دەریاچەی کلێرلەیک لە باکووری سان فرانسیسکۆ. یەکێک لەو مێینە کەمانەی کە ڕزگاریان بوو کچێکی شەش ساڵان بوو بە ناوی نیکا، کە بە زیندوێتی مایەوە چونکە لە ئاوی دەریاچەکەدا خۆی شاردبووەوە و بە قامیشێک هەناسەی دەدا.

لە هەمان کاتدا، نیشتەجێ سپیپێستەکان و حکوومەتی کالیفۆرنیا خەڵکە ڕەسەنەکەیان کردبووە کۆیلە و ناچاری کارکردنیان کردبوون لای ئاژەڵدارەکان و ئەمە تا ناوەڕاستی ساڵانی ١٨٦٠کانی خایاند. پاشان ئەمریکییە ڕەسەنەکان بە زۆرەملێ ڕاگوێزرانە مۆڵگەکانی پارێزگاری (محمیات، reservations) و منداڵەکانیشیان بە زۆر لێ دوورخستنەوە و خستنیانە "قوتابخانەکانی تواندنەوە و ئەسیمیلەکردنی هندییەکانەوە".

مەزەندە دەکرێت کەوا نزیکەی ١٠٠ هەزار ئەمریکیی ڕەسەن کوژرابێتن تەنها لە دوو ساڵی یەکەمی گەڕان بە دوای زێڕدا و تا ساڵی ١٨٧٣ تەنها ٣٠ هەزار کەس لە دانیشتووانی ڕەسەن مابوونەوە لە کۆی نزیکەی ١٥٠ هەزار کەسیان. بە پێی مادلەی، ویلایەت دەوری ١.٧ ملیۆن دۆلاری خەرج کردووە بۆ کوشتنی نزیکەی ١٦ هەزار کەس، کە ئەمە لەو ڕۆژگارەدا بڕە پارەیەکی هێجگار زۆر بووە.

ئەمڕۆ، سەرباری هەموو ئاستەنگەکان، کالیفۆرنیا گەورەترین ژمارەی ئەمریکییە ڕەسەنەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان لەخۆدەگرێت و زید و نیشتمانی ١٠٩ خێڵی ددانپێدانراوی فیدراڵییە. بەڵام مامەڵەی ویلایەتەکە بۆ دانیشتووانی ڕەسەن لە ماوەی ڕۆژگاری دروستبوونیەوە و - ئەو ڕۆلەی کەوا کوشتاری ئەمریکییە ڕەسەنەکان گێڕای لە چەسپاندنی خۆشگوزەرانیی کالیفۆرنیادا - کەم کەس لەمڕۆدا دەیزانێت. ویلایەتی کالیفۆرنیا تا ساڵی ٢٠١٩ داوای لێبووردنی نەکرد لەسەر ئەو جینۆسایدەی دژ بە دانیشتووانی ڕەسەن بەرپای کرد.

سەرچاوە: ئینتەرنێت - ویکیپێدیا  Wikipedia

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە