سەلام عومەر

 (پێتان سەیر نەبێ‌ كاتێ‌ بەبێ‌ ئاوڕدانەوە لاو رادەكا)

 كاتێك لاو هەست بە تەنهایی دەكات‌و پرۆژەیەكی لەبەردەستدا نابێ‌ بۆ ئایندە, تا لەوێوە خەونەكانی تێدا بێنێتەدی, یان جیاوازییەكانی ناو كۆمەڵگا بە ئاراستەیەكدا دەڕوات كە توێژێكی زۆر گرنگ بەجێ‌ دەهێڵێ‌‌و پێكهاتەكان لێك جیادەكاتەوە, رێك لەو كاتانەی شەقامەكان لێواو لێودەبن لەلاو‌و كات هەر درێژدەبێتەوە, یان لاو بەرەو مشەخۆری‌و حكومەتیش هیچ پلانێكی نابێ‌, ئا لەو كاتانەدا دیاردەكانی خۆكوشتن‌و سوتاندن‌و تەنانەت دروستبوونی گروپی تیرۆریش سەرهەڵدەدەن, بەڵام لە هەموویان مەترسیدارتر كۆچە, واتە راكردنە لەو خاكە بێ‌ سیستم‌و پلانانەی دەیان ساڵە درێژەی هەیە‌و لە هەموو كاتەكانیشدا باجەكەی لاو دەیدات.

ساڵ نییە نەوەیەكی بێ‌ بەرهەم پێنەگات‌و تا ئێستاش دەسەڵات نایەوێ‌ نەخشەیەك یان پرۆژەیەكی درێژخایەن بخاتە واری جێبەجێكردنەوە, تا چیدی لاوەكانمان لەسەر شەقامەكان بێكار نەبن وزێدی خۆیان جێ‌ نەهێڵن‌و دیاردەی كۆچكردن بەكۆتا بێت وبیر لەژیانێكی شایستە بۆ گرنگترین توێژی كۆمەڵگا بكرێتەوە, لەوەتەی ئەم نیشتمانە داگیركراوە هەیە, هەر لە سەردەمی شۆڕشە یەك بە دوای یەكەكان كە لاو تیایدا رۆڵی سەرەكی دەدی‌و فاكتەر‌و رێكخەری سەرجەم پارت‌و گروپ‌و ئەو چالاكییانە بوون كە دژ بە نەیارانی كورد ئەنجامیان دەدا, تا راپەڕینەكانی ساڵانی 1982‌و 1984‌و دواتر راپەڕینی ساڵی 1991ی سەرتاسەری كە تیایدا كوردستان ئازادكرا, لاو لە هەموو ئەو سەردەمانەدا پێشەنگ بووە‌و ئێستاش لەو كاتانەی مەترسییەك بۆ ئایندەی سیاسی گەلەكەمان دروست دەبێت  ئەوە لاون لە پێشەوەی سەنگەرەكان و هەر ئەوانیشن لە ریزی سوپا‌و هێزی پێشمەرگە‌و ئاسایش‌و هەموو ئەو جێگایانە كە رووبەڕووی مەترسییەكان دەبنەوە‌و دەستكەوتەكانیان پێ‌ دەپارێزێ‌, نەوەیەكن‌و پێویستە دەسەڵات چاوی لەسەریان بێت‌و چیدی ناراستەوخۆ لە نێو تەم‌و مژی رووداوەكاندا ونیان نەكات‌و هۆكارێك نەبێت بۆ دەركردنیان لە نیشتمانێك كە لە هەموو كات زیاتر ئەمڕۆ پێویستیمان پێیانە, چونكە لە كاتی تەنگانەدا بەرەنگاریەكە بۆ ئەوانە‌و لە كاتی ئاسایشیدا هێزی بەرهەمهێنن, بۆیە دیاردەی دەستپێكردنەوەی كۆچی لاوان دەكەوێتە ئەستۆی دەسەڵات‌و پێویستە هەرچی زووە بیر لە كێشەی هەڵاوسانی بازاڕ‌و بێمووچەیی و بێكاری بكاتەوە كە بەراستی تەواو شیرازەی هەموو لایەنەكانی ژیانی تێكداو لە پەنای بازاڕی ئازاد‌و كاڵا ئاڵ‌و واڵاو خواردەمەنیە بێتام‌و ئەو كێشانەی دووبارە دەبنەوە‌و هەموو جارێكیش بەسەر حكومەتدا رەتدەبن, ژیان لێرە وەستاوە‌و بەتایبەتیش كە دەبینرێ‌ توێژێك هەڵدەكشێن‌و زۆرینەش لەم نێوەندەدا دووچاری شۆك بوون‌و لاویش بە هەموو توانای رادەكات,دەیەوێ‌ بگاتە ئەو جێگایەی بەبێ‌ جیاوازی مامەڵە لەگەڵ مرۆڤەكان دەكرێت‌و شوێنێكە لاو تیایدا دەتوانێ‌ وەك خۆی بژی, ئاخر لەم وڵاتە ئەوروپیانە زەوی‌و شوقە‌و مووچە‌و داهاتی وڵات وەكو یەك بەسەر هەموو تاكەكاندا دابەش دەكرێت, ئەوەی بیری لێنەكرێتەوە كاری حزبی‌و دەستكەوتی حزبی‌و ئەو شتانەن كە لە پەنای حزبەوە وەدەست دێن, ئەوان، ئەو توێژە زۆر گرنگە بۆیە رادەكەن‌و ئاوڕ نادەنەوە, چونكە دەزانن لەوێ‌ كار بكەن دەتوانن بژین دەتوانن ئایندەو شوقە‌و تەنانەت قاپ‌و كەوچكی خۆشیان هەبێ‌, بەڵام لێرە دوای تەواوكردنی 20ساڵ خوێندن‌ دەكەوێتە سەر شەقامەكان و بڕوانامەكەشی لە ماڵەوە جێدەهێڵێ‌، ئا لەوێوەیە لاو رادەكا, دەڕواو بەنێو مەترسیەكاندا سنوورەكان دەبڕێ‌, هەست دەكات تەنهایە‌و شەقامەكانی وڵات لێی بێزارن, ئەگەر زوو نەگاتە نێو ئەو ژینگەیەی پڕە لە غوربە‌و خاڵیە لە كێشەكان, ئەوا زۆر بە خێرایی لێرە تەمەنی لاویەتی لە دەست دەدات‌و دەبێتە ئەو كوڕە سەر سپیەی قەیرەكان پێی رازی نابن.

ئاخر لێرەوەیە دووبارە كۆچی لاو دەست پێدەكاتەوە, كۆچێك تەنها كوڕ دەتوانێ‌ بیكاو كچە لاوەكانیش بەتەنها, لەم نیشتمانە بێ‌ پلان‌و بەرهەم‌و خاڵی لەلاو دەستەوەستان بەدیار دەرگای حەوشە‌و میوانە ناكاو و ئەو خوازبێنیانە رادەمێنن كە زۆر درەنگ دێن, یان هەر نایەن‌و زۆر بە ناچاری پەنا دەبەنە بەر ئەو فاڵگرانەی هەر لە خێودەچن‌و نیشتمان دەگێڕنەوە بۆ ئەو سەرەتایانەی بە جێمان هێشتووە.

ئاخر لێرەشەوەیە دەبێت دەسەڵات زۆر بە وردی نەخشە‌و پلان داڕێژی بۆ رێگەگرتن لەو كۆچە‌و خۆی لە بەردەم ئەگەرە چاوەڕوانكراوەكاندا یەكلاكاتەوە‌و جیاوازییەكان شەق كا, چیدی ئەو تاكانەی دەسەڵاتیان هەیە تەنها بۆ خود‌و دەوروبەر تێنەكۆشن‌و با بە ئامانجی بەرژەوەندی گشتی‌و بەتایبەت لاو پلانیان هەبێ‌، ئەو ئایندەیە لەبەرچاو بگرن كە تەنهاو تەنها بەلاو دێتەدی‌و ئێستا بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەك پێویستیمان بە ئەوانە‌و.. ئەوانیش دەتوانن ئەو هێزە بەرهەم هێن‌و پڕ لە گۆڕانكاریانەبن, كە كە نیشتمان دەپارێزن و كەچی پاڵیان پێوە دەنێین

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە