هۆشیاری عەبدولعەزیز
بەدرێژای میژووی سەرهەڵدانی دەوڵەت و گەشەكردنی پێشكەوتنە سیاسی و ئابوری و كلتوریە كۆمەڵایەتیەكان و بەتایبەت لەدنیای خۆرئاوادا حزب ئامرازێكی گرنگی سیاسی و ئابوری هاو واتا بوە بۆبەدیهێنانی بەرژەوەندیی هێزە كۆمەڵایەتییەكان وبەرجەستەكردنیان لەسەر ئەرزی واقع و هۆكارێكی ماددی و مرۆیی گرنگیشە بۆ گوزارشت كردن لە بیرو ڕای تاك و دەستەبەركردنی خواستەكانی كۆمەڵگا وڕێكخستنەوەی ململانێ هزری و ئایدۆلۆژیەكان كە لە پانتای پرۆسەی گەشەكردنی كۆمەڵایەتیدا بوونی هەیە، و شوناسێكی لێكدراوی سیاسی كلتوری گرنگیشە ئەگەر بابەتیانە و بەشێوەیەكی سەردەمیانە لە پێناو گشت مامەڵەی لە گەڵ بكرێ
واتا حزب ئەگەرچی لە كۆمەڵگا دواكەوتوو مشەخۆرەكاندا تەنێكی سیاسی بێزراوە ، بەڵام لە بنەڕەتدا و وەك هەر دامەزراوەیێكی دیكە لە قۆناخێك لە قۆناخەكانی ژیانی كۆمەڵگاكانی مرۆڤایەتیدا فاكتەرێكی دیار و كاریگەرە بۆ ڕێكخستنەوە و پوختكردنی ئەو گۆڕان و كێشەو قەیرانانەی كە هاوكێشە سیاسیو كۆمەڵایەتی و ئابوری و كولتوریەكان لەگەڵ خۆیاندا دەیانهێنن و دەتوانێ بە ئاراستەیەك هەنگاوبنێ كە خزمەت بە بونیادی گشتی كۆمەڵگا و پرسە چارەنووسسازەكان بكات، لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ جار و لە هەندێك لە وڵاتان بەتایبەت لە وڵاتانی خۆرهەڵات بوونی حزب خۆی دەبێتە هۆكاری سەرهەڵدانی قەیران و تەنگەژەی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و خولقاندنی فەوزا، چونكە تێكڕای دامەزراوەكان بە دامەزراوەی حزبیشەوە لەو كۆمەڵگایانەدا پێكهاتەیەكی بەرخۆر و نەگونجاون بە پرۆسەی دیموكراسی و پێشكەوتنی كۆمەڵایەتی و زیاتر نزیكن لە دیكتاتۆریەت و ستەمكاری و قۆرخكاری ئابوری بازاڕەوە و ناتوانن لەگەڵ واقیعی گۆرانكاریەكاندا هەڵكەن و دوركەونەوە لە بەرژەوەندخوازی و كاریگەری نیگەتیڤی سەرۆك و سەركردە و سیاسەتی هەڵە و كوشندەی حزبی قائید ، چونكە هیچ تیۆرێكی سیاسی ئەو تێگەشتنە ناسەلمێنێ كە كۆمەڵگای حزبی و سیاسەتی ئابوری بەرخۆر بتوانێ لەگەڵ زمانی هاوكێشە سیاسییەكاندا بگونجێ كە لە دنیای ئەمرۆدا بابەتێكی یەكجار جیاواز و نەشازە بە پرۆسەی دەوڵتداری
چونكە زۆرجار لەم جۆرە پڕۆژەیەی حزبی دەسەڵاتداردا ، كە لە واقعی ئێستای كۆمەڵگای كوردیدا دەبینرێ داهات و پارەی دەوڵەت یان (حزب) لەدەستی كەمینەیەكی داگیركەری حوكمڕانیدایە و نایەوێ تەنانەت بەشێكی كەم لەو داهاتەی دەستی دەكەوێ لە موچەو بودجەی گشتیدا خەرج بكات ، تا بە هەر نرخێكبێت دەوڵەتی ئابوری مفتەخۆر (رەیعی) دروست بكات و ببێتە هۆكارێكی وا كەدواجار بتوانێ بژێوی ژیانی خەڵك بخاتە ژێر ركێفی خۆیەوە و بە پێیی بەرژەوەندیەكانی خۆی مامەڵە بە سیاسەت و سێكچەكانی دەوڵەتداری بكات نەك لەوەی كە خەڵك دەیەوێ ، لەقۆناغی یەكەمیشدا وێڕای لوشكردنی داهات و واریداتی كۆمەڵگا هەوڵدەدات كۆمەڵگا دابەش بكاتە سەر حزب و ناوچەكاندا تا دواجار كۆمەڵگایەكی حزبی بەرژەوەند خواز و پاسیڤی بێ ئیرادە بەرهەمبێت
لەم جۆرە كۆمەڵگایەدا كە كورد لە ئێستادا بە واقعی بەرجەستەی دەكات جەماوەرێكی زۆری بە حیزبیكراو دروست دەكرێت و لە باگراوەندی ئەو دابەشبوونەشدا حزب دەبێتە سەرچاوەی یەكلا كردنەوەی ڕووداو پێشهاتەكان و لە بەرانبەریشدا ئازادی و دیموكراسی و رای گشتیی گەلێك لاواز دەكرێ وشتێك نامێنێتەوە بەناوی هێزی كۆمەڵایەتی، هێزێك كە لەو جۆرە هەڵومەرجەدا كاریگەری تەواوی لە گۆڕەپانەكەدا هەبێ و بتوانێ دەسەڵات ملكەچی داواو داخوازیەكانی خۆی بكات، ئەوەشی هەیە گروپگەلێكی حزبی ناهوشیارە كە كوێرانە و لەسەر بنەمای رق لە ئەویتر داكۆكی لە حزب و بەرژەوەندیەكانی دەكات و ڕاستەوخۆ لە ژێركاریگەری بەرژەوەندیە كەسی و حزبیەكاندا كۆیلە ئاسا مامەڵەی لە گەڵ دەكرێت
لێكەوتەی ئەم بەحزبی كردنەی كۆمەڵگاش تەنها لە دۆخێكدا ناوەستێ و سەردەكێشێ بۆ بەرهەمهێنانی تاكی بێ ئیرادەو تێكشكاو كە ناتوانن هیچ رۆڵێكی بابەتیانە بگێڕن لە داڕشتنی نەخشەڕێی سیاسی و سیستەمی حوكمڕانیدا ، ئەمە جگە لەدروستبوونی وەلائی شەخسی و دەستەگەریی و دزی و فزی و گەندەڵی بەمەش هیچ پێوەرێك نامێنێتەوە بۆ هەڵسەنگاندن و لێكدانەوەی كێشەو ئاریشە مەترسیدارەكان و ئەو ئیشكالیەتانەی كە لە مناڵدانی دەوڵەتداری مفتەخۆرەوە دروست دەبێ ، چونكە لەم دۆخەدا كۆمەڵگا دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی نێوان حیزبەسیاسیەكان و ئەو كۆمەڵە و گروپانەی كە بەرژەوەندیەكانیان پەیوەستە بە بەرژەوەندی حزب و سەركردە ملیاردێرەكانەوە و ناتوانن زنجیری كۆیلەبوون و دارۆخانی شكۆی خۆیان بپچڕێنن و ببنە پشكۆی هەڵگیرساندنەوەی شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی نوێ كە تێكڕا بەرژەوەندی گشتی بپارێزێ