كابینەیەكی نوێ دروست دەبێت؟

نووسینی: هیوا عومەر

 

جووڵەی هەردوو حزبی حوکمڕان دەستیپێکردووە بەمەبەستی دابەشکردنی پۆستەکانی پەرلەمان و پێکهێنانی کابینەی تازەی حکومەتی هەرێمی کوردستان. پێش سەردانیکردنی لایەنە سیاسییەکان، بەشێک لە مەرج و داواکاریی هەردوو حزب لە میدیاکان بڵاوکرایەوە سەبارەت بە پێکهاتەی کابینەی تازە.

هەردوولا مەیلی پاوانخوازی و عەقڵیەتی تۆخترکردنەوەی دوو زۆنی و بەحزبیکردنی تەواوی جومگەکانی حوکمڕانییان هەیە. جارێکی تر بەڕوونی هەستی پێدەکرێت، وەک ئەوەی هیچ دەرس و ئەزموونێکیان لە هەڵە و قەیرانەکانی ڕابردوو وەرنەگرتبێت!

دوای سی و سێ ساڵ لە ئەزموونی داوەشاوەی دەسەڵاتی هەردوولا، جارێکی تر تەماحی قووتدانی حکومەت لە لایەن حزب و بنەماڵە سیاسییەکان وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە. ناکۆکییەکانیان لەسەر ئەوەیە کامیان زیاتر هەژموون دەبێت و زیاتری دەکات لەسەر:

- هێزەکانی پێشمەرگە

- پۆلیس و ئاسایش

- دەزگا هەواڵگرییەکان

- نەوت و سەرچاوەکانی داهات

- بازاڕ

- قوتابخانە و زانکۆ

- میدیاکان

جارێکی تر ئەوان مەشغووڵی دروستکردنی کابینەیەکن کە کاڵایەک بێت پڕ بەباڵای بەرژەوەندیی تەسکی حزب و بنەماڵە سیاسییەکان، لە جیاتی بەرژەوەندیی زۆرینەی خەڵکی پەراوێزخراوی کوردستان!

ئاماژەکان پێمان دەڵێن کابینەیەک بەڕێوەیە کە:

- فراوانترکردنی کەلێنی چینایەتی

- مانەوەی کێشە و قەیرانە سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان

- بەردەوامبوونی قەیرانی دواکەوتنی مووچە

- بێکاری

- نەبوونی دەرفەتی یەکسان و مافی هاوڵاتیبوون

- نەبوونی بیمە کۆمەڵایەتییەکان

- بەردەوامیی پێشێلکاریی ماف و ئازادییەکان

سەرباری هەموو ئەمانەش، ئاماژەکان پێمان دەڵێن کابینەی ملکەچکردنی زیاتر دەبێت بۆ:

- مەیل و فشاری ناوەندییەتی بەغدا

- دەستوەردانی تاران و ئەنقەرە

لەناو دۆخی نائومێدیی دوای ئەنجامی هەڵبژاردنەکان، خستنەڕووی ئەم پێشبینییە ڕەنگە بەدیوێکدا جۆرێک لە ڕەشبینی تێدا بخوێنرێتەوە. بەڵام بەدیوەکەی تریشدا نابێت ئەوەمان بیر بچێت کە دۆخێکی بابەتیش دروست دەکات بۆ فراوانکردنی ژمارەی ئەو هێزە کۆمەڵایەتییانەی بەرژەوەندییان ناکۆک دەبێت لەگەڵ بەرنامە و پێکهاتەی کابینەی تازە.

ئەگەر ئیرادە و هێزی چاوەڕوانیمان تەواو کز نەبووبێت، ئەو هێزە کۆمەڵایەتییە بەجۆرێک لە جۆرەکان لە داتای هەڵبژاردنەکانیش خۆیان پیشان دا. دەکرێت وەک هێزێکی گۆڕانکاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەماشا بکرێن لەبری هێزێکی ناکارای نەگۆڕ.

بینین و سوودوەرگرتن لەو هێزە کۆمەڵایەتییەی دەرەوەی دەسەڵات - کە لەڕووی چەندایەتییەوە زۆرینەیە - پێویستی بە کۆکردنەوەی هێزە چەپ و دیموکراتییەکانە لە دەوری:

- بەرنامە و ئایدیایەکی واقیعیی چەپی ئۆپۆزسیۆن.

- توانای وەرگێڕانی چەندایەتی بۆ چۆنایەتی.

- دابینکردنی نان و کار و ئازادییەکی شەرەفمەندانە.

- کوردستانێک بۆ هەموومان، نەک بۆ کەمینەیەکی ئۆلیگارشی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا