هۆشیاری عەبدولعەزیز
بەپێی زۆر لە پێوەرە زانستیەكانی سیاست كاتێك كۆمەڵگا بەرەو ستەمكاری و ئاژاوە و نائارامی هەنگاوی ناو كەوتە دۆخێكی ئاڵۆزو ناسەقامگیری كۆمەڵایەتیەوە ، ئەوە دەسەڵاتی سیاسی لە كۆتای خۆی نزیكبووینەتەوە و لە دەرگای هەڵوەشانەوە و پوكانەوەدایە، چونكە هەركاتێك بە خوێندنەوەی مێژووی سیاسیدا دەچینەوە دەبینین كۆتایەكان لەو دەڵاقەیەوە سەر هەڵدەدات كە دەسەڵات وەك پیادەكارێكی ترسناكی فۆڕمەكانی توندوتیژی لە ئاستێكی فراواندا گەشەی كردوە و بوەتە مەترسی بۆ سەر كۆمەڵگا، ئەمەش پێی دەوترێ گیردانی سیاسەت لە چوارچێوەیەكدا ، كاتێك ئەم گیردانەش ڕوویدا ئەوە بێگومان ئەو دۆخە دەخولقێنێ كە ئاماژەمان بۆ كردو زۆرجار بە شێوەیەكی تراژیدی خۆی بەرهەمبهێنێتەوە و ڕەنگوڕووی خۆی دەگۆڕێت، بێ ئەوەی دەستكاریی خودی جەوهەریی سیاسەت بكات. كاتێك باس لەو ئاڵوگۆڕە سیاسی و كۆمەڵایەتی و مێژووییانە دەكەین، كە بەردەوام لە میانەی پڕۆسێسی گەشەی سیاسەتەوە ئاماژەیان بۆ دەكرێت، بە ڕۆشنی بەر ئەو حەقیقەتە ناهاوسەنگە دەكەوین، كە زۆرجار مرۆڤ سیاسەتی بەبێ بیركردنەوە جێبەجێكردووە، یان زۆرترین كردەی سیاسی و كەمترین بیركردنەوەی سیاسی هەبووە
لەو دەرئەنجامەوە دەگەینە ئەو ڕاستیەی كە واقیعی ئێستای كوردستان بەرەو چی دۆخێكی سیاسیی ناجێگیر و ترسناك دەڕوات و ڕووی لە نادیار و تاریكیەكی گەورەیە و هەرجۆرە جوڵەیەكی ناڕێك دەبێتە هۆی مەترسیەكی گەورەتر و پێدەچێت قەیرانی زۆر مەترسیدارتر بەدوای خۆیدا بێنێت ، چونكە ئەمە دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی كە ئەحزابی حوكمڕانی ئەم كۆمەڵگایە ساڵهایە بێ بیركردنەوە سیاسەتیان كردوە و ئێستا گەیشتۆنەتە خاڵێك كە زۆر بێشەرمانە و لە ڕێگای میدیا و كەناڵەكانی سۆشیاڵ میدیاوە پاساو بۆ شكست و لە دەستدانی دەسكەوتەكان دەهێننەوە و هەموو عورفێكی سیاسی و كۆمەڵایەتیان بەزاندوە لەم ئاستەدا ، ئەم بەزاندنەش پێمان دەڵێت ئەخلاقی سیاسی ئەمانە لە چەندین كاتدا كۆتای هاتووە، هەر لە خیانەتی نیشتیمانی و مافیاگەریەتی و برسیكردن و خۆسەپاندنی سیاسی و دڕۆی سیاسی و هەڕەشە و تیرۆری ئاشكرای ئازادیخوازان و دۆڕاندنی شكۆی كەسایەتی سیاسی قەوارەی هەرێم بگرە تا فەشەلی حوكمڕانیان
كاتێك سیاسەتیش لەسەر بنەمای توڕەیی و ڕق و تۆڵە داڕێژرا و ململانێ لە سەر پارە و سەروەت و سامانی نیشتمانی بوە ئەلتەرناتیڤی میكانیزمەكانی بەڕێوەبردنی سیاسەت بە شێوەیەكی بابەتیانە ئەوە خۆی لە خۆیدا تۆماركردنی شكستی سیاسی و كۆتایی دەسەڵاتە، چونكە ئەو سیاسەتەی لە كوردستان دەبینرێت بەشی هەرە زۆری، سیاسەتی تۆڵەكردنەوە و دێوخانانە و شەڕی بنەماڵە و كۆنەقینە و هیچ دەرئەنجامێكی مەنتقی نەبەخشیوەتە پرۆسەی ئیدارەدانی دەوڵەت و بەڕێوەبردنی كۆمەڵگاو وای لێهاتوە لە بێهێزییەوە هەنگاو بەرەو لاوازیی دەنێت و هیچ ئیعتبارێكی ناوچەی و نێودەوڵەتی و ناوخۆی نەماوە و خەریكە زەنگی كۆتایی لێدەدرێت، كۆتای سیاسەتیش لە بوغز و غروری سیاسی ئەمانەوە سەرچاوەی گرت كە هەرێمی كوردستانیان گەیاندە ئەمڕۆ و بوونە مەترسی بۆ سەر مێژووی پرۆسەی حوكمڕانی كورد و بێ تەریق بوونەوەش خەباتی شاخ بە خەڵك دەفرۆشنەوە و گاڵتە بە كەرامەتی خەڵك دەكەن ، ئەمە لە كاتێكدا كە جگە لە شكاندن و وێرانكردنی كۆمەڵگای كوردی و پرۆسەی دەوڵەتداری و كوشتنی ئینتمای نیشتمانی نەیانتوانیوە بەردێك بخەنە سەر بەردێك و سیستەمێكی سیاسی گونجاو بەرهەمبێنن كە خزمەت بە میژووی پڕقوربانی كورد و ماف و داخوازیە ڕەواكانی بكات
ئەم نوخبە حوكمڕانە كەبەردەوام سەرقاڵی گەندەڵی و بە خێزانیكردنی سەروەت و سامانی نیشتمانین و تەواوی دەسەڵاتەكانیان بۆخۆیان قۆرخكردوە، بە كردەوە خەریكی داڕۆخانی كۆمەڵگای كوردین و دەیانەوێ بەهەرنرخێك بێت دەسەڵات بە ویراسیی لەناو كۆمەڵێك خێزان و بنەماڵەی جیاجیای خۆیاندا سنوورداربكەن و بۆ ئەمەش ئابوریی وڵاتەكە بەشێوەیەكی سیستماتیك بە تاڵان دەبرێت و لە هەموو جومگە گرنگەكانیشیدا چەندان میكانیزمی گەورەی گەندەلیی و دزیی و جەردەیی فرەشێوە چێنراوە كە كەس ناتوانێ كار لە سەر هەڵوەشاندنەوە و ڕیشەكێشكردنی بكات، و چەندین دەستكەوت و خەونی گەورەیان كردۆتە قوربانی بەرژەوەندیە تایبەتیەكانی خۆیان و حزب و بنەماڵەكانیان ، كەچی لەولاشەوە لە سەر ئاستی سیاسی و سەربازی و دیبلۆماسی گەورەترین فەشەلیان هێناوە و بێشەرمانە چاوەڕوانن بەغدا دەرگایان لێبكاتەوە، كردنەوەی هەر دەرگایەكیش لە سەر ئاستی بەغدا پێبزانن یا نا بۆخۆی سەلماندنی كۆتای ئەمانە و دەبێ دەرئەنجامەكەی قبوڵكەن