كوردستان لە دوای هەڵبژاردن
«یۆتۆپیای دیموکراسی» و «دیستۆپیای واقیع»
هیوا عومەر
یەکەم: هەڵبژاردن بەو شێوەیەی هەموومان بینیمان تەواو بوو، کۆمیسیۆنیش ئەنجامەکانی ڕاگەیاند. ڕەنگدانەوەی بەشێکی پەیوەندیی حزبە سیاسییەکان بە وڵاتانی دراوسێ و مۆنۆپۆڵکردنی سەرچاوەکانی هێز و پارە و بەکارهێنانی دام و دەزگای حکوومەت و دوو زۆنی و هتد... بە ڕوونی لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وەک ڕۆژی ڕووناک دیارە.
ئەوەش ڕوونە ئەم دەسەڵاتە جارێکی تر ڕووبەڕووی قەیرانی هەم متمانە و هەمیش شەرعییەت دەبێتەوە. ئەگەر دەستەیەکی بێلایەنی نێودەوڵەتی بەدواداچوون نەکات بۆ ڕاستی و دروستیی دەستکاریکردنی ئەنجامەکان و پرسی دیزاینی پێشوەختەش، ئەوا چوار ساڵی داهاتوو چوار ساڵی درێژەدان دەبێت بە هەڵکشانی زیاتری خستنەژێر پرسیاری شەرعییەتی میللی و یاسایی دەسەڵاتەکان.
دووەم: ئەو هێزانەی توانیان زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست بێنن، بەهۆی ئایدیای سیاسی و ئابوورییان کە پێشتر تاقی کراونەتەوە و لێشی پەشیمان نین و ئامادەش نین دان بە هۆکارەکانی قەیرانی سیاسی و ئابووریی هەرێمدا بنێن، ئاماژەکان پێمان دەڵێن چوار ساڵی داهاتوو لەگەڵ هەڵکشانی ڕۆژەکانی تەمەنی کابینەی تازە، جیاوازییە چینایەتییەکان و پرسی پیسبوونی ژینگە و مافە سیاسی و مەدەنی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانیش زیاتر ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە. جارێکی تر پرسی بێکاری و هەژاری و نەمانی چینی ناوەڕاست و پەرەسەندنی مەددی کۆنەپارێزی و فراوانتربوونی ناوەندە پەراوێزخراوەکان زیاتر و زیاتر هەڵدەکشێت.
سێیەم: لەم دۆخەدا، هەموو ئەو هێز و لایەن و کەسانەی باوەڕیان بە کوردستانێکی باشتر هەیە، باوەڕیان بە بنەماکانی ژیانێکی دادپەروەر و مرۆڤدۆست و ژینگەدۆست هەیە، ئەوانەی باوەڕیان بە دابینکردنی نان و کار و ئازادییەکان لە ژینگەیەکی شەرەفمەندانە هەیە، گرنگە بیر لە کارکردنی بەیەکەوەیی بکەنەوە. کارکردنێک بنەماکانی مافی مرۆڤ و ژیانێکی باشتر هەموان بەیەکەوە کۆبکاتەوە بەبێ ڕەچاوکردنی هیچ بەرژەوەندییەکی تایبەتی.
ئەگەر سەرنجبدەینە داتای هەڵبژاردنەکان لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئەوانەی کارتی دەنگدانیان تازە نەکردەوە لەگەڵ ئەوانەی بایکۆتیان کرد و ئەوانەی دەنگەکانیان پووچەڵ یان پووچەڵ کرایەوە، داتاکان بە وردی پێمان دەڵێن کۆی دەنگدەرانی پارتی و یەکێتی بەرامبەر بە کۆی ئەوانەی لە هەرێمدا مافی دەنگدانیان هەیە نزیکەی ٢٨ لەسەدی کۆی دەنگدەرانە. واتە پارتی و یەکێتی بەیەکەوە تەنها ٢٨ لەسەدی کۆی دەنگدەرانی هەرێمیان لەگەڵدایە، سەرەڕای ئەوەی لە بەشی یەکەم ڕوونمان کردەوە ئەوان چۆن چۆنی گەیشتوون بەو ڕێژەیەش.
واتە زۆرینەی زۆری خەڵکی کوردستان دژی ئەو بەرنامە سیاسی و ئابوورییەن کە لەمڕۆدا پارتی و یەکێتی نوێنەرایەتی دەکەن.
دەبینین هێشتا پانتاییەکی گەورەی جەماوەری ناڕازی هەیە. لەم دۆخەدا هێزە دیموکرات و چەپەکان ڕووبەڕووی بەرپرسیارەتی مێژوویی دەبنەوە، بەرپرسیارەتییەک چیتر نابێت بەرژەوەندی تایبەتی و حزب و چوارچێوە ئایدیۆلۆژییە چەقبەستووەکان ببێتە هۆکاری دوورکەوتنەوە لەو ناوەندە فراوانە. ئەگەر بیر لە خۆگۆڕین و گۆڕانکاری نەکەینەوە، ئەوا مێژوو ڕەحم بە کەس ناکات. ئەگەر ڕوئیایەکی ڕوون و جێگرەوە و بەوەڵام بۆ دۆخی هەنووکە هەبێت لەگەڵ ستراتیژییەتێک و میکانیزمی تازە، دەتوانرێت ئەو هێزە کۆمەڵایەتییە ناڕازییە کۆبکرێتەوە، لە جێگای نائومێدی و ناکارایی، ئومێد و دوارۆژێکی باشتر بنیاد بنێت.
کاراکردنی کاری جەماوەری و کارکردن لەگەڵ بزاڤە کۆمەڵایەتییەکان تەنها لە کەناڵی پەرلەمانەوە نییە. ئەگەر ئیرادە هەبێت، دەیان کەناڵی تر لە پاڵ کەناڵی پەرلەمان هەیە بۆ هێنانەدی گۆڕانکاری و بەشداریی سیاسیی ڕاستەقینە.
وتاری ئەم هەفتەیەی گۆشەی (تارماییە) لەرۆژنامەی رێگای كوردستان، سبەی بڵاو دەبێتەوە .