ئەمڕۆ 12-5-2024  (58) ساڵ بەسەر تۆمارکردنی داستانی هەندرێن تێدەپەڕێت.

 ڕۆژی12-5-1966 لە کاتژمێر چواری عەسر تاکو کاتی ئێوارە،پێشمەرگە قارەمانەکان:(هێزی حیزبی شیوعی عیراق لە هەندرێن و دەوروبەری، لقی عزەتی سلێمان بەگی دەرگەڵە، دە پێشمەرگەی سەعیدی حەمەد ئاغای مێرگەسۆری)، بە گوێرەی سەرچاوە بەشدار بووەکان، بەشێک لە پێشمەرگەکانی عزەت بەگیش شیوعی یان دۆستی حیزبی شیوعی بوون، هەروەها سەعیدی حەمەدئاغای مێرگەسۆریش دۆستی حیزبی شیوعی بووە. ئەمانە هەموو بە یەکەوە بە بێ جیاوازی، لەژێر سەرکردایەتی فەرماندەی ئازاو بە توانای وەکو : ( ڕەئیس کەمال نعمان، فاخیر مێرگەسۆری، ملازم خدر، عزەت سلێمان بەگ، ملازم عەبدولڕەحمان کمیل ،شەهید عەریف یونس ..هتد) لە شەڕێکی بێ وێنەداو لە ماوەی دوو سێ کاتژمێردا، توانیان تەواوی چیای هەندرێن ڕزگاربکەن و لیوای چواری سوپای عیراق، کە بە بەهێزترین لیوای شەڕکەری  ئەم سوپایە ناسرابوو، تەفروتوونا بکەن و پلانەکەیان (توكلت علی الله )! کە بەتەمابوون هەردوو چیای هەندرێن و زۆزک و گەرووی عومەراغاو ڕێگای هاملتۆن کۆنترۆڵ بکەن تادەگەنە بارەگاکانی سەرکردایەتی لە ناوپردان و قەسرێ و حاجی ئۆمەران و سەر  سنوور شکست پێبێنن ..  ئەم سەرکەوتنەی هەندرێن و خۆڕاگری پێشمەرگە لە سەر چیای زۆزک، پلانەکەی دوژمنی شکست پێهێناو هێزی پێشمەرگەی قارەمانی شیوعییەکان و دۆستەکانیان،  توانییان گەورەترین سەرکەوتن لە مێژووی شۆڕشی ئەیلوولدا بەدەست بێنن و حکومەتی عیراق ناچاربکەن دان بە شکستی خۆی لە ڕووی سەربازیدا بنێت و داوای دانوستان لە سەرکردایەتی شۆڕشی کورد  بکات. ئەوەبوو بەیاننامەی 29ی حوزەیرانی 1966 لە لایەن عەبدولڕەحمان بەزازی سەرۆک وەزیران ڕاگەیەنرا. بە گوێرەی ئەم بەیانە ئاگربەست ڕاگەیەنراو حکومەتی بەغدا دانی بە چەند مافێکی سەرەتایی گەلی کوردستان نا، لە چوارچیوەی حوکمی لامەرکەزیدا.

 سەرکردایەتی شۆڕشی کوردیش زیاتر لە پێناوی پشوودانی پێشمەرگەو جوتیارەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی شۆڕش ئەو کات بە ڕێککەوتنە ڕازی بوو، دواتر عەبدولڕەحمان محەمەد عارفی سەرۆک کۆماریش سەردانی بارزانی کرد. بەڵام حکومەتی عیراق  جددی نەبوو لە چارەسەرکردنی مەسەلەی کوردو ئاڵۆزی و شەڕ لە کوردستان کۆتایی پێنەهات.

 ساڵی پار وەکو ئەمڕۆ،12-5-2023 لە میانی دووەم ڕۆژی ڕێو ڕەسمی کردنەوەی مۆنۆمێنتی بارزان، کاک مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان وتارێکی پێشکەشکردو تیایدا هەڵوێستەی لە بەرانبەر یادی داستانی هەندرێن کردو ڕاشکاوانە دانی بە ڕۆڵی هەرەگەورەی حیزبی شیوعی نا لە تۆمارکردنی ئەم داستانەدا، دەقاودەق وتی: " .. لە هەندرێنیش وەکو ئەمڕۆ سعات چوار هجومی مقابل دەستی پێکرد، بەڕاستی پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی دەورێکی زۆر زۆر گەورەیان بینی لەگەل پێشمەرگەکانی تری شۆڕش، بەڵام مێژوو حەقیقەت چۆنە دەبێ بیڵێین دەوری پێشمەرگەکانی شیوعی زۆر گەورە بوو، بە تایبەتی کەمال نعمان و ملازم خدر کە ئێستا فەریقیشە ئێمە هەر پێی دەڵێین ملازم خدر.. لیوای چوار هەر تەفرو توونا بوو. ئەوە بوو مفاوەزات دەستی پێکرد و هودنەی حوزەیران پەیدابوو" .

 ئەم وتانەی ساڵی پاری کاک مەسعود بارزانی وەڵامێکی پێویست بوو بۆ گشت ئەوانەی لە ماوەی زیاتر لە نیو سەدەی ڕابردوودا دانیان بە حەقیقەتی مێژوویی نەداناو نەیان دەویست ڕۆڵی ڕاستەقینەی ، ڕۆڵی قارەمانانەی حیزبی شیوعی لەم داستانەدا لە هەر سێ ڕووی پلان دانان و جێبەجێکردن و سەرکەوتندا بخەنە ڕوو و دانی پێدا بنێن.

 ئەم داستانە بێ وێنەیه لە ڕۆژی 12-5-1966 بە خوێنی ئاڵی سێ پێشمەرگەی قارەمان تۆمارکرا: ( شەهید عەریف یونس، شەهید خدر عەوڵا بەگ دەرگەڵەیی، شەهید ساڵح ئەلیاس ڕواندزی ) هەروەها بە ئازایەتی و گیانفیدایی هەموو پێشمەرگە بەشدار بووەکان تۆمار کراو کەوتە ناو لاپەڕەکانی مێژوو. دەبێ ناوی هەموو پێشمەرگە بەشداربووەکان لە شەڕو داستانی هەندرێندا بە ئاوی زێڕ بنووسرێنەوە.

 

No description available.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

تابلۆی هەفتە