
هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٥دا؛
لە نێوا قەیرانەكانی دوێنێ و ئاڵنگارییەکانی سبەی!
هیوا عومەر
ساڵی ٢٠٢٤ بۆ گەلی کوردستان لە باشوور تژی بوو لە ئاڵنگاری و بەردەوامیی قەیرانی سیاسی و ئابووری، لەگەڵ چەندین ئاریشەی تری کۆمەڵایەتی. بڵاوبوونەوەی خێرای ماددەی هۆشبەر یەکێکە لەوانە. خەونی زۆریش لەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەم ساڵەدا هەڵچنرا بۆ تێپەڕاندنی بەشێک لە قەیرانەکان، بەڵام دەرئەنجامەکان وەک شۆکێک دەرکەوتن بۆ ڕای گشتی.
لەگەڵ ماڵئاواییکردن لە کۆتا ڕۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٤، بیر لەوەش دەکەینەوە چۆن دەتوانین ماڵئاوایی لە بەشێک لە ئاریشەکانیش بکەین. فەرمانبەرێک بیر لەوە دەکاتەوە مووچەکەی لە کاتی خۆیدا وەربگرێت. خانەنشینێک دەپرسێت ئەگەر دواکەوتنی مووچە بەردەوامبێت، چۆن دەتوانێت دەرمانەکانی دابینبکات. کارمەندێک و کرێکارێکی کەرتی تایبەتیش بیر لەوە دەکاتەوە ئایا گرێبەستەکەی بەردەوام دەبێت یان خاوەنکار بەبێ هیچ بیانوویەک، وەک ئەوانی پێشوو، هەڵیدەوەشێنێتەوە.
گەنجێکی بێکاریش بە خەیاڵی دۆزینەوەی کارێکی گونجاو بیر لە ڕۆژەکانی ساڵی نوێ دەکاتەوە. حەقی خۆیەتی لەوەش بکۆڵێتەوە بۆچی دەبێت کەمینەیەک ڕۆژانە سامانەکەیان کەڵەکەتر بکەن، بەڵام ئەو شیاوی کارێکی گونجاویش نەبێت.
نەبوونی پێداویستییە سەرەکییەکان وایکردووە ئەولەویەتی هاووڵاتیيان بگۆڕێت، هەروەک "ماسلۆ" لە هەرەمەکەیدا باسی دەکات. بوونی قەیرانی بەردەوام لەو پێداویستیيانەدا، پرسی گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتی و کولتووریی کردووەتە پرسێکی ناپێویست و لاوەکی.
مانەوەی هەرێمی کوردستان لەناو ئەم قەیرانە گشتگیرەدا وایکردووە سەرلەبەری ئەزموونی هەرێمی کوردستان بخاتە بەردەم مەترسییەکی گەورە، بەجۆرێک، بەردەوامیی ئەم شێوازە لە بەڕێوەبردن ڕۆژانە ڕق و ناڕەزایەتی زیاتر دەکات. ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ گۆڕانکارییەکانی سووریا و ناوچەکە، کە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دۆخی هەرێمی کوردستانیش دەبێت.
پێکهێنانی کابینەی تازە دەچێتە ساڵی نوێوە، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کابینەیەکی تازە دروست دەبێت؟
هەموو ئاماژەکان پێمان دەڵێن: ئەگەر سەرانی حوکمڕان لە هەرێمی کوردستان بیر لە گۆڕانکاری نەکەنەوە، ئەوا خۆیان و ئەزموونەکەش لە کەوتن نزیکتر دەکەنەوە. ئەوەش گرێدراوە بە پێویستیی دەستوورێکی دیموکراسی و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان و گەڕاندنەوەی شکۆی مرۆڤ و دابینکردنی مافە سیاسی، مەدەنی، ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان. هەموو ئەوانە وا دەکەن هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی تر پەیڕەو بکات لە هەمبەر هاووڵاتیيان و پەیوەندییە هەرێمییەکان و تەواوکردنی قۆناغی ڕزگاریی نیشتمانیش. ئەوەش دەبێت ڕەنگبداتەوە لە پەیوەندییەکانی، تەنانەت لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستانیش، کە بە ساتەوەختێکی مێژوویی ئێجگار ناسک و هەستیاردا تێدەپەڕێت.