هۆشیاری عەبدولعەزیز
زۆرینەی ئەو كۆمەڵگایانەی كە هەڵگری پێكهاتەیەكی فرە ئایین و ڕەگەزو زمان و كەلتووری جیاوازن دوچاری دابەشبوونێكی قووڵی كۆمەڵایەتی و ئایدۆلۆژی و تائیفی ئاڵۆز دەبنەوە و ناتوانرێ بەئاسانی پرسی پێكەوە ژیان و پرۆسەی سیاسی ڕێكبخرێتەوە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی جیهانی سێیەم ، چونكە لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا دەستبردن بۆ چارەسەركان ڕووكەش و درۆینەن و دواجار هیچ دەرئەنجامێكی پۆزتیڤ نابەخشن و بگرە زۆرجاریش بەو هۆیەوە كێشە و ئاریشەكان سەخترو مەترسیدارتردەبن وەك ئەوەی ئێستا لە عێراق دەبینرێ، لە عێراقی پاش بەعس تەوافقی دیموكراسی وەك چارەسەرێك لەپێناو چالاككردنی بەهای سیاسی و ئیدارەدانی دەوڵەت و كەمكردنەوەی ناكۆكیەكان بەباشترین بژاردەی چارەسەرهێنرایە پێشەوە، ئەویش لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵاتەكان و سەرچاوەكانی داهات و بەڕێوەبردنی هاوبەش لەنێوان پێكهاتە و كانتۆنەجیاوازەكاندا
هەرچەندە ئەم فۆرمە لە هەڵومەرجی تایبەتی خۆیدا گەشە دەكات و وابەستە نیە بە ژینگەیەكی سیاسی كلتوری تایبەتەوە ، بەڵام ڕەنگە باشترین بژاردەبێ بۆ كۆمەڵگا فرە ئەتنی و ئاینی و كلتورە جیاوازەكانی وەك عێراق و هاوكات مۆدێلێكیش نییە لە مێژووی سیاسی و ئەزموونی دەوڵەتانی ترەوە وەك خۆی هاوردبكرێ، واتا ئەوەی لە خۆرئاوا ئەگوزرێ جیاوازە لەوەی لە عیراق روودەدا، بۆیە ئەم بابەتە لەدوای پرۆسەی ڕۆخانی بەعسەوە بووە بەشێكی گرنگ لە گوتاری لایەنە پێكهێنەرەكانی عێراقی نوێ و تەنانەت تەواوی نوخبەی سیاسی و دینی عێراق و زۆرینە لە خەمی دۆزینەوەی چوارچێوەیەكی سیاسی و بەڕێوەبردندا بوون تا بتوانن كۆی پێكهاتە و تائیفە جیاوازەكانی عیراق بە پاراستنی مافەكانیانەوە لە سایەیدا بە ئارامی بژین، بەڵام ئەم هاوخەمیەی نوخبەی سیاسی و دینیەكانی عێراق بە هۆی سەرهەڵدانی ململانێ و بەرژەوەندیە مادی و مەعنەویەكان و دەسەڵات و فۆرمەڵكردنی خۆ نواندنەوە زۆری نەخایاندو نەیتوانی ئەو نیشانە بپێكێ كەلە ئەرزی واقعدا بانگەشەی چارەسەری پێ ئەكرد و دەیانوویست بەم بابەتە گوزارشت لە ناوەڕۆكی گۆڕانكاری و پێكەوە ژیانی كۆمەڵایەتی بكەن كە مەرجی بنەڕەتیە لە تەوافقی دیموكراسیدا
لەم جۆرە كۆمەڵگایانەدا كە عێراقیش دەگرێتەوە خودی پرۆسەكە خۆی قەیرانێكە و دابەشبوونی قوڵ دێنێتە پێشەوە و دەستبردن بۆ هەر لایەكی چارەسەرەكانیش پێویستی بە دۆزینەوەی دەرچەیەكی دیموكراسییانە و تێگەیشتنێكی ورد و بابەتیانەی دۆخی كۆمەڵایەتی و پێكهاتە جیاوازەكان هەیە و پێچەوانە بەوەش لە ژێر هەرناونیشانێكدا كاری لە سەربكرێ بایەخێكی ئەوتۆی نابێت و ناتوانێ ببێتە هۆكارێكی باش بۆ بەرەو باشتر وخێراتر چارەسەركردنی قەیرانە مێژووییەكانی كۆمەڵگاكە، واتا ئەگەرچی بە ڕووكەشیش بێت دەسەڵاتی بەغدا نەیتوانی هیچ گۆڕانكاریەكی ڕیشەی بخولقێنێ بە ئاراستەی دوركەوتنەوە لە ستەمكاری و سڕینەوە و دابەشبوونی قوڵ ، چونكە لە ناخی بەشێكی گرنگ لە نوخبەی سیاسی و دینی و پێكهاتە و تائیفەكاندا هێشتا دەوڵەتی سەروەر و عێراقی یەك پارچە و پاراستنی دەسەڵاتێكی تۆكمە نەسڕاوەتەوە و بەردەوام لە بیری ئەزموونكردنەوەی ڕابردوودان و لە دەرفەت دەگەڕێن بۆ دووبارە بونیادنانەوەی دەوڵەتی بەهێز، بێگومان دەوڵەتی بەهێزیش بۆ سەلماندنی خۆی پێویستی بە كۆمەڵێك فاكتەری زیندوو هەیە وەك خولقاندنی ناكۆكی سیاسی و شێواندنی ژینگەی كۆمەڵایەتی و بەریەككەوتنی تائیفی و شەڕی ئەتنی تا لە ڕێگەیەوە كار لە سەر تۆخكردنەوەی ئەو خاڵە نەرێنیە بكەن كە دەوڵەتی بەهێزی پێزیندوو دەبێتەوە، لەمەشدا ئەگەر كێشمەكێش و ناكۆكیەكانی گۆڕەپانی سیاسی ئێستای عێراق بەهەند وەرگرین ئەوە تێدەگەین كە ئەوەی ڕوودەدا ئاماژەی روونن لە پاشگەزبوونەوە لە تەوافقی دیموكراسی و دووبارە قوڵكردنەوەی دابەشبوونێكی قوڵتر كە عێراق لە سەرەتای دروستبوونێوە بەدەستێوە دەناڵێنێ
لە كاتێكدا هەموان دەزانن ئەزموونی دەوڵەتی بەهێز لە عێراقدا چ ئەزموونێكی مەترسیدار و نەخوازراوە و هیچكات نەیتوانیوە ببێتە چەترێكی قانونی و سیاسی بۆ پاراستنی ماف و داخوازیە ڕەواكانی گروپەكۆمەڵایەتیە جیاوازەكان دوركەوتنەوە لە شەڕی سڕینەوەی ئەوانیدی، واتا ئەو تابلۆ شەراكەتەی كە زۆرینەی نوخبەی سیاسی عێراق ئاماژەیان پێدەكرد لە دەمی گۆڕانكاریەكاندا لە دیدو ڕوانگەی ئەم تایپە حوكمڕانیەی عێراقدا بابەتێكی پڕوپوچە و ناتوانێ ئەو ڕاستیە بسەلمێنێ كە لەخەیاڵدانی گەلانی عێراقدا چەكەرەی كرد و پێیان وابوو عێراق لەو مێنتاڵیتی و ئەخلاقی سڕینەوەیە دادەشۆرێ و چیتر ئەو دابەش بوونە قوڵە مێژوویە دوبارە نابێتەوە كە سەدەیەكە عێراقی لە زۆنگاوی ستەمكاری و دیكتاتۆریەتدا خەڵتانی خوێن كردوە