هۆشیاری عەبدولعەزیز
کاتێک سیاسەت شکست دەهێنێت و تووشی دۆڕانى گەورە دەبێتەوە ، زۆربەی ناکۆکی و قەیرانەکان وەک توخمێک لە مناڵدانی ڕووکاری ئیدارەدانی دەوڵەتدا سەرهەڵدەدەن ودەبنە بەدیلی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی کۆمەڵگا و وەک هەرپارادۆکسێکی نەخوازراو لەناو دڵی سیاسەتدا گەشەدەکەن و لە دەرەچەیەک دەگەڕێین بۆشەڕ ، شەڕیش دەبێتە هۆکاری سەرهەڵدانى توندوتیژی و توندڕەوی و ئاژاوەی کۆمەڵایەتی و هەوڵدان بۆ سەپاندنی تایبەتمەندیە دیاریکراوەکان ولەناوبردنی نەیارە ناکۆکەکان، لەم حاڵەتەشدا لایەنی خۆسەپێن دەگاتە ئەو ئاستەی کەچۆن کار لەسەر ڕێکخستنەوەی جوگرافیای سیاسی خۆی بکات بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی خوازراو و خۆداڕێژراو، زۆربەی ئەم یەکلاکردنەوانەش بەبەکارهێنانی توندوتیژی چەکداری ڕێکخراو لە نێوان گروپە هاودژەکاندا کۆتای دێت، چونکە وەک کلۆزێڤیت دەڵێت: ئەمە لای بەشێک لەو ڕەوت و گروپە دەسەڵاتدارانەی کە بەرەو خۆسەپاندن و هەژموون گەری خۆیان هەنگاو دەنین جۆرێکە لە بەردەوامبوونی سیاسەت بەڵام بە ڕێگایەکی دیکە، کە کاریگەرییەکانی چیتر لە ڕووی پانتاییەوە سنووردار نین و هێز دەبێتە سەرچاوەی بەڕێوەبردنی ئاراستەکە
دۆڕاو لە سیاسەت و شەڕدا بە فاکتەرێکى بونیادى کێشمەکێش و ململانێکان دەزانرێ و حەزی لە خۆنمایشکردن و جۆرێک لە خۆدەرخستنە و دەیەوێ بەو ڕێگایە دۆڕانى خۆی لە پانتاى پرۆسەکەدا بشارێتەوە ، نهێنی ئەم خۆ نمایشکردنەش ئەوەیە کە دۆڕاو متمانەی بەخۆی نیە، و هەوڵدەدا لەگەڵ دەرئەنجامە مەترسیدارەکانى ئەو دۆڕانەدا کە دەبێتە خولقێنەری کارەسات و تاوانەکان و سەرهەڵدانی گروپگەلێک لە تاوانباران کە بارودۆخی شەڕ دەقۆزنەوە بۆ ئەنجامدانی تاڵانى و قاچاخی مادەی هۆشبەر و ئاسانکاری لەشفرۆشی و چەندین جوڵەى تر خۆی بگونجێنێ و لە گەڵ خۆیدا ڕووخانی ڕۆحی و بێ ئیرادەى بەرهەمبێنێ و دۆخەکە بە ئاراستەیەکی توندتر و خێراتر هەڵکشێ تا ئاستی هەڵوەشانەوە و ئاژاوەی ڕاستەقینە
ڕووداوەکانی ئەو پرۆسەیەش لە زۆر لەو وڵاتانەى کە دەرگیری ئەو حاڵەتە بوون شایەتحاڵی ئەو ڕاستیەن کە قەبارە و بەهێزی ئەو درزانەی کە لە دەرئەنجامى شکستى سیاسی و ناکۆکیەکانەوە سەرچاوەى گرتوە چەن گەورە و مەترسیدارن و چۆن رۆدەچێتە قووڵایی جوگرافیای سیاسی و پێکهاتە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانەوە وچەن کاریگەری نەرێنى جێهێشتوە ، چونکە لە دەرهاوێشتەکانى هەر درزێکدا پاشماوەی دەسەڵاتێکی لاواز و چەقۆکێش دەبینرێت کە لە پێناو پاراستنى بەرژەوەندیەکانى خۆیاندا پرۆسێسی دەوڵەتداریان گۆڕیووە بۆ بازاڕێکی سیاسیی و بە ئاراستەى ڕێڕەوێکی هاوتەریبی گۆڕانکارییە ئابوریەکان مامەڵە دەکەن
بە تێگەیشتن لەو دەروازە سەرەتایەش کە ئاماژەم پێکرد دەگەینە ئەو ڕاستیەى کە کورد بە دەستى نوخبە سیاسی دۆڕاو شکست خواردوەوە لە چی دۆخ و هەڵومەرجێکدایە و لە نێوو چ شکستێکى سیاسی گەورە و مەترسیداردایە و چۆن یاری بە رووح و ئیرادەى دەکرێ و لەنێوو چ گێژاوێکى دۆڕان و چی مامەڵە و بازرگانیەکدان و قەبارەى قازانجیان چەند خەیاڵیە کاتێک دەبینین شەو و ڕۆژ کاردەکەن بۆ لەناوبردنی هەموو ئەو شتانەی کە پەیوەندییان بە بناغەکانی دەوڵەتداری ڕاستەقینەوە هەیە، ئەمانە هەوڵدەدەن ئیمارەتێک لە بازار و قازانجی کەڵکەبوو درووست بکەن، لە پێناو دەستخستنى ئابوری و ئیحتکاری سوڵتە و قۆستنەوەى خراپی بارودۆخى کۆمەڵایەتى کۆمەڵگا ، واتا ئەمانە جگە لە پاراستنى بەرژەوەندیەکانى خۆیان و حزب و بنەماڵەکانیان لە ئاست ئەو قەیران و ئیشکالیەتانەدا زۆر بودەڵە و بێکەڵکن و نەیانتوانى ببنە جێمتمانەى خەڵک و گوزارشت لە ئیرادە و شکۆی کۆمەڵگا بکەن و سەرقاڵی گەڕان بن بەدوای چارەسەرى قەیرانە سیاسی و ئابوورییەکان دا و دورکەونەوە لە هەر جۆرە ناکۆکیەک کە شکستى سیاسی و ماڵوێرانى گەلێکى لێبکەوێتەوە
بەکورتى کاتێک ئەو دۆخەى خەڵک و ناکۆکیە مەترسیدارەکانى ئەحزابی دەسەڵاتداری کۆمەڵگاى کوردى دەبینین تێدەگەین کە هێشتا بژاردەکانی پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی خواروخێچیەکانى ئەو شکستە سیاسیەى ئەزموونەکەى داپۆشیوە بە تەواوی لە بیرکردنەوەی حزبە دەسەڵاتدارەکان و سەرکردە و مومارەسەکردنی دەسەڵاتیاندا نییە و، نەبوەتە پرسگەلێکی گرنگ لە بیرکردنەوەی ئەواندا،و پێچەوانە تەنها چاویان لە تیۆری پیلانگێڕیە و بەردەوام وەک وەهمێک شکستى سیاسی و ناکۆکیەکانى نێوانیان دەخەنە ئەستۆی یەکتر و دەیانەوێ بەهەر نرخێکبێت لایەکیان هەژموونى تەواوەتى خۆی بەسەر لاکەیتردا بسەپێنێ و بیسەلمێنێ کە ئەو براوەى ئەو دۆران و شکستە سیاسیەیە کە خەریکە کورد و قەوارەکەی کۆتای پێدێنێ و گریمانەى ڕوودانیشی نزیکە،