هۆشیاری عەبدولعەزیز
دیمەنی سیاسی و ئەمنی رۆژهەلاتی ناوەڕاست و جوولەی هێزە ناكۆكەكان لە ئێستادا زۆر ئاڵۆز و ترسناك دیارە. بەپێی زۆر لە ئاماژەكان و لەژێر پاساوی ڕێكخستنەوەی دۆخی سیاسی و كۆنترۆڵكردنەوەی كێشمەكێشە ناوچەی و ناوخۆیەكان لەسەر دەسەڵات و نفوز و سامان و پاراستنی بەرژەوەندیەكانیان خەریكە جارێكی ترناوچەكە دووچاری شەڕ و ململانێی مەترسیدار دەبێتەوە و ئەگەرەكان بەو ئاراستەیە دەڕۆن كە هاوكێشەی دۆخەكە ئاڵۆز و نەخوازراوە و پێدەچێ سەری داوەكان لە عێراقدا كۆبووبێتەوە بۆ دوبارە گۆڕانكاری، چونكە پڕۆسەی سیاسی عێراق دوای نزیكەی چارەكە سەدەیەك لە ململانێ و كێبڕكێی شكستخواردوو گەیشتۆتە ئەو ئاستەی كە بڵێین لە بەردەم تونێڵێكی داخراودایە و هیچ ئاسۆیەكی یەكلاكردنەوەی ناكۆكیە تائیفی و مەزهەبی و نەتەوەیەكان نابینرێت و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بارودۆخەكە ئاڵۆز و مەترسیدارتر دێتە پێش چاوو، سەرەڕای ئەوەی كە كاریگەری نەرێنی لەسەر باری ئەمنی و جەدەلی دیموكراسیەت و خاوكردنەوەی پرۆسەی بەرەوپێشبردنی كۆمەڵگا داناوە هاوكات دەرفەتەكانی بەردەم كاراكردنی دەوڵەت و درووستبوونی یەكڕیزیی و تەبایی كەمتر كردۆتەوەو بوەتە هۆكاری ئیفلیجكردنی پرۆسەی سیاسی و خوڵقاندنی ناسەقامگیری گشتی و كاریگەری ڕاستەوخۆشی لەسەر تێڕوانینەكان سەبارەت بە خوودی دەوڵەت هەیە و نەیتوانیوە كارلەسەر بونیادنانی ئەقڵییەتی دەوڵەتداریی مۆدێرن و جیاواز لە ڕابردوو بكات و وەك ئەوەی چاوەڕواندەكرا
هەرچەندە ئەمریكا هەر لە سەرەتای هاتنێوە پڕۆژەی بونیاتنانەوەی دەوڵەتی تەرحكرد بۆ عێراق و هەوڵی دا لەژێر ڕۆشنای بۆچونەكانی فرانسیس فكۆیاما كە جەختكردنەوە بوو لە زەرورەتی بونیادنانەوەی دەوڵەت بەپشت بەستن بە بەهاكانی دیموكراسی لیبراڵیزم و ئابووریی ئازاد هەنگاوەكانی هەڵنێ، بەڵام ئەم هەوڵەی ئەمریكا نەك نەیتوانی ببێتە هۆی دامەزراندنی سیستمێكی دیموكراسیی كە كۆكەرەوەی عێراقییەكان بێت ، بەڵكو بە پێچەوانەوە بووە هۆی هێنانەكایەی سیستمێكی سیاسی لەسەر بنەمای پشك پشكێنەی تایفەگەری و خولقاندنی ململانێی خوێناوی و تۆخكردنەوە و قوڵبوونەوەی كێشمە كێش و ناكۆكی توند ، ئەمەش لەخۆیدا ڕێگە خۆشكەربوو بۆ چەكەرەكردن و زیاتر بزواندنی ڕۆڵی ئێرانی لە تای ترازووی ململانێكانی ناوچەكە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ، و توانی زۆر بە دیقەتەوە سوود لە بۆشایی دەسەڵات و ململانێیەكانی عێراق وەرگرێت و ببێتە یەكێك لە گەورەترین هێزە نەیارەكانی ئەمریكا و كاریگەری تەواوی لەسەر وڵاتانی شیعەنشینی ناوچەكە هەبێ، وەك ئەوەی كە ئێستا بەڕوونی هەست بە كاریگەریەكانی دەكرێ لە سەر هێلی یەكلاكردنەوەی كیشە و ململانێكانی ناوچەكە
بەواتایەكی تر ئەكرێ بڵێین ئەو ڕووداو بارودۆخەی لە عێراق دەگوزەرێ و بوەتە هێڵێكی گەرم لەم قۆناغەدا ، دەرئەنجامی ئەو شكستەیە و ئێستا دەیانەوێ بەبیانووی توندبوونەوەی پارسەنگی بەرژەوەندیە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتیەكان سەرلەنوێ لە پرۆسەیەكی تردا چەرخی گۆڕانكاریەكان بە دژی بەرژەوەندیەكانی ئێران بسوڕێ و كۆتای بە ڕۆڵی ئەو بهێنرێ لە هاوكێشەی رووداو پێشهاتەكاندا ، چونكە لەم سەرووبەندەدا ئێران بەگەورەترین مەترسی سەر بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا دەزانرێ و ئەمەش زیاتر پاڵنەرە بۆ سەركەف بوونی كۆڕانكاریەكی نوێ وئەگەرەكانیش وادەڕۆن، كەچی پێچەوانە بە هەموو ئەو مەترسیانە وسەرەڕای تێگەیشتن لەو دۆخە ناتەندروستەی حوكمڕانی و كەڵكەڵەی ئەگەرەكانی ڕوودانی شەڕوو ململانێیەكی نوێ لە ناوچەكەدا ، ئەحزابی حوكمڕانی كوردستان وەك ئەوەی لە گوێی گادا خەوتبن و هیچ دەرئەنجامێك نەخوێننەوە لە شەڕو ناكۆكی خۆیان نەكەوتوون و بەسیاسەتێكی شكستخواردووی ئیفلیجەوە بەردەوامن لەململانێی و داسەپاندنی هەژموونی سوڵتە و حوكمڕانی خۆیان و ناپرسن ئەرێ بەڕاست ئێمە لەو قۆناغەدا لەكوێی هاوكێشەی گۆڕانكاریەكانداین و ئەو بارودۆخە نوێیە تا چەند كاریگەری نەرێنی دەبێ لە سەر كورد و پرۆسەی دووبارە بوونیادنانەوەی دەوڵەتێك كە پارێزەری مافەڕەواكانمان بێت، چونكە ئەوململانێ و تەنگەژە سیاسیەی ئێستا دركی پێدەكرێ و ئاماژەن بۆ سەرهەڵدانی قەیران و شەڕێكی تر بەشكڵ وشێوازێكی نوێ لە خۆزیندووكردنەوەدایەو رەنگە هێندە نەبات سەرهەڵبدا بەسەرهەڵدانیشی كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ئایندەی سیاسی كورد و ئەو بارودۆخەی كە هاتۆتە پێش بۆ پاراستنی قەوارەكە ، خۆدزینەوە لەم تێگەیشتنەش دەمانباتەوە سەر ئەو ڕاستیەی كە ئەمانە گەورەترین مەترسی و كارەساتن بۆ سەر كەینوونەی نەتەوەی و ڕەنگە جارێكی تر ولە پێناو لە پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆیان و كۆمەڵێك تازە پیاكەوتووی نێو هاوكێشەی سیاسی و بازرگانی مێژوویەكی پڕلە نەنگی وەك ڕابردوو تۆماركەن و كۆمەڵگای كوردی و قەوارەكەی هەڵوەشێننەوە