هۆشیاری عەبدولعەزیز 

بەپێی زۆر لە دیدوتێڕوانینە سیاسیەكان ئۆپۆزسیۆن یەكێكە لە پایە گرنگەكانی دیموكراسی لە سیستەمی سیاسی هاوچەرخدا و پێویستییەكی سیاسی گرنگە لەپرۆسەی دەوڵەتداری باشدا و ئەركی كار كردنە لەسەر ڕاستكردنەوە و ڕەخنەگرتن لە ئەدائی دەسەڵات، هەرچەندە چەمك و شوناسی ئۆپۆزسیۆن جەدەلی زۆربەدوای خۆیدا دێنێ و بابەتێكی فرەڕەهەندە ، بەڵام لە بنەڕەتدا ئۆپوزسیون پەیوەندی بە سیستەمی سیاسی و دیموكراسیەوە هەیە و توخمێكە لە نێو كایەی سیاسیدا دەخوڵقێت و بەبێ قەیران و تەنگەژەی سیاسی و ئابوری پرسێكی پوچە، بەشێوەیەكی گشتی ئۆپۆزسیۆن بریتیە لە هێزێكی سیاسی ناڕازی جدی و لەمەودای كاركردن و دەركەوتنیدا وێنای دیموكراسی و كرانەوەی دەسەڵات پیشان دەدات و چاودێریشە بەسەر حكومەت و پرۆسەی حوكمڕانی و دەسەڵاتەوە 

لەراستیدا ئۆپۆزسیۆنێكی كارا و چاودێریكەر بەسەر دەسەڵاتەوە كە ئامانجی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتی هەبێت مەرجی یەكەمی زێندوێتی و دیموكراسی بوونی هەر سیستمێكی سیاسییە و پێوەرێكی گرنگە بۆ هەڵسەنگاندن و شرۆڤەكردنی دەسەڵات لە ئاست پرسی دیموكراتیزەكردنی خودی دیموكراسی و ئەو بابەتانەی بەو ئاراستەیەدادەڕۆن ، هەرچەندە هەندێ جار دەسەڵات بۆ سەلماندنی ئەو ڕاستیەی سەرەوە هەوڵدەدات لە ڕێگەی رێكەوتنی نیفاقاوی و چەواشەكارانەوە لەگەڵ ئۆپۆزسیوندا لەسەر تەفرەدان و سەرلێشێوانی خەڵك و چەواشەكردنیانەوە ئۆپۆزسیۆنێكی موزەیەف و دروست كراو بێنێتە پێشەوە تا جوانی خۆی دەرخات و لەبری خزمەتكردن بەخەڵكو سیستەمی سیاسی وڵات دەچێتە بازنەی خزمەتكردنی بەرژەوەندی دەسەڵاتی نارەواو گەندەڵەوەو سیمای دەسەڵاتی دیكتاتۆریانەی بێ جوان دەكرێت ، ئەمەش هاوشانی تەفرەدانی خەڵك و خولقاندنی كێشە و گرفتی جۆراوجۆر كە زۆرجار دەسەڵات خۆی ئەو بابەتە دەخاتە بەردەم خەڵك و دەیەوێ‌ وەك گوزارشتێك لەجیاوازی تێروانین بەهەمان ئامرازەكانی دەسەڵات لەگەڵ  ئۆپۆزسیۆنێكی سیاسی حەقیقیدا مامەڵە بكات ، ئەوەشی بەئاراستە ڕاستەكە نەچێتە پێش و نەبێتە ئۆپۆزسیۆنێكی جدی  ناتوانێ‌ رۆڵی ئۆپۆزسیۆنێكی ئیجابی و بابەتیانە بگێڕێ لە پرۆسەی ململانێكاندا وەك ئەوەی ئێستا لە كۆمەڵگای كوردیدا بەدی دەكرێ ، 

 لەكاتێكدا سیستمی سیاسی كوردستان كەخۆی گیرۆدەی چەندین قەیرانە، و توانای خۆ دەربازكردنی نیەو ئۆپۆزسیۆنی موزەیەف زیانی گەورەی لەهەموو مەفهومێكی ئۆپۆزسیۆنداوەو خەڵكیان تەفرەداو لێرەو لەوێ بوونەتە فۆرمی هاوپێچی دەسەڵات و بەكردەوە دەیسەلمێنن كە ئەوان دژی دەسەڵات نین و لە هەوڵی قۆرخكردنی گۆڕەپانەكەدان بە ئاراستەی خزمەتی ئەحزابی دەسەڵاتدار و خەڵكیان بێهیواكرد لە بوونی ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە  كە بتوانێ‌ واقعی سیاسی وەك خۆی بخاتە ڕوو كەهەیە ، نەك ڕاكەڕكی بێت بە دوای دەسەڵات و پلەوپۆستدا وەك ئەوەی لە چەند ساڵی ڕابردوودا تێبینی كرا و زۆركات ژمارەیەك پرسی لاوەكی زیاتر لەپرسە ستراتیژییەكان سەرنجی ئۆپۆزسیۆنی راكێشاوە، میدیا ئۆپۆزسیۆن بە بایەخەوە قیرتاونەكردنی كۆڵانێك وەك هەواڵی پلەیەك بڵاودەكاتەوە بەڵام سەربەخۆ نەبوونی دادگا ناكات بە بابەت كە سەرچاوەی گەورەترین و تاریكترین جۆری نادادپەروەرییە

گەڕانەوە بۆ پرەنسیپە ئەخلاقیەكانی سیاسەت و ڕیفۆرمی دەزگاكان و قانون و قەواعیدی وەزیفیی گرنگترە لە پرسی هەڵچوون و ئەنجامدانی كردەی قێزەونانەی ڕاكێشانی پێڵاو ئەنجامدانی بێڕێزی ، یان ئۆپۆزسیۆن بیت و بتەوێ‌ لە ڕێگەی بەكارهێنانی وشەی نەشیاوەوە بە دەسەڵات شەقام بجوڵێنیت و بە هوتاف كێشان ئۆپۆزسیۆن بوونی خۆت بسەلمێنی ، لە كاتێكدا ئەجێنداو پڕۆژەی بەدیل بابەتێكی زۆر لەوە گرنگترە كە بتەوێ‌ بە ئاسانی خۆڵبكەیتە چاوی خەڵكی و تەنها توێكڵی كێشەكان پێشاندەی ، لەگەڵ ئەوەشدا  ئۆپۆزسیۆن بوون بە بەهەدەردانی سامانی نیشتیمانی و شاردنەوەی گەندەڵی و ساختەچێتی و داگیركاری ماف و داخوازی خەڵك و بزنسی ناڕوون نابێتە ئەلتەرناتیڤ و بەدیلی دەسەڵات و پڕۆژەی بەدیل و دەنگهەڵبڕینی ناوپەیج و ئەكاوەنتە ساختەكانیش نابێتە مایەی كەمكردنەوەی كێشە و گرفتی خەڵك و نەهێشتنی ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی 

گرفتە قوڵەكانی كۆمەڵگای كوردی بەتەنها بریتی نییە لەوەی سیستمێكی سیاسی دیموكرات لەئارادا نییە، بەڵكو دواكەوتوویی ژیانی كۆمەڵایەتی و پێشێلكردنی ماف و ئازادییەكانی مرۆڤی كورد وەك تاك گرفتی هەرە قووڵ و راستەقینەیە، بۆیە پێویستە بوونی ئۆپۆزسیۆن لەكوردستاندا بوونی بەرگریكردنێكی راستەقینە بێت لە ماف و داخوازیە ڕەواكانی خەڵك و ئەو پێشێلكاریە زەقانەی كە ڕۆژانە دەكرێتە سەر ئیرادە و شكۆی تاك ، نەك بازرگانی كردن و داگیركاری و بڵاوكردنەوەی بەڵێنی وەهم و دروستكردنی قەرەباڵەغی و شێواندنی ڕەفتاری تاك و سوككردنی كۆمەڵگا 

 

 

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا