هیوا عومەر

ژینگە بووەتە پرس و بابەتێكی هەنووكەیی و جیهانی. هەروەك چۆن سیستەمی سەرمایەداری بووەتە هۆكاری پیسبوون و مەترسی گەورە لەسەر ڕەگەزەكانی ژینگە و گەرمبوونی گۆی زەوی لەسەر ئاستی جیهاندا، لە بەرامبەر ئەوەشدا پرس و خەمی پاراستنی ژینگە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەبێتە پرسێكی سیاسی و كۆمەڵایەتی.

 سەرەڕای بوونی چەندین ڕێككەوتننامەی جیهانی و هەوڵی ڕێكخراوەكان و بزووتنەوە چەپەكان لە جیهاندا، بەڵام هێشتا نەتوانراوە بەر بەم مەترسییە گەورەیە بگیرێت. لەگەڵ زیاتر هەڵكشانی ناڕەزایەتییەكان و خۆڕێكخستنیان، خەریكە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو جۆرێك لە لغاوكردنی زیاتری سیستەمەكە نزیكتر دەبینەوە.

هەموو ئاماژەكان ئەوە نیشان دەدەن كە هەرسێ ڕەگەزە سەرەكییەكەی ژینگەی كوردستان (ئاو، هەوا، خاك) بەرەو پیسبوونێكی مەترسیدار دەڕوات. پیسبوونەكە چۆتە ئاستێك، سەرەڕای خۆدزینەوەی بەرپرسان لە دانانی وێستگەی چاودێریی گازی پێویست (gas monitoring station) تاوەكو پەیتی ماددە پیسكەرە هەواییەكان (گاز و تەنۆچكەكان) پێوانە بكرێت و بەدواداچوونی بەردەوام هەبێت لەسەر كواڵێتی هەوا بە شێوەی پێوەری جۆری هەوا (Air Quality Index). ئەمەش بە ئەنجامدانی ڕووپێوی هەوا تاوەكو هاووڵاتییان و لایەنە پەیوەندیدارەكان بە ئاگا بن لە جۆری هەواكە و ئاستی پیسبوونی، هەروەكو هاوشێوەی نەبوونی شەفافیەت و زانیاری لە كەرتی نەوت و داهات و مەلەفەكانی مافی مرۆڤ.

لەم ساڵانەی دواییدا، دۆخی پیسبوونی ژینگەی هەرێمی كوردستان بووەتە بابەتی ڕێكخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەكان وئەمەش دوای ئەوەی  چۆتە ئاستێك كە هاووڵاتییەكی سادەش تەنها بە تەماشاكردنی (هەوا، خاك، ئاو)ی كوردستان هەست بە پیسبوونی مەترسیداری ژینگەكەی دەكات. سەرەڕای هەڵكشانی زیاتری داتاكانی نەخۆشییە مەترسیدارەكانی وەك شێرپەنجە و سییەكان و ئەوانی دیكە كە ڕاستەوخۆ پەیوەندیدارن بە پیسبوونی هەوا و ڕەگەزەكانی تری ژینگە، هەروەك چۆن ڕاپۆرتەكانی دوێنێ باسی ئەوە دەكەن شاری هەولێر پیسترین شارە لەسەر ئاستی عێراقدا. بە هەمان شێوەش، ڕاپۆرتی ئەنجومەنی شێرپەنجەی عێراق، هەولێر لە تۆماركردنی شێرپەنجە لە ئاستی عێراقدا لە ڕیزبەندی یەكەم ئەژمار دەكات، بەپێی ئامارەكان كە لە ماڵپەری ڕووداو بڵاوی كردۆتەوە تەنیا لە نەخۆشخانەی نانەكەلیی هەولێر لە ساڵی 2020 بۆ 2023 رێژەی تووشبوون بە شێرپەنجە 35.6% زیادی كردووە. رێكخراوی تەندروستیی جیهانش دەڵێت، پیسبوونی هەوا یەكێكە لە هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە.

ئەوە لە كاتێكدایە هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر، وەك وڵاتانی تر، هەرێمێكی پێشكەوتوو و پەرەسەندوو نییە لە ڕووی پیشەسازییەوە. بە پێچەوانەوە، هەرێمێكی بەرخۆری ئیستیهلاكی بەكاربەرە. ئەوەی وایكردووە ژینگەكەی پیس ببێت، جیاواز لە ئەزموونی وڵاتانی تر، گەشەسەندنی پیشەسازی نییە كە سوودی هەبێت لە بووژاندنەوەی ژێرخانی ئابووری، بەڵكو وەك هەرێمێكی ئابووری بەرخۆری پاشكۆی سەرمایەداری جیهانییە.

ئەوەی وایكردووە بەتایبەتی ڕەگەزی هەوای شار پیسترین هەوا بێت لەسەر ئاستی عێراقیش، بە پێی بەدواداچونە مەیدانییەكانمان بریتییە لە بوونی سەدان پاڵاوگەی نایاسایی و زیاتر لە دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل و هەزاران مۆلیدەی كارەبا و سەدان كاروانی گواستنەوەی نەوت بە تانكەر و سووتاندنی گازی كێڵگەكانی نەوت و سووتاندنی زبڵ و پاشماوەكانی. هەموو ئەوانەش بەشێكە لە لێكەوتەكانی ئەزموونێكی خراپ لە بەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان.

ڕوونتر، هەروەك چۆن دەسەڵاتی سیاسی بەرپرسە لە دۆخی زیاتری ناعەدالەتی كۆمەڵایەتی و بڵاوبوونەوەی فۆرمە جیاوازەكانی جەور و ستەم لەسەر هاووڵاتییان، هەروەهاش بەرهەمی ئەم جۆرە لە حوكمڕانی، پیسبوون و تێكچوونی ژینگەی كوردستانە. لە وەها دۆخێكدا، سەرڕێخستنی بزووتنەوەیەكی سیاسی و كۆمەڵایەتی بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی لە بارەی دۆخی ژیان و ژینگەكەمان، دەبێتە بابەتێكی ژیاری پێویست و هەنووكەیی.

وتاری نووسەران


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا