هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) رایانگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە، رووبەڕووی دوو هەوڵی هێرشی یەک لە دوای یەکی هێزەکانی حکومەتی سووریا لە بەرەی سرینی باشووری کۆبانێ بوونەتەوە و تێکیانشکاندوون.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لە راگەیێندراوێکدا باس لە پێکدادانەکانی کاژێر 03:00ـی بەرەبەیان تاوەکو 06:00ـی بەیانیی رۆژی سێشەممە دەکات، دەڵێت: "هێزەکانمان بە ئازایەتی و توانایەکی بەرزەوە بەرپەرچی هێرشەکانیان دایەوە."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە پێکدادانەکانی بەرەی سریندا "ژمارەیەکی زۆر لە ئۆتۆمبێلی سەربازی و زرێپۆشی هێزەکانی حکومەتی سووریا تێکشکێندراون و سەرنشینەکانیان کوژراون."
هەسەدە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە بەرەی "ئەبو سوڕە"، هێزەکانیان بە وردی گورزێکیان لە کاروانێکی سەربازیی هێزەکانی حکومەتی سووریا داوە و ناچاریان کردوون "بکشێنەوە و هەڵبێن."
هاوکات لە بەرەی گوندی "خان مامەد" لە باشووری رۆژهەڵاتی کۆبانێ، هەوڵێکی دیکەی پێشڕەوی تێکشکێندراوە و "دوژمن گورزی کەمەرشکێنی بەرکەوتووە و پلانەکەی شکستی هێناوە و ناچار بە کشانەوە کراوە."
هێزەکانی سووریای دیموکرات و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) جەختیان لە "ئامادەیی تەواو بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر دەستدرێژییەک" کردووەتەوە و رایانگەیاندووە، "بەردەوام دەبن لە بەرگریکردن لە گەل و خاکەکەیان." هەسەدە بەڵێنی بڵاوکردنەوەی وردەکاریی زیاتری لە کاتێکی دواتردا داوە.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسی، رۆشنبیری، گشتییە ئۆرگانی حزبی شیوعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا