
بە پشتبەستن بەو زانیارییە فەرمییانەی لەلایەن دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراونەتەوە، کە پشتڕاستی دەکەنەوە لە (١٧ی ئابی ٢٠٢٦)دا، بارەگای نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و شوێنی نیشتەجێبوونی بەڕێوەبەری دەزگای ئاسایش لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.
ئێمە لە کۆڕبەندی چەپی کوردستان، بە توندی ئیدانە و شەرمەزاری ئەم دەستدرێژییە ئاشکرایەی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین. ئەم هێرشە ڕووداوێکی دابڕاو نییە، بەڵکو درێژکراوەی زنجیرەیەک پەلامارە کە باشووری کوردستان دەکاتە ئامانج و بووەتە هۆی شەهیدبوونی دەیان پێشمەرگە و هاووڵاتیی مەدەنی.
ئەم پەلامارە دووبارەبووانە، سەرەڕای ئەوەی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی فەرمیی خۆی بە بێلایەنی لەم جەنگەدا ڕاگەیاندووە، بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە ڕژێمی ئێران لە دەستکەوتە مێژووییەکانی گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستان نیگەرانە و ئەمە هەوڵێکی ترسنۆکانەیە بۆ سەپاندنی هەژموون و نفوزی خۆی لە هەرێمی کوردستان لەسەر حیسابی سەقامگیریی ناوچەکە.
ئێمە داوا لە سەرجەم جەماوەری گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و لە دەرەوەی وڵات دەکەین، بە یەک ڕیزی بەرگری لە ئەزموونی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەن و پاراستنی ئەم ئەزموونە و سەقامگیرییەکەی بە بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و نیشتمانیی هاوبەش دەزانین کە دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان.
هەروەها هەموو جۆرە دەستدرێژی و تیرۆرێک ڕەت دەکەینەوە و جەخت لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕی خۆمان دەکەینەوە بۆ چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکی و قەیرانەکانی ناوچەکە لە ڕێگەی ئاشتیانە و دیالۆگی گشتگیرەوە، بە جۆرێک مافی گەلان و سەقامگیرییان مسۆگەر بکات.
داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا و سەرجەم دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، کۆتایی بە بێدەنگیی خۆیان بهێنن و هەڵوێستێکی ڕوون و توند بگرنەبەر بۆ ئیدانەکردنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ڕاگرتنی دەستبەجێی ئەم پێشێلکارییانەی کە ئاسایش و ئاشتیی ناوچەکە دەخەنە بەردەم مەترسییەوە.
کۆڕبەندی چەپی کوردستان
١٨/٨/٢٠٢٦
