
سەروتاری رێگای كوردستان
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستاندا، کەوا چاوەڕوان دەكرا لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلی كوردستاندا كۆتایی بە بنبەست بهێنرێت؛ بەڵام بەگەڕخستنەوەی پەرلەمانی كوردستان بەبێ ڕێككەوتنێكی نیشتمانیی گشتگیر، نەك چارەسەری قەیرانەكانی نەکرد، بەڵکو لێكترازانی سیاسیی قووڵتر كردەوە، كە پێویستی بە هەوڵێكی زیاترە تا گەیشتنەوە بە خاڵی سەرەتا.
هەرێم پێویستی بە دامەزراوەیەكی یاسادانانە كە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی هەموو دەنگدەران بێت بە بەشداریی سەرجەم فراكسیۆنە سەركەوتووەکان، نەك ببێتە مەیدانی شكاندنی ئیرادەی سیاسیی یەكتر و رێزنەگرتن لە دەنگی هاووڵاتییانیش؛ ئەم كارتەش بە شێوەی جۆراوجۆر لەلایەن هەردوو لایەنی ڕكابەرەوە پەیڕەو كراوە لە رابردوودا و لە ئێستاشدا. دیموكراسی تەنها زۆرینە و كەمینە نییە، بەڵكو ڕەخساندنی هەلی لەبارە بۆ بەشداریی سیاسیی هاووڵاتییان و دواتریش بۆ لایەنە سیاسییەکان بە شێوەیەكی دادپەروەرانە.
لە كاتێكدا ناوچەكە و جیهان لەبەردەم شەڕ و ئاڵۆزیی مەترسیداردایە، پاراستنی گەل و نیشتمان پێویستی بە كردار و گوتارێكی هاوبەش هەیە. چارەسەری ڕاستەقینە تەنها لە ڕێگەی داننان بە كێشەكان، گەڕانەوە بۆ مێزی گفتوگۆ و سازانی نیشتمانییەکان بەدی دێت، تا ئەركە نەتەوەیی، كوردستانییەکان و گشتییەکان بخرێنە سەرووی ململانێ و بەرژەوەندییە كەسی و حزبییەکانەوە.
ڕاستیی مەترسیدار ئەوەیە كە قەیرانی بنەڕەتیی هەرێم تەنها لە ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتیدا قەتیس نەبووە؛ كێشە گەورەكە لە دابڕان و دژایەتیی بەرنامەی سیاسی و ئابووریی هاوپەیمانیی حوكمڕاندا لەگەڵ بەرژەوەندی و بژێویی ڕاستەقینەی هاووڵاتییاندا هەیە. حوكمڕانییەك كە دادپەروەری و مافی خەڵك فەرامۆش بكات، بە هەنگاوی یەكلایەنە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی تەنگژەكانی نابێت.
بەبێ ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ بەشداریی سیاسیی ڕاستەقینەی خەڵك، بەهێزكردنی ڕۆڵی دامەزراوەكان و هێنانەدی حوكمڕانیی باش، ناتوانرێت ڕێگری لە داڕمان بكرێت. پەرلەمان كاتێك دەبێتە نوێنەری ڕاستەقینەی خەڵك كە بەرهەمی ڕێككەوتنێكی نیشتمانی بێت و بەرژەوەندیی گشتی لە سەرووی هەموو دەسەڵاتێكەوە دابنێت.
ئەزموونی هەرێمی كوردستان بەرهەمی ڕەنجی تێكۆشەران و شەهیدانی كوردستانە، ئەركی هەموو لایەكمانە ڕووبەڕووی بیری دابەشكاری، دوو زۆنیی حزبی و دابەشكردنی كوردستان ببینەوە.
